ژنانی قامیشلۆ: لە بەرامبەر کوشتنی گەلەکەمان جیهان بێدەنگە

ژنانی قامیشلۆ هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربڕی و کاردانەوەیان بەرامبەر بێدەنگی بەرامبەر هێرشەکان دەربڕی و وتیان: بۆچی جیهان بێدەنگە بەرامبەر بەو تاوانانە؟.

عەبیر محەمەد

 

قامیشۆ-لە بەیانی ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیاد کردووە بۆ گەیشتن بەو دەزگاو دامەزراوانەی ناوچەکە کە بژێوی ژیانی گەلەکەی لەسەرە، ژنان لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵوێستیان لە دژی ئەو هێرشانە نیشاندا کە زۆربەیان زیانیان بە هاوڵاتیان گەیاندووە و بە توندی هێرشەکەیان شەرمەزار کرد، ئەو ژنانە ئاماژەیان بەوەکرد، بێدەنگی لە بەرامبەر هێرشەکان قبوڵ ناکەن و داوای سزادانی دەوڵەتی تورک دەکەن.

 

فادیە سلێمان، ئەندامی بنەماڵەی شەهیدان لە قامیشلۆ وتی: تورکیا دەیەوێت هێرشەکانی بە بیانووی نوێوە زیاد بکات، لە کاتژمێرەکانی بەیانیەوە دوژمنمان بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەرکات ڕووداوێک لە تورکیا ڕوودەدات، دەوڵەتی تورکیا ڕوو لە ئێمە دەکات و گەلی کورد تۆمەتبار دەکات، ئەم بێبەختییە قبوڵ ناکەین، بە توندی ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین.

 

"چیتر بێدەنگی قبوڵ ناکەین"

فادیە سلێمان ئاماژەی بەوەکرد، هاوڵاتیان بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، چیتر بێدەنگی قبوڵ ناکەن و وتی: بێدەنگی ئەو دەوڵەتانە کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان دامەزراندووە شەرمەزار دەکەین، چونکە لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگن، هەموو کەس دەزانێت کە هیچ تاوانێک لە دژی ئەو کەسانە نییە، ئەو کەسانەی کە دەکرێنە ئامانج و کۆمەڵکوژ دەکرێن هەموویان هاوڵاتی مەدەنین، لەسەر خاکی خۆمانین و زیانمان بە کەس نەگەیاندووە، لە بەیانییەوە ژێرخانی ئێمە بە ئامانج کراوە، هیچ هێزێک و کەسێک نابێت بێدەنگ بێت دەبێت هەڵوێستیان هەبێت.

 

"دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی ئابوورییەوە زیان بە کۆمەڵگە بگات"

لەیلا برایم، هاوسەرۆکی ژووری بازرگانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد و وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەین، دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و دەیەوێت ئیرادەی ئەو خەڵکە بشکێنێت و کۆچ بکەن، وەک خەڵکی ئەم ناوچەیە دەڵێین کە هەڵوێستی ئێمە ڕوون دەبێت و هەمیشە هەڵدەستین و ڕێگە نادەین دەوڵەتی تورکیا دەستکەوتەکانمان لەناو ببات، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی ئابوورییەوە زیان بە کۆمەڵگە بگات.

 

 لە کۆتایی قسەکانیدا، لەیلا ئیبراهیم وتی، کە تا کۆتایی هێرشەکان تێدەکۆشن و بەرخۆدان دەکەن.