نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە کارەساتی مرۆیی لە غەززە دەدات

هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە داڕمانی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە، کە بەهۆی گەمارۆ و شەپۆلی سەرما و باران بەرەو خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی بووەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان دەستپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەم گەمارۆیە ئازارەکانی دانیشتوانی غەززە بە بێبەشکردنی لە یارمەتییە مرۆییەکان گەورەتر دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی و ئاوارەبووەکان لە نێوان سەرما و باران و کەمی شوێنی مانەوەدا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٨ی کانونی یەکەم، هێزەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و موشەکییا دەستپێکرد کە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠ کەس برینداربوون، لەنێویاندا کەسێک باری تەندروستی ناجێگیرە.

 

ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە کە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ١١ی یشرینی یەکەمەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم پێشێلکارییە بەردەوامانە بووەتە هۆی کوژرانی ٣٩٤ هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی ١٠٧٥ کەسی دیکە لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕێککەوتنەکەوە.

 

ژمارەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕێککەوتنەکەوە ٨١٣ پێشێلکاری تێپەڕاندووە و بە تێکڕا ڕۆژانە نزیکەی ٢٥ پێشێلکاری ئەنجام دەدرێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی دۆخەکە "زۆر مەترسیدارە" و هەڕەشە لە بەردەوامیی ڕێککەوتنەکە دەکات.

 

شەڕی دوو ساڵەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە میراسێکی مرۆیی وێرانکەری بەجێهێشت، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٧٠ هەزار فەڵەستینی گیانیانلەدەستدا و زیاتر لە ١٧١ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان منداڵ و ژن بوون.

 

هەروەها شەڕەکە بووە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوانی ژێرخانی ئابووری و ماڵ و دامەزراوە گرنگەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان تێچووی دووبارە بونیادنانەوەی کەرتەکەی بە ٧٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، لە کاتێکدایە کە بارودۆخێکی مرۆیی ترسناک بۆ ئەو دانیشتووانەی ماڵ ە حاڵ و بژێوی ژیانیان لەدەستداوە.

 

ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە گەمارۆدان لە کەرتی بەردەوامە و ڕێگری لە چوونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان دەکات بەو ڕێژەیەی کە لەسەری ڕێککەوتوون، ئەمەش قەیرانی ئاوارەکانی زیاتر کردووە، کە بەدەست بارودۆخی سەختی کەشوهەوا و زریانی باراناوییەوە دەناڵێنن، دوایین شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ، کە سێیەم شەپۆلی بارانبارین بوو لە سەرەتای وەرزی زستانەوە، چادرە کاتیەکانی ئاوارەبووەکانی ژێرئاو کرد، کە سێیەم کارەساتی لەو شێوەیەی لێکەوتەوە.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان هۆشدارییان دا لەوەی ئۆپەراسیۆنە مرۆیی٧ەکان لە ناوچەکانی فەڵەستین بەتایبەتی لە غەززە مەترسی داڕمانی لەسەرە ئەگەر ئیسرائیل ئەو بەربەستانەی پەیوەستن بە ڕێکارەکانی تۆمارکردنەوە لانەبات کە بە "کێشەدار، ئارەزوومەندانە و زۆر سیاسییە" پێناسەدەکرێن.