دایکی زەینەب جەلالیان: زانیاریم لە کچەکەم نییە
دایکی زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی ئاماژە بەوەدەکات کە ماوەی ١٥ ساڵە کچەکەی دەستگیرکراوەو زانیاری لەبارەیەوە نییە، داوادەکات وەک دایکێک چاوی بە کچەکەی بکەوێت. ناوەندی هەواڵ
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-750x375-1-750x375-jpgec2d95-image.jpg)
دایکی زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی ئاماژە بەوەدەکات کە ماوەی ١٥ ساڵە کچەکەی دەستگیرکراوەو زانیاری لەبارەیەوە نییە، داوادەکات وەک دایکێک چاوی بە کچەکەی بکەوێت.
ناوەندی هەواڵ
زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی ١٥ ساڵە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و چەندین زیندانی بۆ گۆڕاوە، دایکیشی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: "کچەکەم ماوەی ١٥ ساڵە دەستگیرکراوە هیچ زانیارییەکم لێی نییە، داوا دەکەم لە بەرپرسان من دایکێکی پیرم کارێک بکەن کە چاوم بە کچەکەم بکەویت".
ئاماژەی بەوەشکردوە کە نازانێت کچەکەی ماوە یان نەماوە، پارێزەرەکانیش دەچن بۆ سەردانی ڕێیان نادرێت بیبینن، وتیشی: "دواین جار کۆرۆنای گرتبوو نازانم ئەو تێپەڕی کردووە یان نا ئەگەر کچەکەشم نابەخشن تکایە ڕێمبدەن من وەک دایکێکی پیر چاوم پێی بکەویت".
دایکی زەینەب جەلالیان ئەو کارەی دەوڵەت بە ستەم دەزانێت و دەڵێت: "ئەمە ستەمە چ دڵڕەقییەک لەگەڵ من دەکەن کچەکەم هیچ شتێکی نەکردوە ڕاپێچی زیندان کراوە باوکی نابینایە، دایکی پیرە، ناتوانم بڕۆم ببینم من دەمەوێت دادوەری و یاسا دۆخی کچەکەم ڕوون بکاتەوە، هیچ هەڵەیەکی نییە، ئەوان نایانەوێت دایک و باوک و براکەی بڕۆن و بیبینن نازانین گوناهەکەی چیە، کچی من بێ تاوان لە زیندانە و بێ تاوان تەمەنی تێپەڕی و لەزینداندا پیربوو".
بەپێی زانیاریەکانی سەندیکای زیندانییە سیاسیەکان، پێشتر زەینەب جەلالیان بۆ زیندانی یەزد گواستراوەتەوە و لە مانگی ئایارەوە هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە نییە، سەندیکای زیندانیە سیاسیەکان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەوەی نەزانرێت لەکوێیە، زەینەبیان بۆ زیندانی یەزد و دواتر بۆ کرماشان و ئورمیە و دواتریش جارێکی دیکە بۆ یەزد دوورخراوەتەوە.
زەینەب جەلالیان ساڵی ١٩٨٢ لە شاری ماکۆ لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و زستانی ساڵی ٢٠٠٨ لە کرماشان دەستبەسەر کراوە، ئەو بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی و شەڕ دژی خودا بە سێدارە سزادرا، بەڵام دادگایی پێداچوونەوە سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکردەوە.