بەغدا دژی سیاسەتی گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکانی عێراق لەلایەن تورکیاوە ڕژایە شەقام

لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، دژی سیاسەتی گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات، سەدان هاوڵاتی ڕژانە شەقام و داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد پرسی ئاو بەنێودەوڵەتی بکەن و بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ، ١٩ی تەمموز، لە گۆڕەپانی ئەلنسور لە ناوچەی کەرخ، لە بەغدای پایتەختی عێراق، سەدان هاوڵاتی دژی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر عێراق و گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، کە عێراق دەخاتە بەردەم وشکەساڵییەکی نزیک لە تەواوەتی لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا، خۆپیشاندانیان کرد.

 

خۆپیشاندەرانی تووڕە دروشمی ئیدانەکردنی سیاسەتەکانی تورکیایان بەرزکردەوە و داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد، پرسی ئاو بە نێودەوڵەتی بکەن و بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن، چونکە بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ساڵانە نزیکەی ١٥ ملیار دۆلارە، کە بەرزترین ڕێژەی ئاڵوگۆڕکردنە لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێدا.

 

جێی ئاماژەیە، بەغدا بەردەوام گلەیی لەوە دەکات کە ئەنقەرە وەڵامی داواکارییەکانی ناداتەوە بۆ زیادکردنی بەردانەوەی ئاو، هەروەها بوونی بەنداوەکان کە تورکیا لە سەر ئاوی ڕووباری دیجلە دروستی کردوون، دۆخەکەی قورستر کردووە، لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوای جیهانیشدا، ترسی زۆرینەی خەڵکی عێراق ڕۆژانە پەرە دەستێنێت، بەهۆی وردە وردە وشکبوونی ڕووبار و تاڤگە و زۆنگاوەکانەوە.

 

بەیاننامەکانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق وەڵامنەدانەوەی تورکیای بۆ داواکارییەکانی عێراق پشتڕاستکردەوە، بەو پێیەی لەماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، "تا ئێستا عێراق هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە لە ڕێژەی گەشتنی ئاو لە تورکیاوە بۆ ڕووبارەکانی، سەرەڕای بەڵێنەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ بەردانەوەی ئاو.

 

خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عێراق دژی سیاسەتی ئاوی تورکیا، ئەگەرچی نەتوانێت گۆڕانکاری بەرچاو دروستبکات، بەڵام ڕەنگدانەوەی ڕادەی ترسی جەماوەری عێراقە لەمەڕ پرسی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر وڵاتەکە بە تایبەت لە هاویندا، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەردەوام هۆشداری دەدەن لە دۆخی عێراق، کە نزیکەی ٪٧٠ی زۆنگاوەکان بێ ئاون و هەموو پارێزگاکانی عێراق بەدەست قەیرانێکی خنکێنەری ئاوەوە دەناڵێنن، عێراقیش لە ڕیزی پێنج وڵاتی زۆر لاوازە بۆ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا.