لە باکووری کوردستان دەوڵەت دەستی بە ڕەشبگیری کردووە
دوای ئەوەی دوێنێ لە دژی دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئیلح و خەلفەتی خەڵک ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی، پۆلیسی تورک زیاتر لە ١٠٠ کەسیان دەستگیر کردووە و ئەمڕۆش ئەو ڕەشبگرییە بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
لە دژی سەپاندنی قەیوم لە گەورە شارەوانی مێردین و شارەوانییەکانی ئیلح و خەلفەتی، لە چەندین ناوچە چالاکیی شەرمەزارکردن و گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەنجام درا و تا درەنگانی شەوی ڕابردوو گەل لە بەردەوام شارەوانییەکان مانەوە، پۆلیسی ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەش بە ئەشکەنجەوە دەیان کەسی دەستبەسەر کرد.
تەنها لە چالاکییە شەرمەزارکردنەکەی ئێلح ٧٥ کەس دەستبەسەر کران، تا ئێستاش ئازاد نەکراون، لەلایەکی دیکەشەوە پۆلیسی ڕژێم هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵ لە ناوچەی خەلفەتی ڕەحا و چەندین کەسیان دەستبەسەر کرد، کە ناوی بەشێک لەو کەسانە بەمشێوەیەیە: عادلە فیدان، محەمەد ئاڵگاچ، ئەلیف یاڵچین، بێریڤان کۆجائۆغلو، یوسف یەشیلتەپە، گورکان گۆکتاش، سەڤە یاڵچینکایا و موسا یاڵچینکایا.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی هاوڵاتییان لە مێردین و نۆ کەسی دەستبەسەر کرد و برانە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی مێردین. تا دێت ژمارەی دەستبەسەرکراوانیش لەلایەن ڕێژمی ئاکەپە-مەهەپە زیاتر دەبێت و بەشێکیان لە دوای لێدوان وەرگرتن لێیان ئازاد دەکرێن.