پێنج هەزار دۆنم دارستان لە سنووری سلێمانی سووتاوە

ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم دارستان و پاوان سووتاون، کار بۆ بەرهەمهێنانی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار نەمام دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، نەبوونی پاسەوان بۆ دارستانەکان یەکێکە لەو گرفتانەی لە وەرزی هاوین ڕووبەڕووی دارستانە دەستکردەکان دەبێتەوە.

 

ڕووبەری دارستانە دەستکردەکان بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٥ لە پارێزگای سلێمانی ١٥ هەزار و ٩٨٠ دۆنمە، بەڵام ئاماری نوێ لە بەردەستدا نیە، هەروەها ڕووبەری دارستانی سرووشتی لە پارێزگای سلێمانی ٥٧٠ هەزار دۆنمە.

 

هاوکار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوان ئاماژەی بەوە دا، وێڕای ئەوەی داوایان لە چەند رێکخراوێک کردووە بۆ رووپێویی دارستانەکان، بەڵام تائێستا هیچ رێکخراوێک ئامادە نەبوو، ڕووپێوییەکە ئەنجامبدات.

 

زۆرینەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، سووتانی دارستان و پاوانەکان لە وەرزی هاوین روودەدەن، بەتایبەت لە مانگەکانی حوزەیران تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول.

 

سەبارەت بە سووتانی دارستان و پاوانەکانی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی پارێزگای سلێمانی ئەوەیخستەڕوو، ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار دۆنم دارستان و پاوان سووتاون، نزیکەی ١٠ کەس لەسەر سووتاندنی دارستانەکان دەستگیر کراون و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.

 

باسی لەوەشکرد، داواینکردووە ئامێری پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و پاوانەکان دابینبکرێت، " ئامێری "بلاوەر" ئامێرێکی ئاگرکوژێنەوەیە و کۆڵەپشتییە، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شوێنە سەختەکان بەکاردێت، هەرچەندە داوامانکردووە بەڵام تا ئێستا رەزامەندی کڕینی نەدراوە."

 

هاوکار جەلال وتیشی، نەمامگەکانی ئێمە ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار نەمام بەرهەم دەهێنن، ئێستاش پڕۆژەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نەمام لە مانگی ١١ـی ئەمساڵ، بەشێکی ئامادە دەبێت، بۆ ساڵی داهاتووش بەشەکەی دیکەی ئامادە دەبێت.