دۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیان لە مەترسیدایە
زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کورد کە تاکە ژنە لە زیندانەکاندا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە، لە ڕووی تەندرووستییەوە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لەسەر بارودۆخی زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کورد و سزاراو بە زیندانی هەتاهەتایی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کورد کە تاکە ژنە لە زیندانەکاندا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە، لە ڕووی تەندرووستییەوە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، زەینەب جەلالیان دوای ٢٤ کاتژمێر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی بە پێچەوانەی ئامۆژگاری پزیشکەکان و بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی چارەسەر گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندانی یەزد، نەبوونی خزمەتگووزاری تەندرووستی، خۆراکی ناپێویست و کەمی دەرمان باری جەستەیی خراپتر کردووە.
باس لەوەشکراوە، زەینەب جەلالیان ماوەیەکی زۆرە بەدەست خوێنبەربوونی ناوەکی، ئازاری درێژخایەن و کێشەی گورچیلەکان دەناڵێنێت، لە دوو مانگی ڕابردوودا بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانەکە کرا، بەڵام لە ئێستادا بەبێ چارەسەری پزیشكی لە زینداندایە.
هاوكات، زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ١٩٨٢ ـە و خەڵکی گوندی دێم قشڵاقی شارۆچکەی ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٠٧ لە دەروازەی شاری کامیاران دەستگیر کرا، لە ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ لەلایەن لقی ١ـی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەرعەلی مورادی بە تۆمەتی “چەکداری و هاوکاری و ئەندامێتی لە پژاک و پروپاگەندە دژ بە دەوڵەت” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ دادگای تێهەڵچوونەوە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەد عەلی ڕۆشنی سزای لەسێدارەدانەکەی پەسەند کرد.
جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ٢٠١١ پاش هەڵوێستی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەیاننامە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێکخراوی جیهانیی چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەوتی، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی یەزد کرا.