"با چیتر کورد نەبێتە هۆی لەناوبردنی نەتەوەی کورد"

ژنان دژی هێرشە داگیرکارییەکان و دەڵێن دەبێت حکومەت بێتە دەنگ و چیتر ڕۆڵەی کورد بە دەستی کورد لەناونەچێت، هەروەها داوا دەکەن هاوڵاتیان پشتیوانی لەو هێزە بکەن کە بەرگری لە خاکی کوردستان دەکات.

"با چیتر کورد نەبێتە هۆی لەناوبردنی نەتەوەی کورد"

ژنان دژی هێرشە داگیرکارییەکانن و دەڵێن دەبێت حکومەت بێتە دەنگ و چیتر ڕۆڵەی کورد بە دەستی کورد لەناونەچێت، هەروەها داوا دەکەن هاوڵاتیان پشتیوانی لەو هێزە بکەن کە بەرگری لە خاکی کوردستان دەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بە درێژای مێژووی نەتەوەی کورد داگیرکاران هێرشی بەردەوامیان کردووەتە سەر خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد و ئامانجیان لەناوبردن و تالانکردنی سامانی سروشتی خاکەکەی بووە، مێژوو دەیسەلمێنێت کە نەتەوەی کورد بەرامبەر هەموو هێرشەکان بەرخۆدانی کردووە و هێرشەکانی تێکشکاندووە، بەرگری لە خاک کردووە و لەو پێناوەشدا خوێنی ڕۆڵەکانی ڕشتووە.

 

وەک ئۆپەراسیۆنەکانی دیکە لە ١٧ی نیساندا دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە هێرشی داگیرکاری بۆ ناوچەکانی شیلادزێ، دێرەلوک، ئامێدی و کوڕەژارۆ دەستپێکرد، بە ئامانجی داگیرکردنی خاکی کوردستان و زیندووکردنەوەی قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

 

دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکە، هاوڵاتیان دەنگیان بڵند دەکەن و داوا دەکەن چیتر کورد نەبێتە هۆی لەناوبردنی نەتەوەی کورد.

 

"حکومەتی هەرێم خۆی هاوکاری داگیرکارانە"

ژوان عەبدولستار، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بۆ نوژنها دوا و وتی: تەواوی ئەو هێرشانە و سنوربەزاندنی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئەگەر حکومەت و دەسەڵات بێ هەڵوێست نەبن، تورکیا ناتوانێت بەو جۆرە هێرش بکات، "حکومەتی هەرێم نەک تەنها ڕێگری لە هێرشەکان ناکات، بەڵکو خۆی هاوکارییان دەکات و ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی دوژمن بێتە ناو خاکەکەیەوە".

 

باسی لەوەشکرد بەر لەوەی هاوڵاتیان پشتگیری یەکتری بکەن پێویستە دەسەڵات و حکومەت پشت لە هاونیشتیمانیانی نەکات، لە بوونی هەر هێرش و داگیرکارییەک بە یەکگرتووی لەگەڵ نەتەوەکەی خۆی دژی داگیرکارییەکان ببنەوە.

 

ژوان عەبدولستار بێدەنگی هاوڵاتیانی گەڕاندەوە بۆ بێهیوابوون لە حکومەت، دەڵێت: "خەڵکی ئاگادارن لەوەی حکومەت هاوکاری داگیرکاران دەکات، حکومەتە کە سنوری نەهێشتووە و ڕێگەی داوە داگیرکەر بێتە ئەمدیو سنور بۆیە بێهیوا بووە، چونکە دڵنیایە سنورەکان لەلایەن حکومەتەوە پارێزراو نین"، بە پێویستیشی دەزانێت بە ماددی و مەعنەوی هاوڵاتیان پشتیوانی لەو هێزە بکەن کە بە ڕووی داگیرکاراندا وەستاونەتەوە.

 

"ئەم داگیرکارییانە مەترسیان هەیە بۆ کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بە تایبەت"

پەری سدیق، وەک هاوڵاتییەک مەترسی ئەم داگیرکارییانەی گەڕاندەوە بۆ ژنان و وتی "داگیرکارییەکان هەرچەند مەترسی بن بۆ هاوڵاتیان بە گشتی، دوو ئەوەندە مەترسین بۆ ژنان"، هەروەها داوا لە گشت خەڵکی دەکات پاڵپشتی لە نەتەوەی کورد بکەن و چیتر دەسەڵاتە سیاسیەکان وەک کوردێک ڕێگە بە خیانەتکردن لە نەتەوەکەیان نەدەن، بۆ ئەوەی چیتر جەرگی دایک نەسووتێت.

 

"با نەهێڵین خوێنی ڕۆڵەی کورد بە هەدەر بڕوات"

ئەڵماس محەمەد، وەک دایکێک داوا دەکات کە هاولاتیان بە یەک دەنگ و هەڵوێست بەرگری بکەن لە خاکەکەیان، "نامانەوێت چیتر داگیرکەران و کەسانی بێگانە بێنە سەر خاکەکەمان و ڕۆڵەکانمان شەهید ببن"، باسی لەوەشکرد هیچ کات کورد لە خوێن ڕشتن لە پێناو خاکەکەیدا سڵی نەکردووەتەوە بەڵکو شانازی پێوەکردووە، مێژووش ئەوەی سەلماندووە.

 

ئەڵماس خاوەنی سێ برای شەهیدە، داواش دەکات دەسەڵاتداران و هێزی گەل چیتر نەوەستن و هاوکاری یەکتر بن بە ڕووی دوژمانن بووەستنەوە، تا ڕۆڵەی کورد لەناونەچێت و جەرگی دایکێکی دیکە نەسوتێت، چونکە ئەگەر ئێستا بێهەڵوێست بێت کورد ئەو شۆڕشەی لە مێژوودا کردوویەتی و ئەو خوێنەی داویەتی لەپێناو نیشتیمان بە هەدەر دەڕوات.