بەهۆی دۆسیەکەی گوڵستان دۆکۆوە ٣٨ کەس زیندانی کران

لە گەڕی شەشەمی دۆسیەکەی گوڵستان دۆکودا ٣٨ کەس زیندانی کران، پارێزەر عەلی چیمەن ڕایگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکەدا پرۆسەیەکی پەردەپۆشکردن هەیە و داوای کرد لێکۆڵینەوەکە فراوانتر بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لەو لێکۆڵینەوەیەی کە پەیوەندی بە چارەنووسی گوڵستان دۆکوی خوێندکاری زانکۆی مونزۆرەوە هەیە، لە مانگەکانی ڕابردوودا بەدوای یەکدا ڕووداوی نوێ ڕوویدا، کە دۆکو لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە دێرسیم ون بوو، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا لەسەر چەندین گومانبار بڕیاری دەستبەسەرکردن و زیندانی درا. هەروەها تۆمارە دیجیتاڵییە نوێیەکان، وتەی تۆمتەباران و بەڵگەخرانە ناو دۆسیەکەوە.

 

لەو لێکۆڵینەوەیەدا کە لە مانگی ئەیلوولدا کرا، ژمارەی زیندانیان گەیشتە ٣٨ کەس، پرسیارەکان لەسەر بێسەروشوێن بوونی گوڵستان دۆکو و گەڕانی خێزانەکەی بەدوای دادپەروەریدا بەردەوامن.

 

عەلی چیمەن، یەکێک لە پارێزەرانی خێزانی گوڵستان دۆکو لەسەر ئەم بابەتە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) قسەی کرد.

 

"دۆسیەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو داپۆشرا"

پارێزەر عەلی چیمەن ڕایگەیاند، لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو دا تا ئێستا بە شێوەی شەش بەشی جیاواز ئۆپەراسیۆن ئەنجام دراون، لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ٧٨ کەسدا کراوەو ٣٨ کەس زیندانی کراون.

 

بەبیر هێنایەوە کە لێکۆڵینەوەکە حەوت ساڵە بەردەوامەو وتی: هەر لە سەرەتاوە هەوڵ درا کە دۆسیەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو پەردەپۆش بکرێت، لەبەر ئەوە نەتوانراوە دەست بە هەندێک بەڵگە بگات، بەتایبەت لەناوبردنی بەڵگە دیجیتاڵییەکان بە تێپەڕبوونی كات، لێکۆڵینەوەکەی خستووەتە ناو قەیران و سەختییەوە.

 

چیمەن ڕاگەیاند، گرنگترین کەموکوڕی لە دۆسیەکەدا ئەوەیە کە نەگەشتوون بە خودی گوڵستان دۆکو و وتی: لەو باوەڕە دام داواکاری گشتیی کۆماری ئەرزەڕووم و دێرسیم لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا گوڵستان ڕادەستی خێزانەکەی بکەن.