بە ئامانجی ناساندنی هونەر گەلەری ڤالا لە لایەن چەند ژنێکەوە کرایەوە

لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەندین شێوەکار و هونەردۆستێک، ''گەلەری ڤالا'' بۆ ناساندنی کاری پێنج شێوەکاری ژن، بۆ ماوەی مانگێک کرایەوە.

سلێمانی

 

دوێنێ ٢٢ی تشرینی دووەم، لە کارگەی کولتووری جگەرەکەی سلێمانی، لە لایەن پێنج ئەندامی ڕێکخەرو بە ئامادەبوونی چەندین شێوەکار و وێنەکێش، بۆ زیاترلە ٣٠ وێنە و پەیکەری شێوەکاری پێشانگایەکی هونەری کرایەوە، کە تاکو ٢٢ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت و ئامانج لێی ناساندنی هونەری وێنەکێشی و شێوەکاری ژنان و گەنجانی شارەکەیە.

 

"هونەری شێوەکاری لە لایەن ژنانەوە پەرەی پێدەدرێت"

نوا مەحموود، شێوەکار و ئەندامی رێکخەری گەلەری ڤالا باسی لەوەکرد، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە پێنج شێوەکار لە کارگەی کولتووری جگەرەکە، بەردەوام کار بۆ کردنەوەی پێشەنگایەکی شێوەکاری دەکەن، هەروەها لە ناو شێوەکارەکاندا چەندین ژن بە کاری سیرامیک و وێنەکێشان بەشداریان کردووە، کە شێوەکاری سەرەتایی و بە ئەزموونی تێیدایە، کە ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم پێشەنگایە هێنانە ناوەوەی شێوەکاری نوێی و ژنە، هەروەها زیاتر لە سێ ژن بە دیاریکراوی بە کێشانی وێنە و تابلۆ بەشداریان تێداکردووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: گەلەرییەکەمان ناوی ڤالایە، کە ناوێکی کوردییە هاوشێوەی نوبار کوردییە، کە ئامانجمانبوو ناوێکی کوردی پەتی بەکار بهێنین، کە بەمانای نوێبونەوە دێت، ئەم گەلەرییە بە دیاریکراوی ماوەی زیاتر لە ٣٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بۆئەوەی گەنجان بە تایبەت ژنان ئاشنای کاری شێوەکاری بکەین.