دێرسیم... کچە ونبووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی جێبەجێنەکراو
چیرۆکی ئەو ژن و منداڵەکچانەی کە لە کۆمەڵکوژی دێرسیمدا کرانە ئامانج، تا ئەمڕۆش تا ڕادەیەکی زۆر بە نەگێڕانەوە ماونەتەوە. لە کاتێکدا، چارەنووسی "کچانی ونبوو" بە نهێنی ماوەتەوە.
ساریا دەنیز
ناوەندی هەواڵ-سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی دێرسیمدا، ژنان بەردەوامن لە هەڵگرتنی باجی ئەو کارەساتە مێژووییە. لەم وێرانکارییە بێئەندازەیەدا کە زۆر لە تۆمارە فەرمییەکان زیاترە، زیانەکان تەنها لە ژیانی لەدەستچوودا سنووردار نەبوون، ئەوان ژیانی ڕەگ هەڵکێشراو و منداڵانی دەربەدەر و ئەو ژنانەی لەخۆگرتبوو کە بە ئەنقەست ئاسەوارەکانیان بەهۆی کارنامەی سیاسییەکانەوە سڕدرابوونەوە، هەموویان لە بێدەنگییەکی قووڵدا نێژرابوون.
بە تایبەتی چارەنووسی ئەو ژنانەی کە بە "کچانی ونبوو" ناسراون، تا ئەمڕۆش، دوای دەیان ساڵ، بە نادیاری ماوەتەوە، کە بە ڕوونی نەبوونی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەم ڕابردووەدا ئاشکرا دەکات.
ئەوەی لە دێرسیم ڕوویدا تەنها کۆمەڵکوژییەک نەبوو، ئەوە درزێکی فرەلایەنە بوو کە هەوڵی دەدا ژنان لە یادەوەریدا بسڕێتەوە. ژنان لەو سەردەمەدا ئامانجی ڕاستەوخۆی توندوتیژی بوون و لە هەمان کاتدا وەک پارێزەری یادەوەری بەکۆمەڵ بێدەنگ کران. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە ژنان خۆیان بوون کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ئەو شتانەیان گواستەوە و زمانی خەم و بەرەنگارییان پاراست، هەر شایەتحاڵێک کە ئەمڕۆ دەگێڕدرێتەوە، هەموو هاواڕێک، هەموو کردەوەیەکی یادکردنەوە، دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم بێدەنگییە هەرگیز بە تەواوی بەدی نەهاتووە.
ژن: هەڵگری ژیان و یادەوەری
ژنانی دێرسیم تەنها شایەتحاڵ نین، بەڵکو بریکاری بناغەین لە درێژەی بەرخۆدان و باوەڕ و ناسنامەدا، بەپێی باوەڕەکانیان، ژنان هەڵگری ژیانن و لەو قۆناغە مێژووییەدا ئەم ڕۆڵەیان بینیوە، وەک هێزی سەرەکی لە پاراستنی یادەوەری بەکۆمەڵدا خزمەتیان کردووە.
لە نێوان شەڕ و دەربەدەری و نکۆڵیدا، ئەم ژنانە توانیان ئامادەیی خۆیان بپارێزن، ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو بەڵکو بۆ بونیادنانەوەی داهاتووش بە بناغەی دادەنرێت.
کۆمەڵکوژییەک بەبێ گرنگییەکی سەرەکی
لە دێرسیم کە بە یەکێک لەو شارانە ناسراوە کە دەسەڵاتداران سەرەڕای دووبارەبوونەوەی هەڵمەتە سەربازییەکان نەیانتوانی چۆکیان بخەن، یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی تورکیا لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٨دا ڕوویدا: کۆمەڵکوژی دێرسیم کە بە "ترتيله" ناسراوە.
