لە تونس ٧ ژن لەسەر ڕەخنەگرتن لە حکومەت دەستگیرکران

لە تونس کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری کەمدەبێتەوە، ژنان کاردانەوەیان بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ٧ ژنی چالاکوان دەربڕی کە لە هەژمارە دیجیتاڵییەکانیاندا ڕەخنەیان لە حکومەت گرت.

زهور مەشریقی

 

تونس- دوای "شۆڕشی یەسەمین" کە لە ساڵی ٢٠١١ لە تونس ڕوویدا، بە ناوی دیموکراسیەوە هەنگاوەکان نرا و ڕێسا یاساییەکانی ئەم پرۆسەیە یان دواخران یان پشتگوێ خران، لە دوای ساڵی ٢٠١٩، لەو یاسایانەی کە لەسەر کاغەز مابوونەوە، لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاری کە کرا، ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین بە تەواوی ڕێگری لێکرا، لە تونس، "پەیماننامەی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان" کە وەک یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان وەرگیراوە کە پێوەرەکانی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیزەکردن دیاری دەکات، واژۆ کراوە، نیگەرانییەکان لەبارەی ئازادییەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن.

 

تونس کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی جیهانی پەیامنێرانی بێسنووردا پلەی ٩٤ی بەدەستهێنا، ئەمساڵ بۆ ١١٨ەم بەرزبووەوە، لە وڵاتێکدا کە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین سنووردارە، ڕۆژنامەنووسان بە ناوەکانی شازی ئەلحاج موبارەک، زیاد ئەلحانی و خەلیفە ئەلقاسمی بەهۆی چالاکییە پیشەییەکانیانەوە دادگایی دەکرێن.

 

لە تونس زۆرێک لەو چالاکوانانەی کە لەم دواییانەدا ڕاوبۆچوونی خۆیان لە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی میدیادا بڵاوکردەوە، دەستبەسەر و دەستگیرکران و تۆمەتبارکران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە پێی فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە ٥٤ کە ئازادی ڕادەربڕین سنووردار دەکات، دادگایی دەکرێن.

 

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەبیریان هێنایەوە کە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین بە یاساکانی تونس مسۆگەر کراوە و ڕایانگەیاند، دوای دوو ساڵ باوەڕمان وابوو کە لە ستەم ڕزگار بووین، بڕیارەکە ئامرازێکە بۆ نەهێشتنی میدیای ڕەخنەگرانە و کایەی سیاسی.

 

 ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافەکان کاردانەوەیان بەرامبەر ئەم بابەتە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە جێبەجێنەکردنی یاساکان و دەستگیرکردنەکان بۆ داهاتووی وڵات مەترسیدارە.

 

"کەمبوونەوەی کەشوهەوای ئازادی دەبێتە هۆی نەبوونی ژیانی ئازاد"

خەولە بوکریم ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ مادەی ١١٥ی بەبیرهێنایەوە کە پیشەی ڕۆژنامەگەری دیاری دەکات و ڕایگەیاند، ئەم مادەیە لەڕووی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەرییەوە وڵاتی زۆر باشتر کردووە و وتی: ئێمە ئاژاوەگێڕیمان ناوێت و دژی سوکایەتیکردن بە خەڵک و بەکارهێنانی ئازادیین بە شێوەیەکی ئاژاوەگێڕانە، لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە جبەخانەیەکی یاساییمان هەیە بۆ ئەوەی هەر کەسێک پێشێلی یاسای ١١٥ بکات، ڕێگری لێبکەین، نەبوونی ئازادی دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژیانی ئازاد، ڕۆژنامەنووسێکی پیشەیی دەبێت خاوەنی ئەخلاقی پیشەی ڕۆژنامەگەری بێت، ڕێساکانی پیشەکە ڕوونن، بۆیە وەک ڕۆژنامەنووسێک سنووردار نیم لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتدا، نابێت سوکایەتی بکەم. ئەمەش سیاسەتمەداران و هاووڵاتیانیش دەگرێتەوە، بەڕێوەبەران ناتوانن خۆیان لە ڕەخنە بەدوور بگرن.

 

٧  چالاکوان دەستگیرکران

مەنیە بن جەمیع، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، گرنگترین دەستکەوتەکانی شۆڕش بریتین لە ئازادی و دامەزراندنی میدیای فرەلایەنە و ئازاد، بەلام لەم دواییانەدا ژنە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و دادوەرەکان لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانیان سزا دراون، ٧ چالاکوان ڕەوانەی زیندان کراون.

 

وتیشی: ئەم هەنگاوە دژی یاساکانی تونس و نێودەوڵەتییە، با یاسای ٥٨ لەبیر نەکەین کە دژی توندوتیژی تێدەکۆشیت، ئەم یاسایە وەک یاساکانی تر جێبەجێ ناکرێت، لەگەڵ ئەم گرتنانەدا دەبینین ئەو شتەی سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە کە ئەم توندوتیژییە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێت، بەهۆی ئەو بۆچوونانەی کە هیچ زیانێکیان نییە، فشار لەسەر ژنانی چالاکوان بەردەوامە، ئەم دۆخە بۆ ئایندەی وڵات گونجاو نییە. هەموو ئەمانە لە عەقڵیەتی پیاوانەوە سەرچاوە دەگرن کە لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بەدەست دەهێنرێت، بڵاوبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندی بە زایەندپەرستی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بە تایبەتی تێکچوونی دۆخی ئابووری و کێشە سیاسییەکان بووەتە هۆی هێرشکردنە سەر ژنان.