دایکی ئەو ژنەی لە سلێمانی سوتێندرا: دۆخی تەندروستی کچەکەم باش نییە

ژنێک بە ناوی "شنیار هونەر" لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی لە لایەن هاوژینەکەیەوە سوتنیدراو دایکی شنیار ئاماژە بەوەدەکات کە دۆخی تەندروستی کچەکەی باش نییە و ئازاری زۆرە. سلێمانی

ژنێک بە ناوی "شنیار هونەر" لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی لە لایەن هاوژینەکەیەوە سوتنیدراو دایکی شنیار ئاماژە بەوەدەکات کە دۆخی تەندروستی کچەکەی باش نییە و ئازاری زۆرە.

سلێمانی

 

درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی ژنێك بەناوی "شنیار هونەر"  لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندراوە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی ئێمێرجنسی سلێمانیەو لەژێر چاودێری پزیشکدایە، مەهران سدیق دایکی شنیار هونەر بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "دۆخی تەندروستی باش نییە، لەتاو ئازار هاوار دەکات و بەردەوام دەڵێت "خوایە ئەم ئازارەی من بینیم ئەم سوتانەی من بینیم کەس نەیبینێت"، بە شێوەیەک سوتێندراوە هەر هەناسەیەکی کە دەیدات بۆن کروزی لێ دێت و بۆنی دوکەڵ لە لوتی دێتە دەرەوە، پزیشک دەلیت ٨٥٪ ی جەستەی سوتاوەو سییەکانیشی گرتوێتی".

 

دەربارەی کێشەی شنیار و هاوژینەکەی، دایکی شنیار ئەوەی خستەڕوو کە پێشتر هاوژینەکەی هەڕەشەی سوتاندنی لێنەکردوە بەڵام لێیداوەو وتی: "کچەکەم تۆرابوو دواتر هاتن بردیانەوە باوکی هاوژینەکەی وتی ئیتر نایەڵێ بەشەو کوڕەکەی بڕواتە دەرەوە، چونکە ئێواران تا کاتژمیر نزیکی ١ی شەو لە دەرەوە دەبوو کە دەگەڕایە ماڵەوە لەسەر چوونە دەرەوەکە دەبوو بە کێشەیان، کوڕەکەش بەڵێنی دا کە ئیتر نەچێتە دەرەوەو باش دەبێت و شەڕی لەگەڵ ناکات".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆر کاتی کە نزیکی چوار جار شنیار چووەتەوە ماڵی باوکی و وتی: "سێ بۆ چوار جار هاتووەتەوە ماڵی خۆمان و تۆراوە، پیمان وتوە لێی قبوڵ مەکە مەڕۆڕەوە مناڵەکانی بدەرەوە، چەندین جار لەگەڵ خەسوو خەزوری قسەم کردووە لەو کاتانەی کە تۆراوە، وتویانە هیچی وانیەو کوڕەکەیان باش دەبێت ".

 

مەهرانی دایکی شنیار ئاماژە بەوەدەکات کە شنیار هێشتا قسە دەکات و ڕوداوەکە دەگێڕێتەوە، وتیشی: "ئیستا کوڕەکە دەستگیرکراوەو سکاڵامان تۆمار کردووە و وتومە کە کچەکەم خۆی نەسوتاندوەو هاوژینەکەی سوتاندوێتی، داوام ئەوەیە یاسا سەروەر بیت و سزای توندی بدرێت، من خۆم شایەتحاڵم لەبەر ئەوەی شنیاری کچم هێشتا دەتوانێ قسە بکات و لە زمان نەکەوتووە دەڵێت کە هاوژینەکەی سوتاندوێتی، دوو کوریش شایەتحاڵن و لەبەردەم هەموو میدیاکان قسەیان کرد کە کچەکەم سوتێندراوەو کەوتووە بە زەویداو زۆر هاواری کردووە، دوو سێ ماڵ لە نزیک ماڵی خۆیان کوژاندویانەتەوە".