هەموو خێڵەکانی دێرسیم فەرمانیان پێکرا کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، دواتر لە ٢٥ی کانوونی یەکومی ١٩٣٥، یاسای ژمارە ٢٨٨٤ کە بە "یاسای بەڕێوبەری پارێزگای تونجەلی" ناسراوە دەرچوو، کە هەڵمەتێکی "سزادان" و "سەرکوت"ی دەستپێکرد. هەروەها ناوی پارێزگاکە بە فەرمی گۆڕدرا بۆ تونجەلی.
بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە ٤ی ئایاری ١٩٣٧، تۆمارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن، کە نزیکەی ١٣ هەزار کەس کوژراون، لەکاتێکدا خەمڵاندنە نافەرمییەکان ژمارەکە دەگەیەنێتە ٧٠ هەزار کەس، ئەم کۆمەڵکوژییە بە یەکێک لە خوێناویترین و دڕندەترین ڕووداوەکانی مێژووی کۆمار دادەنرێت و وەک هەوڵێک بۆ جینۆساید بە ئامانجگرتنی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی دادەنرێت.
بەگوێرەی داتا فەرمییەکان ١١٨١٨ کەس دیپۆرتکرانەوە بۆ ڕۆژئاوای تورکیا، هەرچەندە هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ژمارە ڕاستەقینەکە لەوەش زیاتر بووە.
بەئامانجکردنی ژنان و منداڵانی کچ
بە پێی ئەو باوەڕانە، ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا پێگەیەکی ناوەندی و پیرۆز داگیر دەکەن، ڕۆڵی پارێزەر و بەخێوکەر دەگێڕن، بە یەکسانی پیاو دادەنرێن و ڕۆڵیان تەنها لە دایکایەتیدا سنووردار نییە، ئەوان وەک هەڵگری ئەقڵ و ویژدان و یادەوەری بەکۆمەڵ سەیر دەکرێن، جگە لە ڕۆڵیان وەک ڕێبەرێکی ئایینی، بەشدارن لە گواستنەوەی بەها و زانین لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ژنان و منداڵانی کچ لە ئامانجە ڕاستەوخۆکانی ئەم کۆمەڵکوژییە بوون.
توندوتیژییەکان تەنها لە سیاسەتی نەتەوەیی و ئایینیدا سنووردار نەبوون، هەروەها ڕەهەندێکی ڕەگەزی وەرگرت، ژنان تووشی جۆرە توندوتیژییەکی ترسناک بوون، لەوانە ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی و تەنانەت بڕینی تەرمەکانیان، ئەم تاوانانە بە هەموو پێوەرێک بە نامرۆڤانە و هەڕەمەکی پێناسەکراون.
ئەو منداڵە کچانەی کە بە زۆر دوور خرانەوە
لەگەڵ کۆمەڵکوژیی دێرسیم، ڕاستی منداڵانی کچی جیابووەوە لە خێزانەکانیان هاتە ئاراوە، بابەتێک کە دەیان ساڵە باسی لێوە دەکرێت. دوابەدوای "ترتيله"، زۆرێک لە منداڵانی کچ بە زۆر لە خێزانەکانیان وەرگیران و ڕادەستی سەربازەکان کران، هەندێکی تریش ڕەوانەی بەشەناوخۆییەکان کران. بەم شێوەیە منداڵە کاچەکان لە ڕەگەوە هەڵکێشران و کەوتنە ژێر پرۆسەیەکی توند و سیستماتیکی ئاسمیلەکردنەوە.
هەوڵەکانی ئەو خێزانانە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکانیان بە درێژایی نەوەکان بەردەوام بوو و "کچانی ونبووی دێرسیم"یان کردە سیمبولی خەمێکی بێکۆتایی، ئەو حیساباتانەی لەو قۆناغەوە تا ئێستا سەریان هەڵداوە، زۆر ڕاستییان ئاشکرا کردووە.
"هەرکەسێک لە ژیاندایە با هەستێتەوە"
شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە، ئیشیلە جێجا ”کە لە ساڵی ٢٠٢٣ کۆچی دوایی کردووە”، ئەزموونەکەی دەگێڕێتەوە و وتی: لە مەیدانی دروێنە خەڵکیان کۆکردەوە، دۆشکەیەک هەبوو، خەڵک دەستیان بە هاوارکردن کرد، هەندێکیان هەڵهاتن، هەندێک خێزان منداڵەکانیان شاردەوە و ڕزگاریان بوو، پیاوەکانیان لە ژنەکان جیاکردەوە و دەیانوت ئێوە دەبەین بۆ سەرەوەی شاخ بۆ وێنەگرتن، ئێمە منداڵ بووین، دەگریاین و داوای نان و ئاومان دەکرد،
هەندێک سەرباز لە کاتی تێپەڕیندا دەگریان و هەندێکی تریش بە نهێنی ئاو و نانیان پێداین، دایکم منی و براکەمی شاردەوە، بەڵام ڕمێک بەر پشتم کەوت کە ئێوارە هات، ژنێکی گەنج هات و وتی: با هەرکەسێک لە ژیاندایە هەستێتەوە.
"هێشتا هاوارەکانی منداڵەکان لە گوێمدا دەنگ دەدەنەوە"
وەک ئەخجە نینی ”ئامینە کولاحجی” کە لە کاتی کۆمەڵکوژیەکەدا منداڵ بوو، دەگێڕێتەوە، خێڵی دیمنان و حەیدەرانیان کۆکردەوە و هێنایان بۆ گوندەکەمان، دواتر وتیان خێڵی ئالان جیا بکەنەوە، ئەوان بردیانە ناوچەی کیرتە مەزغیر و لەوێ هەموویان کوژران تا ئەمڕۆش هاوارەکانی منداڵەکان لە گوێمدا دەنگ دەدەن.
"مەیدانی گوندەکە وەک کێڵگەیەکی تەرمی مردوو بوو"
فاتمە بەیرەکدار وتی: چل سەرباز هاتنە گوندەکەمان و چەکەکانیان کۆکردەوە، چەند ڕۆژێک دواتر دەستیان کرد بە گەمارۆدانی خەڵک، لە دەمیرکابۆ سەدان گوندنشینیان گەمارۆدا، ئێمە منداڵ و ژنەکان بەرەو دارستانەکان هەڵاتین، ئەوانەی هەڵنەهاتن لەسێدارەدران. مەیدانی گوندەکە وەک کێڵگەیەکی تەرم بوو.
وتیشی: سەبارەت بە چیرۆکی ئەو دوو منداڵە کچە، ناجیە و خاتون، منداڵانی کچی یەکێک لە سەرکردەکان، ئەفسەرێک داوای لێکردن یەکێکیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا بکەن لە بەرامبەر لێخۆشبوونیان، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە و وتیان: ئێوە خێزانەکەمانتان کوشتووە، ئێمەش پێمان باشە خوێنمان تێکەڵ بە خوێنی کەسوکارمان بێت نەک ڕازی بین، بۆیە لە سێدارەیان دان.
لاپەڕەیەک لە مێژوو کە داناخرێت
ئەمڕۆ دوای دەیان ساڵ، کاریگەرییەکانی ئەوەی لە دێرسیم ڕوویدا، هێشتا ئامادەن. ئەو یادەوەرییەی کە ژنان هەڵیدەگرن، تەنها ئازارەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکو بناغەی داواکارییەکانی دادپەروەری و ڕاستی و لێپرسینەوەشە.
تا چارەنووسی "کچانی ونبوو" بە نادیاری بمێنێتەوە و تا توندوتیژی ڕەگەزی بێ چەواشەکاری بمێنێتەوە، ئەم مێژووە داناخرێت. خەباتی ژنان ئەمڕۆ بەردەوامە نەک تەنها بۆ بیرهێنانەوەی ڕابردوو، بەڵکو بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و دڵنیابوون لەوەی کە هەرگیز کارەساتی لەو شێوەیە دووبارە نەبنەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە ژنانی ئەم خاکە بەردەوامن لە بەرخۆدانی بێوچانیان.