بەغدا، کۆنگرەیەک بۆ پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتیک دەستیپێکرد
کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو" لە بەغدای پایتەختی عێراق دەستیپێکرد و گفتوگۆ لەسەر پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتیک دەکات، هەروەها باس لە "ڕۆڵی ژنانی عەرەب و کورد لە گۆڕینی عەقڵییەتی کۆمەڵگای عێراق" دەکرێت.

بەغدا
بەیانی ئەمڕۆ کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو" لە بەغدای پایتەختی عێراق بە دەستپێشخەری ئەکادیمیای سیاسەت و فکری دیموکراتی و بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی ئازادی کوردی فەیلی عیراق و ستاندەر و رێکخراوی شەنگالی مرۆڤایەتی و کۆمەڵەی دانوستانی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا دەستیپێکرد.
لە کۆنگرەکەدا زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتی لە ژنان، ڕۆشنبیران، نووسەران، کەسانی ئەکادیمی و سیاسی لە پارێزگاکانی هەرێمی کورستان، شەنگال و عێراقەوە بەشدارن کە نەتەوەی کورد و عەرەب لەخۆدەگرێت بە سەرجەم پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکانەوە.
لە سەرەتادا بە سرودی نەتەوەیی عێراق و خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر لە وتارێکدا کردنەوەی کۆنگرە و گرنگی بەستنی کۆنگرەیەک لەسەر بنەمانی پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتیک باسی لێوەکرا.
کۆنگرەکە لە دوو تەوەر پێکدێت، تەوەری یەکەم باس لە "خەباتی عەرەب و کورد بەدرێژایی مێژووی هاوبەش"، "کاریگەری دەوڵەتی نەتەوە لەسەر پەیوەندی عەرەب و کورد"، "کاریگەری سیاسەتی ئیستعماری نێودەوڵەتی و جدیەتی پڕۆژە نوێیەکانی عوسمانی لە عێراق" دەکات.
هەر لە تەوەرەی یەکەمدا لەلایەن نەجیبە قەرەداغی، پسپۆڕی بواری ژنۆلۆژیا، باس لە "ڕۆڵی ژنانی عەرەب و کورد لە گۆڕینی عەقڵییەتی کۆمەڵگای عێراق" دەکرێت.
تەوەرەی دووەمی کۆنگرەکە پێکدێت لە " چەمکی جەنگ و ئاشتی"، " ململانێی هاوبەشی نێوان عەرەب و کورد لە ئێستادا"، "گرنگی شۆڕشی هزری دیموکراتی لە عێراق (ناسیۆنالیزم، ئایین، نەتەوە)" و " دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و نەتەوەیی دیموکراتی، چارەسەر و پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی ستراتیژی هەرێم".
کۆنگرەکە لە بەغدای پایتەخت یەک ڕۆژ دەخایەنێت و تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
ت.پ