شەنگال، یەکەم کۆنگرەی ژنانی گەنج بەردەوامە

یەکەمین کۆنگرەی ژنانی گەنجی ئێزدی بە دروشمی "لەسەر هێڵی زیلان و بێریڤان ڕێکخستن ئاوا بکە و خیانەت تێکبشکێنە، ئازادی شەنگال مسۆگەر بکە" ئەمڕۆ دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە.

شەنگال

 

لە ئەنجامی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی، خەڵکێکی زۆر کوژران و ڕفێنران. ژنانی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندران، کوژران، ئەشکەنجە دەدران و دەستدرێژییان دەکرایەسەر و لە بازاڕەکاندا فرۆشران. له‌ ئێستادا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو هێرشه‌كانی داگیركه‌ران و سته‌مكاری و چه‌وساندنه‌وه‌ به‌ بوێری و ئازایه‌تییه‌وه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن، ژنانی گه‌نجی ئێزیدخانن.

 

ژنانی ئێزدی ئەو ئازار و توڕەییانەی لە فەرمانەکەدا ڕووبەڕووی بوونەوە گۆڕییان بۆ هێز و باوەڕی و ڕێکخستن، هەربۆیە ئەمڕۆ ژنانی گەنجی شەنگال وەک وەڵامێک بۆ ٧٤ەمین فەرمان و بە نزیکبوونەوە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ یەکەم کۆنگرەی خۆیان بە دروشمی"لەسەر هێڵی زیلان و بێریڤان ڕێکخستن ئاوا بکە و خیانەت تێکبشکێنە، ئازادی شەنگال مسۆگەر بکە" بەست.

 

یەکەم کۆنگرەی ژنانی گەنج لە هۆڵی ئەنجومەنی گەل لە شنگال بە بەشداری ١٥٠ ژنی گەنج دەستیپێکرد، لە کۆنگرەکەدا تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی و یەکینەکانی ژنانی شه‌نگال، نوێنەرانی ژنانی گەنجی مەخمور بەشدارییان کرد و ئەو پەیامانەی لە ئەرمینیا و ڕووسیا و ئەڵمانیا و ڕۆژئاوا و باکووری کوردستانەوە دەنێردرێت، پەخشکران.

 

هەریەک لە نوێنەرایەتی ژنانی گەنج، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئیزدی-تاژێ، یەکینەی ژنانی شەنگال-یەژەشە پەیامی پیرۆزبایی و گرنگی بەستنی کۆنگرەی ژنانی گەنج لە شەنگال خرایەڕوو، ئاماژە بەوەکرا کە لە سایەی بیری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ژنانی گەنجی شەنگال توانیویانە خۆیان بەڕێکخستن بکەن و دژ بە داعش و هەموو پیلانگێڕییەکانی لەلایەن پەدەکە و عێراق و تورکیاوە دەکرێتە سەر شەنگال بەرخۆدان بکەن.

 

لە درێژەی کۆنگرەکەدا دیوانی کۆنگرەکە دیاریکرا و دیدگای ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە شەنگال پێشکەشکرا، دواتر ڕاپۆرتی ڕەوشی سیاسی و ڕێکخستنی خوێندرایەوە و تیشکخرایە سەر ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ کە لەسەر شەنگال کراوە.