دەم پارتی بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدیەکان بانگەوازی کرد

دەم پارتی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی تورکیا کرد کە دان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا بنێن.

ناوەندی هەواڵ

 

 

یوکسەل موتلو، هاو وتەبێژی کۆمیسیۆنی گەل و باوەڕییەکانی دەم پارتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە هێرشەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی چەتەکانی داعش دژی گەلی ئێزدی لە شنگال، بە پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمارکراوە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ئەنجامی ئەم دڕندەییەدا زیاتر لە ٥ هەزار خەڵکی ئێزدی کوژران، بەهەزاران کەسیان ڕفێندران، هەروەها ژن و منداڵ کرانە کۆیلە و بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە دران، دوای ١١ ساڵ هێشتا زیاتر لە هەزار ژن و منداڵی ئێزدی بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، هەرچەندە ئەم هێرشانە بۆ سەر گەلی ئێزدی لەلایەن هەندێک لە دامەزراوە نێونەتەوەیی و حکومەتەکانەوە بە جینۆساید ناسێندراون، هێشتا ئیرادەیەکی گشتگیر و پابەند بۆ دانپێدانانی لە ئاستی گشتی نێونەتەوەییدا نەبووە.

 

دەم پارتی بە هۆشداری لەوەی کە شەنگال هێشتا لەژێر هەڕەشەدایە، ڕایگەیاند: "ئێمە ئەو جینۆسایدەی کە لە دژی گەلی ئێزدی ئەنجامدرا، ئیدانە دەکەین و جارێکی دیکە بە ئازارێکی قووڵەوە ئەو کەسانەی کە لەم جینۆسایدەدا بوونە قوربانی بەبیر دێنینەوە، هاوکات جەخت لەوە دەکەینەوە کە لەگەڵ گەلی دێرینی ئێزدی لە تێکۆشانیان بۆ دادپەروەری، حەقیقەت و ئازادی پشتیوانی دەکەین.

 

هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەوڵەتی تورکیا دەکەین، دان بەم جینۆسایدی گەلی ئێزدی دا بنێن و ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی شەنگال بگرن، هەروەها هاوکاربن لە دۆزینەوەی ونبووەکانی گەلی ئێزدیی و لەو بارەوە بۆ بەردەوامیی ژیانی ئێزدیەکان لە سەر خاکی خۆیان، بە ئازادی و ئارامی، بەرپرسیارێتی پێویست لە ئەستۆ بگرن.

 

ئەوانەی ژنان و منداڵانیان بە کۆیلە کرد و تاریکییان بڵاوکردەوە، لە لاپەڕە شەرمەزارانەکانی مێژوودا تۆمار کراون. ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەم تاریکییە بەرپرسیارێتی تەنها لەئەستۆی ڕابردوودا نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئێستا و داهاتوودایە. بۆ ئەوەی داهاتوو لە تاریکیدا نەمێنێتەوە، ئەرکی هەموو لایەکمانە ئەمڕۆ دەنگی دادپەروەری بەهێز بکەین، یادەوەری مێژوویی فراوانتر بکەین و لە بەرخۆدانی ئێزدییەکاندا بەشدار بین.