پاکتاوی سیاسی لە ٥ شاری تورکیا ئەنجامدرا و چەندین کەس دەستگیرکران

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی مێرسین، هەڵکوتانە سەر ماڵان لە مێرسین، ئەنقەرە، عەنتاب و ئیزمیر ئەنجامدرا و چەندین کەس دەستبەسەر کران.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسی لە نسێبین و قۆسەری ماردین ئەنجامدرا و سەرباز و پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا  هەڵیانکوتایە سەر زۆرێک لە ماڵەکان، لە ئەنجامدا لە گوندی مێندەر لە نیسێبین، شیار کۆچی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە نیسێبین، فارس ئالاک، سەرۆکی گوند و فرات دەمیر، هاوڵاتی دەستبەسەر کران.

 

لە شارۆچکەی قۆسەر، مەحمود داماری هاوسەرۆکی دەبەپەی ناوچەکە، هاوڵاتیان مەتین یڵماز و سامی ئیلدێم دەستبەسەر کران، بەپێی زانیارییەکان لێکۆڵینەوەکە بە تۆمەتی 'یارمەتیدانی ڕێکخراوەکە' دەستیپێکردووە، پێدەچێت ژمارەی دەستگیرکراوەکانیش زیاد ببێت.

 

لە مێرسین دەستبەرسەر کردن

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی مێرسین، پۆلیس لە شارەکانی مێرسین، ئەنقەرە، ئەنتالیا، ئیزمیر و ئەدەنە لە یەک کاتدا هەڵیانکوتاوەتە سەر  ٢٨ ناوەند، لە ئەنجامیشدا، بەڕێوەبەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و زیندانیانی چوکرۆڤا (چوکرۆڤا توای-دەر) و کەسوکاری زیندانییەکان دەستبەسەر کران. لێکۆڵینەوەکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە" و "یارمەتی دارایی بۆ زیندانییەکان" دەستیپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا بینای TUAY-DER لە چوکرۆڤا دەستی بەسەرداگیرا.

 

لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا لە ئەنقەرە توندوتیژی ئەنجامدرا

لە چوارچێوەی هەمان لێکۆڵینەوەدا، ڕۆژنامەنووس هاکان یالچین کە لە ٢٦ی ئایاردا ئازادکرابوو و ئۆزکان یالچینی برای دەستبەسەر کران، هاکان یالچین کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا دەستبەسەر کرابوو، لە ئەنقەرە لێیدرا و بنەماڵەکە سکاڵا لەسەر توندوتیژی پۆلیس تۆمار دەکەن.