دادپەروەری بۆ ناگیهان ئاکارسەل: بکوژەکە وتی دەوڵەتی تورکیا ڕایسپاردووە

سارا مارچا، ئەندامی دەستپێشخەریی دادپەروەری نێودەوڵەتی بۆ ناگیهان ئاکارسەل سەبارەت بە دۆسیەی ناگیهان ئاکارسەل وتی: بکوژەکە لە دادگا وتی دەوڵەتی تورکیا ڕایسپاردووەو دەبێت تێبکۆشن بۆ ئەوەی بکوژ ڕاستییەکان بڵێت.

دیرەن ئەنگیزەک

 

ناوەندی هەواڵ- ڕۆژنامەنووس ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیدمیای ژنۆلۆژی و ئەندامی دەستەی سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە هێرشێکدا لە سلێمانی تیرۆر کرا، ئەو کەسەی هێرشی کردووە، لەکاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن بۆ هەولێر، لەکاتی چاوەڕوانی کۆنترۆڵکردنی یەنەکە دەستگیرکراوە.

 

 ڕۆژی ٢٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، ئیسماعیل ڕەسیم ڕەفعەت پەکەر، هاووڵاتیی تورکیا، لەلایەن دادگای باڵای هەرێمی کوردستانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام  ڕای گشتی و کەسوکاری ناگیهان ئاکارسەل لە لێکۆڵینەوە و ڕێوشوێنی دادگا ئاگادار نەکرانەوە.

 

 سەبارەت بەم بابەتە سارا ماچا، لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە برۆکسل و ئەندامی دەستپێشخەریی دادپەروەری نێودەوڵەتی بۆ ناگیهان ئاکارسەل هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پرۆسە یاساییە کرد کە تا ئێستا دوای تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل تێپەڕیوە.

 

سارا مارچا وتی: لە سەردەمێکدا کە چالاکییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردبوو و دوای چالاکییەکانی سارا و ڕوکەن، ناگیهان ئاکارسەل لەلایەن هەواڵگری دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کرا، ئێمە زۆر باش دەزانین کە ژنە پێشەنگەکانی کورد بەتایبەت ژنانی خۆمان پەرەیان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و زانستی ژن، ژنۆلۆژی، دیراسەی مێژوو و واقیعیان داوە، کاریگەرییان لەسەر ژنانی جیهان بەهەمان شێوەیە، هەربۆیە دەوڵەتی تورک و هەموو هێزە داگیرکەرەکان بە عەقڵی هەژموونی پیاو نایانەوێت شۆڕشی ژنان گەشە بکات و تەشەنە بکات، ناگیهان ئاکارسەل بەو هۆکارانە کرایە ئامانج.

 

"بکوژەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و میتەوە ڕاسپێردراوە"

 سارا مارچا ڕایگەیاند، دەستپێشخەریی دادپەروەری نێودەوڵەتی بۆ ناگیهان ئاکارسەل لەم هەلومەرجەدا دامەزرا و ئەم دەستپێشخەرییە بەجۆرێک دامەزرا بۆ ئەوەی کوشتنی ژنانی گەنج بەتایبەت ئەو ژنانەی کە خەبات بۆ ئازادیی گەلی کوردستان و هەموو ژنان دەکەن، بێ حساب نەمێنێت، ئەم سیاسەتە هەم لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هەم لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانی جیهانەوە کۆمەڵکوژییەکی لەو شێوەیەی لێدەکەوێتەوە، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییە لە لایەن سەدان ژن و چەندین ڕێکخراوەوە دروست بووە. بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لەم دۆسیەیەدا، بانگەوازی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرا بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن، بکوژی ناگیهان ئاکارسەل بە شێوەیەکی تایبەت لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و میتەوە ڕێکخرابوو، دەمانەوێت ئەو کەس و دامەزراوانەی بەرپرسیارن لەم پلانە پیسە ئاشکرا بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

 

"دەمانەوێت ڕێگری لەو پلانە پیسانە بکەین"

سارا مارچا وتیشی: ئەوان پلانیان هەیە بۆ کوشتنی ژنانی پێشەنگی کورد، دەوڵەتی تورکیا پلانەکانی خۆی لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە سووریا، لە باشووری کوردستان و لە ئەوروپا، لە پاریس جێبەجێ کردووە، دەمانەوێت ڕێگری لەو پلانە گڵاوانە بکەین، ژنانی کورد پێشه نگن بۆ هه موو ژنانی جیهان، لەهەموو شوێنێک کاتێک ژنان خەبات بۆ ژنان و گەلەکەیان دەکەن لەلایەن هێزە داگیرکەر و پیاوسالارەکانەوە دەکرێنە ئامانج، ئەم حاڵەتە، لە کەسایەتی ناگیهان ئاکارسەل ڕوویدا، بوو بە دۆسیەی هەموو ژنان، لە مێژوودا ژنان لە کاتی تێکۆشاندا کوژراون، ژنان درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن، هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەوڵەت و عەقڵیەتی پیاوان دەبنەوە، هێزە داگیرکەرەکان لە ڕێگەی بیرۆکراسی و یاساوە خۆیان ڕزگار دەکەن، ئێستا بکوژەکە زیندانی کراوە و دەڵێن ئێمە سزامان داون، دەڵێن ئەمە بەسە، بەڵام بەس نییە.

