ساڵێک بەسەر کردنەوەی یەکەم کێڵگەی کوردستان بۆ بەرووبومی خۆماڵی تێدەپەڕێت

لە مەراسیمێکدا یەکەمین ساڵیادی کردنەوەی هەفتەبازاڕی کێڵگەی کوردستان کرایەوە و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەدا کە توانیویانە بەرهەمهێنان لە تا ڕێژەی ٪١٠ زیاد بکەن.

هەڵەبجە

 

دوێنێ یەکەمین ساڵیادی هەفتەبازاڕی کێڵگەی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبومی کشتوکاڵی خۆماڵی کرایەوە و هەریەک لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەڵەبجە و ژمارەیەک جوتیار بەشداربوون.

 

لە وتەیەکیدا بێگەر تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ باسی لە گرنگی ئەم جۆرە کارانە کرد کە لەلایەن ڕێکخراوی ئه‌فرێنەری کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و مامۆستایان بە دڵسۆزانە کارەکان ئەنجامدراوە.

 

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا خۆی بە پشتگیری سەرجەم جوتیاران دەزانێت لە ناساندنی بەرهەمەکانیان و بەستنەوەی بە بازاڕە کشتوکاڵییەکان و بازاڕی دەرەوە، خستیەڕوو بۆ جوتیارانی هەڵەبجە، هەورامان و شارەزوور کە لەگەڵ نوێنەرایەتی ڕێکخراوێکی ئەمریکی ڕێککەوتووە تاوەکو بەرووبومی پەتاتە بەرهەمبهێنن و بەشی ناوخۆ بکات، خۆشبەختانەش توانیومانە ئاستی کشتوکاڵی لە ١٪ بۆ ٪١٠ بەرزبکەینەوە، ئەوەش گۆڕانێکی گرنگە بۆ بەرھەمی کشتوکاڵی.

 

لە کۆتایی قسەکانیشدا وتی: کێڵگەی کوردستان بووەتە ڕێگەیەکی باش بۆ گەشتیاران و ناساندنیان و بەرچاو ڕوونی بۆ سەرجەم جوتیاران.

 

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا ماڵی وەسمان پاشای جاف کرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٣ -١٩٠١ لەسەر ڕووبەری ٧٨٤ مەتر دووجا دروستکراوە و لە دیزاین و دروستکردنی پەیکەرساز، کاوە نوریە و کەشێکی هونەری بە کێڵگەی کوردستان بەخشیوە.

 

سەرجەم بەشەکانی کێڵگەی کوردستان لە ژێر چاودێری وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دایە، چەندین بەرووبومی خۆماڵی وەک شوتی، کاڵەک، ترێ، تەماتە، بیبەر و چەندانی دیکە لەخۆدەگرێت و کڕیاران دەتوانن لە کێڵگەکەدا بەروبوومێکی خۆماڵیان دەستبکەوێت.