ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە: هێرش بۆ سەر باشاک دەمیرتاش هاوتای سیاسەتی ژنکوژییە
ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ڕایگەیاند، ئەو بڵاوکراوە ڕەگەزپەرستییەی عوسمان تاشدەمیر، پارێزەر لە سەندیکای پارێزەرانی ئەستەنبوڵ، لەبارەی باشاک دەمیرتاشەوە دابڕاو نییە لە سیاسەتەکانی ئاکەپە-مەهەپە.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، لەبارەی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەلایەن عوسمان تاشدەمیر، پارێزەر لە سەندیکای پارێزەرانی ئەستەنبوڵ، دەربارەی باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەو بڵاوکراوە-پۆستە سەربەخۆ نەکراوە و بەشێکە لە سیاسەتی ژنکوژی ئاکەپە-مەهەپە و لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەدا زمانی ڕەگەزپەرستی ژنانی کردووەتە ئامانج.
لە بەیاننامەکەدا لە بارەی ئەو پۆستەی دەربارەی باشاک دەمیرتاش کراوە، هاتووە "باشاک دەمیرتاش و زۆرێک لە هەڤاڵانمان پێشتر چەندین جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراونەتە ئامانجی بەکرێگیراوەکان، بەڵام هیچ کام لەو هێرشانە نەیانتوانی لە خەباتی خۆمان دوورمان بخەنەوە، ئەم هێرشە بۆ سەر باشاک دەمیرتاش هێرشێکە بۆ سەر خەباتی ژنان".
بانگەواز بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان
ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە بانگەواز بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان دەکات و دەڵێت: ئەوانەی بە پشتبەستن بە سیاسەتی ژنکوژی ئەم هێرشانەیان لە دژی هەڤاڵانمان ئەنجامدا و ئەوانەی بێدەنگ بوون، پێویستە زۆر باش بزانن کە باشاک دەمیرتاش تەنیا نییە، نابێت کەس گومانی لەوە هەبێت کە ئێمە بە باوەڕیمان بە ڕێکخراوی ژنانمان، تێکۆشان لە دژی ئەو هێرشانە بەرز دەکەینەوە و هاودەنگین، پێویستە دەستبەجێ سەندیکای پارێزەرانی ئەستەنبوڵ دەست بە لێکۆڵینەوە لە دژی عوسمان تاشدەمیر بکات و سزای تاوانکاری پێویست بسەپێنێت، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین کە ڕێکخستنی خۆیان بەرز بکەنەوە و دژی ئەم هێرشەی سەر باشاک دەمیرتاش تێکۆشان بکەن، چونکە باشاک دەمیرتاش تەنیا نییە.