چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕێژە زۆرەی کوشتنی ژنان بکەین؟

بووەتە ئەستەم کە مانگێکی ساڵ بە بێ کوشتنی ژنان تێبپەڕێت، ژنان لەناو خێزان و دەرەوەی خێزانەکانیش بە شێوازی جیاواز ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی جیاوازدا بەردەوامە، بەراورد بە ڕابردوو لە ئێستادا هەڵوێست لەسەری کەمترە، بەڵام لە پاش کوشتنی خوێندکارێک بە ناوی نایرە ئەشرەف ناڕەزایەتییەکان گۆڕا بۆ ناڕەزایەتی گشتی و نیگەرانی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە.

 

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و دووبارەبوونەوە و هەمەچەشنکردنی دیاردەکانی کوشتنی ژنان، هەڵوێست وەرگرتن دژی ئەم تاوانانە کەمی کردووە، تەنها ژنانی فێمێنیست و ئەو ژنانەی قبوڵی توندوتیژیەکانی سەر ژنان ناکەن، هەڵوێست وەردەگرن، چونکە خودی ئەو ژنانە خۆیان توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، ئەم جۆرە پێشێلکاریانە لەسەر بوونی ژنان لە کایەی گشتی و توانای بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانیان کاریگەری هەیە، بە تایبەتی ئەگەر لەلایەن خێزان یان کەسێکی نزیکیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، ئەمەش پێویستی بە کاری جددی هەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکانەوە و دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆی.

 

"گرنگیدان بە پرسی ژنان هەوڵدانە بۆ چارەسەرکردنیان"

هالە دوما، پارێزەری دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک پێشێلکاریی دژی ژنان ڕوویداوە، لەوانە توندوتیژی لەناو خێزان و دەرەوەی خێزان، کە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ژنان لەبەردەم خەڵکدا لە شەقامەکاندا بکوژن، چارەسەری ئەم کێشانەش بریتییە لە وەرگرتنی دۆسیەی ژنان لەلایەن داواکاری گشتیەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیانە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، ژنان پێویستە هەنگاو بنێن، دۆسیەکانیان کپ نەکەن، بەڵکو  دۆسیەکانیان بکەنە داوا و بیبەنە بەردەم دادگاکان، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاساوە پارێزگاریان لێبکرێت.

 

"دادپەروەری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی ژنان"

هالە دوما، ئاماژەی بەوەکرد، هەموو دۆسیەکانی ژنان دادپەروەری تەواو نایانگرێتەوە، تەنانەت سادەترینەکانیش، بەتایبەت ئەو دۆسیانەی لەناو خێزانەکاندا ڕوودەدەن، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ دروستکردنی فشاری زیاتر لەسەر ژنان، هەندێک کات دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو ژنانە پەنا نەبەنە بەر دادگاکان، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی تاوانەکان زیاد ببن و ڕێژەی پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنان زیاد ببێت.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە پاڵنانی سیاسەت و یاسای ئەڵتەرناتیڤ لە کۆمەڵگەی مەدەنیەوە گرنگ و پێویستە بەتایبەت لە بابەتی پاراستنی ژناندا، بۆ ئەوەی چیتر ژنان هەست نەکەن لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین بووەتە زیندان بۆیان، ئەم پرسەش پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە.

 

ڕۆڵی حکومەت گرنگە لە پاراستنی ژنان

ئایە عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی دەستپێشخەریی سوپەری ژنان، بە پێویستی دەزانێت حکومەت بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت لە داڕشتنی سیاسەتێکی ڕوونی پاراستن بۆ ژنان لەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، جەخت لەوە دەکاتەوە گۆڕانکارییەکان لە یاسادا گرنگە، بۆ ئەوەی یاساکان لەگەڵ ڕاستی ئێستادا بگونجێن، چونکە یاسا یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین ئامرازەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی، کاریگەری لەسەر ژنان و ئاسایشیان هەیە، چ لە کایەی گشتی یان تایبەتدا بێت.

 

کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی کارا و کاریگەرانەی هەیە

ئایە عەبدولحەمید پێی وایە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گرنگییەکی زۆریان هەیە و کاریگەریی گشتییان هەیە لە باشترکردنی دۆخی ژنان، چونکە ئاسانتر دەتوانن دەستیان بگات بە تاکەکانی کۆمەڵگە، دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەردوو بڕیارەکانی دەوڵەت و هەم لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا، دەشڵێت: دامەزراوەکانی ژنان بە هەموو هێزێکیانەوە کار دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی ژنان چەواشە دەکات، چونکە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە هەندێک لە ڕووداوەکان بە خۆکوژی بە ناو بکات.

 

هەروەها جەختی لەسەر گرنگی کارکردن لەسەر کولتوور، هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەربارەی ڕۆڵی ژنان و گۆڕینی هەندێک چەمکی هاوبەش سەبارەت بە ڕۆڵەکان و پرسی توانای ژنان بۆ دیاریکردنی چارەنووس کردەوە، چونکە هەموو ئەوانە هۆکارن بۆ سەختتر بوونی دۆخی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا.