"کەسانێک مەبەستیانە دەستکەوتەکانی ڕێکخراوەکان بسڕنەوە"
چالاکوانێکی ژنان ڕەخنە لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە بە هۆی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان دەیانەوێت دەستکەوتەکانی ڕێکخراوەکان بسڕنەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەهار مونزیر، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان و چالاکوانی ژنان، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان لەسەر هەموواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان ڕەخنەی لە لیژنەی ژنانی ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گرت و وتی: "زۆر وتمان واز لە هەموواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ بهێنن، وەك چاکی ناکەن خراپی مەکەن، چی وایکرد ئێوە ئەم کارە بکەن، پێتان وانیە ئێوە هۆکار بن بۆ ئەم هەموو گفتوگۆ نا پێویستە لەناو پەرلەمانتاران؟ ".
ئاماژەی بەوەکرد کە کەسانێک دەیانەوێت دەستکەوتەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان بسڕنەوە و وتیشی: "من پێموایە دەبوو ئەم پڕۆژەیە نەچێتە بەردەم ئەە کەسانەی فرسەتیان هێنا دەردی دڵیان بە یاساکە بڕێژن، گوێمان لێیان بوو چۆن هێرشیان کردە سەر ماف و ئازادی کە هەوڵی ١٠ ساڵی کاری ڕێکخراو و پەرلەمانتارە مەددەنیەکانی خولەکانی پێشووتر بوو، میدیا پیاوسالارەکان گرنگیان دا بەوەی کەسانی دژە ژن بهێنن و مایکی بخەنە بەردەم، بەداخەوە ئێوە بێباکانە هاتن و خستانە بەردەم کەسانێک کە لێ تێناگەن هەروەها کەسانێک کە مەبەستیانە دەستکەوتەکانی ڕێکخراوەکان بسڕنەوە".
"بەو هیوایەی جمهوری ئیسلامی بڕوخێت"
بەهار مونزیر لە کۆتایی قسەکانیدا وتویەتی: "ئەوانەی ئاوا قسە دەکەن کەسانێکن کۆمەڵگە پەلکێش دەکەن بۆ دواوە، بۆیە من وەک چالاکوان ڕەخنەتان لێدەگرم، بەوهیوایەی جمهوری ئیسلامی بڕوخێت تاکو کاریگەری لەسەر ئێرەش دابنێت ئەو کات کەس نەتوانێت ئاوا بێباکانە و بە ڕوونی بوەستێتەوە لەبەرامبەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و بزوتنەوەی ژناندا".