سەرەڕای ڕێگرییەکان لە سلێمانی بۆ ٤ی نیسان دار چێندرا
سەرەڕای ڕێگرییەکانی ئاسایشی سلێمانی لە چاندنی دار، دوێنێ لە سلێمانیش ٧٣ دار بۆ ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان چێندرا.
سلێمانی
دوێنێ، ٤ی نیسان بڕیاربوو لە هەواری شار لە شاری سلێمانی چالاکی دارچاندن بە بۆنەی ٧٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام ئاسایشی سلێمانی بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت ڕێگری کرد لە چالاکییەک کە بۆ خزمەتی ژینگە و سەوزکردنی شارە.
هەر ئێوارەی دوێنێ بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە گوندی قازانقایەی ناوچەی قەرەداغ ٧٣ نەمام وەک هێمایەک بۆ ٧٣یەمین ساڵیادی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان چێندرا.
سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بەیاننامەی بەشداربووانی چالاکییەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، "کات کاتی ئازادی سەرۆک ئاپۆیە، لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، لە دایکبوونی ڕۆحی بەرخۆدانە."
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "٧٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تەمەنی ڕێبەر ئاپۆدا، گەلەکەمان بە نوێبوونەوەی سروشت لە قەڵەمی دەدەن، لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، بە تەنها لەناو گەلی کورددا پیرۆز ناکرێت"، لەکۆتایی بەیاننامەکەشدا باس لە گرنگی ئەو ڕۆژە دەکات لەلای ژنان و وتی: ئەم ڕۆژە لای ژنان واتایەکی گەورە لەخۆدەگرێت، چونکە ژنانی کورد لە سایەی فکری ئۆجالاندا، بوونە خاوەنی هێز و پێگەی خۆیان، ساڵانە چالاکیەکانی ئەم یادە لە لایەن هێزەکانی ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرێت.
ماوەی ١٠ ڕۆژە چالاکییەکانی دار و نەمام چاندن لە چوارپارچەی کوردستان و بە تایبەت باشوری کوردستان بەبۆنەی ٧٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، کە ئەم ڕۆژە بە ژیانەوە لە قەڵەم دەدرێت و هاوکات بە چاندنی نەمام پارێزگاری و خزمەت بە سروشت و ژینگە و ژیان دەکرێت.
ت.پ