سوپای عێراق هێرش دەکاتە سەر ئاسایشی ئێزیدخان

سوپای عێراق هێرش دەکاتە سەر ئاسایشی ئێزیدخان و هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە، بەهۆیەوە پێکدادان ڕوویدا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی زانیارییە ناوخۆییەکان دوێنێ سوپای عێراق هێرشی کردووەتە سەر بازگەکانی ئاسایشی ئێزدخان و یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال-یەبەشە و یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە، لە ناوچەی سنون و هێز دەباتە سەر  ناوچە سنوورییەکانی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

دوای بردنی سوپا و هێرشکردنە سەر بازگەکان، هێزەکانی خۆپاراستنی شەنگال وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە و لە ناوچەکەدا شەڕی ڕوویدا، تا ئێستاش شەڕەکە بەهۆی هێرشەکەی سوپای عێراقەوە بەردەوامە، بەڵام هیچ ئەنجامێک دیار نییە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆش، سوپای عێراق بە ٢٥ ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونە مەدیبان و سنووری شەنگال-ڕۆژئاوای کوردستان، لەناو کاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا، تانک و چەکی قورس هەبوون.

 

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٨ی نیسان، هاوکاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ئامێدی-شیلادزێ-دێرەلوک و چیای کوڕەژارۆ، سوپای عێراق چەندین خاڵی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ئێزدخان و یەبەشە و یەژەشەی لە شەنگال گەمارۆدا و بەو هۆیەشەوە شەڕ ڕوویدا.