هاوسەرۆکی شارەوانی وان: کاتی کار و خەباتە

نەسلیهان شەدال، هاوسەرۆکی شارەوانی وان، هەڵسەنگاندنی بۆ سەرکەوتنی مێژوویی سەرهەڵدانی شاری وان کرد و وتی: وەڵامدانەوەی دیموکراسیانەی گەل سەرکەوتنی بەدوای خۆیدا هێنا، لەمەودوا دەست بە خزمەتگوزاری و بنیادنان دەکەینەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

وان- دوای چەند ڕۆژێک لە سەرهەڵدانی گەلی وان، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەنگاوێکی بۆ دواوە برد و بڕیاریدا مافی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی وان داتە عەبدوڵا زێدان، کە لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداردا بە بەدەستهێنانی ٪٥٥ی دەنگەکان هەڵبژێردرا، لە ڕۆژی ٥ی نیسانیشدا هاوسەرۆکانی شارەوانی وان، نەسلیهان شەدال و عەبدوڵا زێدان لە بینای شارەوانی وان دەستبەکار بوون.

 

نەسلیهان شەدال، هاوسەرۆکی شارەوانی وان باسی لەوەکرد، کە پرۆسەیەکی گرنگیان لە بەردەمدایە و دەبێت بە کەرامەتەوە خزمەتی گەل بکەن، چونکە گەلی کورد ساڵانێکە خەبات دەکات و خۆبەڕێوەبەرییە هەرێمییەکانیش دەستکەوتەکانی ئەم خەباتەن.

 

"خەڵک لە دەوری پارت و کاندیدەکانیان کۆبوونەتەوە"

نەسلیهان شەدال ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی وان ساڵانێکە دژی سیاسەتی قەیوم و مافە زەوتکراوەکانیان تێدەکۆشن، لەو پێناوەشدا لە دەوری پارتی دەم بونە بازنەیەک و ئەنجامەکەشی لە ٣١ی ئاداردا بینرا، وتیشی: بۆ ئەم خاوەندارێتی و ڕێکخستنە پێویستە سوپاسی هەموو هێزەکانی شار بکەین بە دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان و پارتەکان و گەنجان و ژنان و دایکانەوە، دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەم پارت، گەل پشتیوانییان لەو کاندیدانە کرد کە خۆیان هەڵیان بژارد و بەمەش ١٤ شارۆچکەی شاری وانیان بەدەستهێنا.

 

"سەرکەوتنی گەورەترمان بەخۆوە بینیوە"

نەسلیهان شەدال باسی لەوەشکرد، گەل سەرکەوتنێکیان بەدەستهێنا کە نموونەی کەمە لە مێژوودا، ئەم سەرکەوتنەش هەر ١٤ شارۆچکەکەی شاری وانی گرتەوە، ئەمە سەرکەوتنی گەل و ژنان و گەنجان و هەموو هێزەکانی ئەو شارەیە و وتیشی: ئێمە لە کاتی خەباتەکانماندا ئەم سەرکەوتنەمان بینی. دانیشتوانی شارەکە بە نزیکیی و هەوڵەکانیان تەنانەت پێش هەڵبژاردنیش نیشانیان داین کە ئەنجامەکەی سەرکەوتن دەبێت، دەسەڵات ویستی بەسەر ئیرادەی گەلدا قەیوم دابنێت، بەڵام گەل کاردانەوەی دیموکراسی خۆیان لە دژی قەیوم نیشاندا، سەرهەڵدانی مێژووی گەل سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، ئێمە ئەم سەرکەوتنە بە تەنیا بە هی وان نابینین، بەڵکو کاردانەوەی گەورەی لە وانەوە بۆ شارەکانی دیکە هەبوو، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە پێناو یەکسانی و دادپەروەری و گەلدا تێکۆشانیان کرد، ئەم پرۆسەیە دەکەینە خەباتێکی درێژخایەن و هەمیشەیی بۆ ئەوەی ئەم جوگرافیایە ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ خەڵک و ژنان و گەنجان، بەدوای ڕێگا و شێوازی نوێدا دەگەڕێین و ئێمە پێمان وایە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدارن لەم خەباتەدا، ئێمە لەسەر ئەم ڕێگایە بەردەوام دەبین.

 

لە کۆتاییدا نەسلیهان شەدال ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی وان ببێتە شارێکی ژنان و ئیکۆلۆژی، پێویستە کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی خەڵک و وتی: وەک پێشتر جەختمان لەسەر کردووەتەوە، بە فەلسەفەی ژیانی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان، کارەکانمان ئەنجام دەدەین، بە شیکردنەوەی هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان، خەبات دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئێمە خەبات بۆ هەموو کێشەکان دەکەین، هەر لە سیاسەتەکانی کوشتنی ژنەوە تا سیاسەتەکانی لەناوبردنی سروشت، لە قەیرانی ئابوورییەوە تا هەژاری، پرۆسەیەکمان لە پێشە کە تیایدا ژیانێکی ئازاد بنیاد بنێین و خزمەتی گەل بکەین، بەم ڕوانگەیەوە شەو و ڕۆژ لە پڕۆسەی بەردەمماندا کاردەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی وان و خەباتمان لە هەموو ڕوویەکەوە بەردەوام دەبێت.