سلێمانی، بە خوێندنەوەی نامەکانی و پێشەنگایەکی وێنەیی یادی شەهید زیلان کرایەوە
ئەمڕۆ لە ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی زەینەب کناجی ناسراو بە زیلان، لە شاری سلێمانی یادی کرایەوە و نامەکانی پێش چالاکییەکەی خوێندرایەوە.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شاری سلێمانی یادی ٢٦ەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید زیلانیان کردەوە و پێشەنگایەکی وێنەیان بۆ ژنانی پێشەنگ و گیانفیدای کوردستان ڕێکخست.
چالاکییەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد و لە سەرەتادا شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لە سلێمانی وتەیەکی پێشکەشکرد و شەهید زیلانی بە پێشەنگی ژنان بۆ تێکۆشانی ئازادی و ئیرادە و گیانی بەرخۆدان پێناسەکرد، پاشان سینەفزیۆنێک لەبارەی تێکۆشان و ژیانی شەهید زیلانەوە پێشەکشکرا.
لە درێژەی ساڵیادەکەدا کۆتا نامەی شەهید زیلان خوێندرایەوە، کە تێیدا باس لە چالاکیەکەی دەکات و ئامانجەکانی دەخاتەڕوو، تێیدا دەڵێت "دەمەوێت ببمە خاوەن ژیانێکی واتادار".
هەر لە ساڵیادەکەدا پێشەنگایەکی وێنەیی لەلایەن ژنانی گەنجی تێکۆشەرەوە بۆ ئەو یادە کرایەوە کە تێیدا وێنەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی شەهید نمایش کرابوون.