بکوژی سەرەکی ژنە گەنجەکەی هەولێر دەستگیر کرا

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، بكوژ و تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیی ئه‌و ژنە گەنجەی ئه‌مڕۆ له‌ شارەدێی داره‌تووی هەولیر كوژرا، کە براکەیەتی، ده‌ستگیر كرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ ١٧ی نیسان، لە شارەدێی دارەتووی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژنێکی گەنج بە ناوی "فەیروز ئازاد" لەلایەن باوک، برا، خاڵ و پورزاو خاڵۆزاکانییەوە لەناو ماڵەکەیدا لەکاتی خەودا کوژرا.

 

بەپێی وتەی دایکی فەیروز کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی پێکرد،  کچەکەی لە ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دوو کەسەوە هەوڵدراوە دەستدرێژی زایەندی بکرێتە سەری و کاتێک بەرەنگاریان بووەتەوە، لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکانەوە فڕێ دراوەتە خوارەوە و بەسەختی بریندار بوو، ئەمڕۆش لەلایەن باوک، برا، خاڵ و پورزاو خاڵۆزاکانییەوە بە ٧ گوللـە کوژراوە.

 

باسی لەوەشکرد، باوکی فەیروز، کە ناوی "ئازاد قادر عەبدوڵا"ە و برایەکی بەناوی "عەبدولکەریم ئازاد"، گوللـەکانیان لە فەیروز ئازاد داوە و کوشتوویانە.

 

سەبارەت بەو ڕووداوە وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە، توانیویانە بكوژ و تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیی، کە براکەیەتی دەستگیر بکەن.