بەپێی ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تەنها یەک ژن پێشێلکاری بەرامبەر کراوە
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لە مەراسیمێکدا خستەڕوو، بەپێی ڕاپۆرتەکەش لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ تەنها یەک پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسی ژن تۆمارکراوە، ڕۆژنامەنووسانیش دەڵێن سەندیکا ئاگای لە ڕۆژنامەنووسان نییە.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لە مەراسیمێکدا خستەڕوو، بەپێی ڕاپۆرتەکەش لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ تەنها یەک پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسی ژن تۆمارکراوە، ڕۆژنامەنووسانیش دەڵێن سەندیکا ئاگای لە ڕۆژنامەنووسان نییە.
سلێمانی
ئەمڕۆ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە مەراسیمێکدا لە ئوتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی ڕاپۆرتی ژمارە ٢٧ نیوەی یەکەمی و ٢٨ نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ی بڵاوکردەوە، کە لەلایەن لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان ئامادەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ١٨٧ پێشێلکاری بەرامبەر دەزگا و ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، دەستگیرکردن ٣٥، ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ ٦١، هێرش و سوکایەتی ٧٩، لێدان ٥ ، هەڕەشە چوار، داخستنی نوسینگە و کەناڵ سێ، کۆی گشتی ٧٩ حاڵەت بەرامبەر ١٨٧ دەزگا و ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە.
لە سەرەتایی مەراسیمەکەدا بژار حەکیم، جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکراکرد، پێشلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە.
"دەبێت سەندیکا بە پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە"
دواتر لەلایەن سەلما فایتح، سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد، ڕایگەیاند سەندیکای ڕۆژنامەنووسان نەبووەتە جێی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و هەندێک بە ناوی ڕۆژنامەنووسەوە پێش ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەخرێن کە بەڕاستی ماندوون و کاردەکەن، هەروەها دەبێت سەندیکا بە پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە، هەروەها دەبێت سندوقی خانەنشینی ڕۆژنامەنووسان چالاکبکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە لەناو ئەو ١٨٧ ڕۆژنامەنووسەدا کە پێشلکارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە، تەنها یەک پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسی ژن ئەنجامدراوە، ئەمەش بووە جێی ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان.
وەک لەنیا بەختیاری پەیامنێر ئاماژەی پێدەکات، ئەم ئامارە جێگەی تێبینییە، "ئێمە لەناو ڕۆژنامەنووسانداین و ئاگاداری بارودۆخی یەکترین، پێشێلکاریمان بەرامبەر کراوە، گێچەڵ، هەراسانکردن و دەرکرن، ئەوەی جێی تێبینییە، کە هیچ تۆمار نەکراوە، لە خۆپیشاندانەکاندا زۆرترین توندوتیژی ئەنجامدراوە، بەڵام تۆمارنەکراون، سەندیکا بۆ وەرگرتنی داتای دروست دەبێت پەیوەندی بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانەوە بکەن، یاخود کارێک بکەن کە ببنە مایەی دڵنیای بۆ ڕۆژنامەنووسان کە بتوانن بچن پێشێلکارییەکان تۆماربکەن لەلایان".
سەلما فاتیح، سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە و پێشتر ڕۆژنامەنووس بووە، تایبەت بە نوژنها ڕەخنەی ئاڕاستەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کرد، کە دەبێت بە سیاسەتی کارکردنی خۆیدا بچێتەوە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و دەزگا ڕاگەیاندنەکان دووربارە بەهێزبکاتەوە، چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکاران خۆیان تۆمارنەکردووە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لەوانەی ئەندامن ئێستا ڕۆژنامەنووس نین.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، کە ئێستا پێویستمان بە یاسایەکی گشتگیری زۆر باش هەیە، کە بتوانێت گوزارشت لە سەرجەم دەزگا ڕاگەیاندنەکان، بە ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و میدیا ئەلیکترۆنییەکان بگرێتەوە.
ت.پ