 

"دەبێت ژنان زیاتر دەنگ بەرز بکەنەوە"

سارا مارچا ئاماژەی بەوەشکرد، فێمینیستە سیاسییەکان، واتە ژنانی پێشەنگ، لەلایەن دەوڵەتەوە دەکوژرێن وتیشی: دەوڵەت نایەوێت ژنان شۆڕشێک بکەن، نایانەوێت شۆڕشێک لە شێوەی ژندا سەرهەڵبدات، هەموو سیستمی یاسایی و بیرۆکراتی دەوڵەتەکان بەو پێیە پەرەی پێدەدرێت، ئەم کارە دەکەن بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ و ژنان بەدینەهێنن، بۆیە بۆ بەدیهێنانی ئەو مافانە ڕێکخستن پێویستە، ژنان دەنگ بەرز بکەنەوە، چالاکتر بن، هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێزە دەسەڵاتدارە سیاسییەکان نیشان بدەن چ لە کوردستان و چ لە جیهاندا، ئەمە زۆر گرنگە؛ دەتوانین بە ئاشکرا بڵێین کە زۆر کەس هێشتا باوەڕیان بە سیستمی نێودەوڵەتی هەیە و بڵێن چارەسەرێک دروست دەکەن، لە ڕاستیدا ئەم سیستمە لە ئێستاوە سەرچاوەی کێشەکانن، عەقڵیەتی پیاو، سیستمی دەسەڵاتدار، ئەو سیستەمەی کە ژن دەکاتە ئامانج هەرگیز سزا نادرێت، بۆ ئەمەش ئامانجی یەکەمی دەستپێشخەری دادپەروەری بۆ ناگیهان ئااکرسەل کۆکردنەوەی ژنانە لە دەوری ئەم ڕاستییە، ژنان دەتوانن پێکەوە باسی ئەو بابەتانە بکەن و پێگەی خۆیان لەنێو ژنانی جیهاندا بڵاوبکەنەوە، ئامانجێکی تر ئەوەیە کە ئەم دۆسیەیە پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی یاسا جێبەجێ بکرێت، دەتوانین ئەجێندای خۆمان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بونیاد بنێین، ئەگەر دادپەروەری نەکرێت، ژنانی پێشەنگ هەمیشە دەبنە ئامانجی دەسەڵات، پێویستە ژنان پەرە بە خۆپاراستن بدەن، ژنان دەتوانن لە هەموو بوارەکاندا خۆیان ڕێکبخەن و لە بواری یاساییدا پەرە بەخۆیان بدەن و هەنگاو بنێن و بزووتنەوەیەک لە دژی ئەو هێزانەی دژایەتی شۆڕشی ژنانن دروست بکەن.

 

"پێویستە خەبات بکەین بۆ ئەوەی بکوژە ڕاستەقینەکان دادگایی بکرێن"

سارا مارچا ڕایگەیاند، ژنانی پارێزەر کاردەکەن بۆ ئەوەی دۆسیەکە بگەیەننە دادگا نێودەوڵەتییەکان و لە کۆتاییدا وتی: دەبینین چ هەنگاوێک دەگیرێتەبەر، ئەمە بانگەوازی ئێمەیە بۆ هەموو ژنانی پارێزەر، ژنانی پارێزەری مافی ژنان و مرۆڤ، هونەرمەندان و ئەکادیمیستەکان؛ دەتوانن بە هەست و بیرکردنەوەکانیان ئەم دۆخە بگۆڕن، بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ دۆسیەکەی ناگیهان و هەموو ئەو ژنە پێشەنگانەی کە تیرۆر کراون بەدیبێت، پێیوستە ژنان بە شێوەیەکی دیاریکراو هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن، پێویستە هەموو ژنان ناوی ناگیهان ئاکارسەل بڵاوبکەنەوە، بیناسێنن، پێویستە کەسایەتی و پڕۆژەکانی بناسێنن، داکۆکیکارانی مافی ژنان باس لەوە بکەن کە بۆچی ژنانی وەک ناگیهان دەکرێنە ئامانج و لەڕێگەی ڕاگەیاندن و کۆنفرانسەوە ئەمە لەگەڵ ڕای گشتیدا بڵاو بکەنەوە، دەتوانن نامە بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بنێرن، دەبێت تێبکۆشێن بۆ ئەوەی بکوژە ڕاستەقینەکان دادگایی بکرێن، چونکە گرنگ ئەوەیە کە لەم جۆرە حاڵەتانەدا یاسا جێبەجێ بکرێت و دادپەروەری جێگەی خۆی بدۆزێتەوە.