درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پاریس دەنگی دایەوە
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، سەدان ژن و پیاو بە پێشەنگایەتی تەژەکە_فەرەنسا ڕێپێوانیان کرد. جەماوەر بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" توندوتیژیی سەر ژنانیان شەرمەزار کرد.
ناوەندی هەواڵ
سەدان ژن و پیاو بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی کوردی فەرەنسا لە گۆڕەپانی ڕیپەبڵیکی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبوونەوە، دژی توندوتیژیی سەر ژنان ڕێپیوانیان کرد. چالاکوانان پانکارتیان بە نووسینی "ژن کۆیلە نییە" و "نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان" و "ژنان پیرۆزن" هەڵگرت و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شەقامەکان دەنگی دایەوە.
دوای ڕێپێوانەکە، وتەبێژی تەژەکە_فەرەنسا وتەیەکی پێشکەشکرد، جەختی کردەوە کە توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان پێشێلکارییەکی سەرەکیی مافەکانی مرۆڤە لەسەر ئاستی جیهان، وتی: ئەمە تەنها تراژیدیایەکی تاکەکەسی نییە، کێشەیەکی سیستەماتیکە. تێکۆشانی ئێمە، هۆکار و بناغەی هەبوونی ژنانە.
هەروەها جەختی کردەوە کە فشارەکانی شەڕ و نایەکسانیی ئابووری و سیستەمی باوکسالاری، ژنان دەکەنە ئامانج؛ بەتایبەت قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو بارێکدا دەکەونە سەر شانی ژنان.
ڕێپێوانەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و هەلهەلە کۆتایی هات.