شەڕی یەمەن: ژنان خەبات دەکەن بۆ مانەوە

قەیرانی مرۆیی لە یەمەن بە یەکێک لە خراپترین قەیرانەکانی جیهان دادەنرێت و دوو لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەکەی بە نزیکەی ٢١.٦ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێویستیان بە جۆرێک لە هاوکارییە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان قەیرانی مرۆیی یەمەنی بە یەکێک لە خراپترین قەیرانەکانی جیهان ناوبردووە و دوو لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەکەی بە نزیکەی ٢١.٦ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێویستیان بە جۆرێک لە هاوکارییە.

 

شەڕی هەشت ساڵە لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی حکومەت، کە هاوپەیمانییەکی سەربازییە بە سەرۆکایەتی سعودیە پاڵپشتی دەکرێن و یاخیبووانی حوسی هاوپەیمانی ئێران  کە کۆنترۆڵی شاری سەنعا و بەشێکی زۆری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان کردووە، زیانێکی زۆری بەسەر دانیشتووان و بەتایبەت ژنان و منداڵان هێناوە.

 

ئەو ماڵانەی کە ژنان بەڕێوەی دەبەن، ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە، چونکە تەنها ڕێژەیەکی کەمی ژنان لە دەرەوەی ماڵەکانیان لە یەمەن کاردەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە ژنان بژێوی پەیداکەری سەرەکین بۆ یەکێک لە هەر سێ خێزانێک کە بەهۆی شەڕەکانەوە ئاوارە بوون.

 

لە ماڵێکی بچووکی یەکێک لەو ژنانەی یەمەن بە ناوی "ئوم عادل" کە سەرپەرشتیاری خێزانەکەی دەکات، کەلوپەلەکانی لەسەر زەوی لەناو خۆڵدا کەڵەکە بوون و لەناو جانتاکاندا کۆکراونەتەوە، ئامادەن کە لە هەر ساتێکدا بگوازرێنەوە ئەگەر جارێکی دیکە ئەو و چوار منداڵەکەی ناچاربن بڕۆن، کەلوپەلی ناوماڵیان نییە بۆیە خێزانەکە لەسەر بەتانی لەسەر زەوی دەخەون، سەبەتەی خۆراک کە لەلایەن ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە دابەش دەکرێن کەمییان هەیە، دار کۆدەکاتەوە بۆ ئاگر کردنەوە کە بتوانێت خواردن ئامادەبکات.

 

هەرچەندە ژیانی سەنعا سەختە، بەڵام هێشتا بەشێک لە خێزانەکان لە ناوشارەکەدا ماونەتەوە، ئەو شارە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدایە بەدرێژایی شەڕ لەلایەن حوسییەکانەوە گەمارۆ دراوە و لەگەڵ باقی وڵاتدا هاتوچۆ و پەیوەندییەکانی پچڕاوە.

 

 هاوپەیمانی مەدەنی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ژنانی یەمەن، کە ڕێکخراوێکی ناحکومی ناوخۆییە، دەڵێت لە ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ١٠ ملیۆن ژن لەو وڵاتەدا پێویستیان بە هاوکاری هەبووە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن کۆمیسیۆنی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە گوماناوییەکانی مافەکانی مرۆڤ کۆکراونەتەوە، کە گروپێکی چاودێریکردنە و لەلایەن حکومەتەوە بە پشتیوانی نێودەوڵەتی دامەزراوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤، زیاتر لە ١٠٩ ژن بەهۆی مین لە ناوچەکاندا گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.

 

دۆزینەوەی بەشی خواردنی پێویست یەکێکە لە کێشە گەورەکانی یەمەنەکان کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، برسێتی هەڕەشەیەکی زۆر ڕاستەقینەیە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت، وەڵامدانەوەی فریاگوزاری لە یەمەن لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەورەترین کاردانەوە بووە لە هەموو شوێنێکی جیهان، نزیکەی ١٣ ملیۆن کەس یان بەشەخۆراکی فریاگوزاری یان پارەی کاشیان بۆ دابینکراوە بۆ ئەوەی خۆراکی پێویست بەدەستبهێنن.