ئاوارەبوونی دوو هەزار و ٩٠٠ کەس لە قەرەباخەوە بۆ ئەرمینیا

دانیشتوانی قەرەباخ بەردەوامن لە کۆچکردن بەرەو ئەرمینیا کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمەش دوای ململانێی نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و هێزە جوداخوازەکان لە خاکی جێناکۆکی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی ئازەربایجان لە ١٩ی ئەیلوولدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە قەرەباخ دەستپێکرد، هەزاران کەس لە دانیشتووانی قەرەباخ لە ترسی سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی ناچاربوون ڕوو لە شوێنە ئارامەکان بکەن، ئەمڕۆش سەرکردایەتی ناوچەی قەرەباخ ئاشکرای کرد، کە ١٢٠ هەزار ئەرمەنی لە قەرەباخ بەرەو ئەرمینیا بەڕێدەکەون، چونکە نایانەوێت لەژێر سەروەری ئازەربایجاندا بژین و ترسیان لە پاکتاوکردنی نەتەوەیی هەیە.

 

لە بەیاننامەیەکی حکومەتی ئەرمینیا کە میدیاکانی ڕوسیا بڵاویانکردووەتەوە، لە بەرەبەیانیدا زیاتر لە دوو هەزار و ٩٠٠ کەس لە ناوچەی قەرەباخەوە بۆ ناو ئەرمینیا پەڕیونەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەزار و ٦٠ کەس کە لە قەرەباخەوە دێن ئارەزووی ئەوە دەکەن ڕوو لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون بکەن کە بە دڵی خۆیانە.

 

ئەو ئاوارەبوونە دوای ململانێی نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و هێزە جوداخوازەکانی ناوچەکەی نێوان باکۆ و یەریڤان هات کە تەنها ٢٤ کاتژمێری خایاند، بەو پێیەی ناوچەی ناگۆرنۆ- قەرەباخ چەقی ململانێی نێوان ئازەربایجانی دراوسێ و ئەرمینیایە.

 

ناوچەی قەرەباخ کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە، دەکەوێتە بەشێک لە ئازەربایجان، بەڵام زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەکەی ئەرمەنین و لەلایەن ئەرمینیا پاڵپشتی دەکرێت، پێشتر لە دەرەوەی کۆنترۆڵی باکۆ بوو، دانیشتووانی ئەرمەنیش دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ناچاربوون بەرەو ئەرمینیا هەڵبێن کە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئەنجامدراوە.

 

ئازەربایجان ڕایگەیاندووە کە مافەکانی ئەرمەنستان دەستەبەر دەکات و ناوچەکە لەگەڵ هەموو وڵاتەکەدا تێکەڵ دەکات، بەڵام ئەرمەنییەکان ترسیان لە سەرکوتکردن هەیە.

 

ئەو شەڕەی لە ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان سەریهەڵدا، لە ماوەی شەش هەفتەدا شەش هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام شەڕەکە بە شکستی ئەرمینیا کۆتایی هات، کە ناچار بوو ناوچە گرنگەکان لە قەرەباخ و دەوروبەری بداتە ئازەربایجان.