دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٥ ساڵدا ١٣ ڕۆژنامەنووسی تیرۆر کردووە

لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ماوەی ٥ ساڵدا ١٣ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا و ٧ ڕۆژنامەنووس بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان و شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج، لە ١٩ی کانونی یەکەمدا تورکیا دامەزراوەکانی کەناڵی کۆبانێ ئێف ئێم لە گرێ بەرکل لە باشووری کۆبانێ کردە ئامانج و ڕۆژنامەنووسانی تیرۆر کرد، ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان یانکە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرد، لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سیرین لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چەکدارەکانی تورکیاوە کرانە ئامانج.

 

١٣ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە

جیهان بیلگین و نازم داشتان یەکەم ڕۆژنامەنووس نین کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکرێنە ئامانج، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕۆژی هێرشەکانەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن و هەواڵەکان بڵاودەکەنەوە، لەلایەن فرۆکە بێفرۆکەوانەکان یان تۆپخانەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو تەنها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان بەلایەنی کەمەوە ١٣ ڕۆژنامەنووسە، تا ئێستا لانیکەم ٧ ڕۆژنامەنووس لەو هێرشانەدا بریندار بوون.

 

* ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: ڕۆژنامەنووس وەدات ئەردەمچی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سەرێکانی گیانی لەدەستدا.

 

* ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: سید ئەحمەد، پەیامنێری ئانها و محەمەد حسێن ڕەشۆ، پەیامنێری تەلەفزیۆنی چرا لە ئەنجامی بۆردوومانی سەرێکانی گیانیان لەدەستدا.

 

* ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: دلۆڤان گەڤەر و وەدات ئەردمیک لە هێرشی سەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسان لە گرێ سپی تیرۆر کران.

 

* ٢٠١٩: مارینچیر زیزیس سینکێ، ئەندامی فری بۆر پرێس لە کاتی بۆردوومانی تل تەمردا گیانی لەدەستدا.

 

* ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢: عیسام عەبدوڵا، پەیامنێری ئانها، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە شاری دێرک گیانی لەدەستدا.

 

* ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣: ئۆتۆمبێلی ژن تیڤی لەسەر ڕێگای قامیشلۆ- عامودا بۆردومان کرا، لە هێرشەکەدا نەجمەدین فەیسەڵ حاج سینان کارمەندی ژن تیڤی گیانی لەدەستدا و پەیامنێریش دەلیلا عەگید بریندار بوو.

 

*٨ی تەمووزی ٢٠٢٤: هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر ئۆتۆمبێلی کارمەندانی تەلەفزیۆنی چرا و چرا ئێف ئێم کە خەریکی ڕووماڵکردنی هەواڵەکان بوون لە شەنگال، موراد میرزا پەیامنێری تەلەفزیۆنی چرا کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا بریندار بوو، لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٤ گیانی لەدەستدا.

 

* ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤: ئۆتۆمبێلێکی سەر بە کۆمپانیای میدیایی چەتر پرۆدەکشن لە شارۆچکەی سەیدسادیق لە شاری سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرا. لەو هێرشەدا ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا و ٦  ڕۆژنامەنووسیش برینداربوون.

 

* ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤: ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان کە بەدواداچوونیان بۆ پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرد، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سیرین گیانیان لەدەستدا.