مەلالە یوسفزای: زیندانییکردنەوەی نێرگس محەمەدی ئابڕووچوونێکی مافەکانی مرۆڤە
مەلالە یوسفزای، چالاکوانی ژنانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، نێرگس محەمەدی بەهۆی داکۆکیکردن لە مافی هاوڵاتییان و ژنان دەستگیر کرایەوە، دووبارە زیندانییکردنەوەی ئابڕووچوونێکی مافەکانی مرۆڤە.
ناوەندی هەواڵ
هەفتەی ڕابردوو تەرمی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردی تەمەن ٤٦ ساڵ لە نووسینگەکەی دۆزرایەوە و بنەماڵەکەی وتیان، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە شوێنەکەدا گرتووە، بەو هۆیەوە چالاکوانان لە مەراسیمەکەیدا بەشداریان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە چالاکوان و هاوڵاتی دەستگیر کران، کە نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵ یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان.
مەلالە یوسفزای، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە دەستگیرکردنەوەی نێرگس محەمەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، نێرگز محەمەدی بوێری داواکاری ئازادکردنی ژنانی زیندانیی سیاسیی هەیە و تاوانەکەی بەرگریکردن بوو لە مافی هاوڵاتییان و ژنان و کەرامەتی مرۆڤ بۆیە جارێکی دیکە دەستگیر کرایەوە، من هاوسۆزی خۆم دەردەبڕم و داوای ئازادکردنی دەکەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، دووبارە دەستگیرکردنەوەی نێرگز جێبەجێکردنی یاسا نییە، بەڵکو تۆڵەسەندنەوەیەکی سیاسییە لە وتنی ڕاستیی و هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی دادپەروەری، زیندانیکردنی ئەو ئابڕووچوونێکی مافەکانی مرۆڤە.
مەلالە یوسفزای چالاکوانی بواری مافەکانی ژنانی ئەفغانستان جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتەکان بێدەنگی خۆیان بشکێنن لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی ئازادی ڕادەربڕین و ئاسایشی کەسیی، ئازادی ئەو داواکارییەکی بەپەلەیە و گفتوگۆ ناکرێت.
نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی، تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئێڤیندایەو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی “پرووپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی دیكەی زیندانییکردن سزا درایەوە.
هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەری لابردنی گرێیەکی ئێسک لە بەشی سەرەوەی قاچ و بەستنەوەی ئێسک بۆ نێرگس محەمەدی ئەنجامدرا و بۆ ماوەی سێ هەفتە بە مەرج ئازاد کرا، هەروەها قەدەغەکردنی هەمیشەیی گەشتکردنی بەسەردا سەپێندراوە.