داوای چاکسازی یاسایی و پاراستنی ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی لە عێراق دەکرێت

هاوکات لەگەڵ نەبوونی یاسای ڕێگری و میکانیزمی کاریگەر بۆ پاراستنی، چالاکوانانی مافی ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە عێراق داوای چاکسازیی یاسایی دەکەن بۆ مسۆگەرکردنی شکۆمەندی و پاراستنی ژنان.

کەریمە رەبیعی

 

عێراق- لەم ساڵانەی دواییدا عێراق شایەتی زیادبوونی نیگەرانکەری توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ بووە، کە شێوەی جیاوازی گرتووە، لەوانە دەستدرێژی جەستەیی، دەروونی، سێکسی و زارەکی، هەروەها توندوتیژی خێزانی کە مەترسی لەسەر سەقامگیری خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات، ئەم ڕاستیە نیگەرانییەکی بەرفراوانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دروست دەکات، کە داوای پێداچوونەوە بە یاسای هەنووکەیی و دەرکردنی یاسایەک دەکەن کە ژنان لە پەراوێزخستن و دەستدرێژی دەپارێزن، مسۆگەری دادپەروەری و شکۆمەندی مرۆڤیان بۆ بکەن.

 

توندوتیژی دژی ژنان تەنها پێشێلکارییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستیە کە ڕەنگدانەوەی کەموکوڕییە لە پێکهاتەی یاسایی و کولتووریدا و ڕێگری دەکات لە بەشداریکردنی ژنان لە گەشەپێدان و ژیانی گشتیدا، لێرەوە گرنگی هەوڵی هاوبەشی نێوان دامەزراوە فەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دابینکردنی ئامرازی پاراستنی کاریگەر و پابەندبوون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە داوای نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی هەڵاواردن و توندوتیژی دەکەن، بەمەش مسۆگەری پێگەی یەکسانی ژنان و هاوبەشی ڕاستەقینە لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا دەکەن.

 

"داواکاری دادپەروەری و شکۆمەندی مرۆڤایەتی"

خەیال جەواهیری، چالاکوانی ژنان و جێگری سکرتێری کۆمەڵەی ژنانی عێراق، وتی: لەم دواییانەدا عێراق شایەتی زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان بووە، چ دەستدرێژی سێکسی، جەستەیی، دەروونی، یان زارەکی، لەوانە توندوتیژی خێزانی وەک لێدان و بێڕێزیکردن بە ژن و ئەشکەنجەدانی منداڵان، کە تەنها بەغدا زیاتر لە ٥٣ هەزار حاڵەتی لەو شێوازەی لە دژی ژنان تۆمارکردووە.

 

ڕوونیکردەوە، وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ژنان، مافی مرۆڤ، و کەسایەتییە کولتوورییەکان، کار بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە دەکەن، سنووردارکردنی پەراوێزخستن و بێڕێزیکردن و دەستوەردان لە ژیانی ژنان بە بیانووی سستی وەک "دیسپلینکردنی ژن" یان سەپاندنی کۆنترۆڵ تەنانەت بەسەر جلوبەرگەکانیدا، ئەمانە پراکتیزەگەلێکن کە لە داب و نەریتە بەسەرچووەکانەوە بۆیان ماوەتەوە و جێگەیەکیان نییە لە کۆمەڵگەیەکدا کە بۆ دادپەروەری و شکۆمەندی مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت.

 

"یاساییکردنی هاوسەرگیری منداڵان: شێوازێکی تری توندوتیژی"

خەیال جەواهیری پێی وایە، هەموارکردنەوەی ئەم دواییەی یاسای باری کەسێتی کە بە یاسای جەعفەری ناسراوە، هاوسەرگیری منداڵانی کچی یاسای کردووە، کە بە یەکێک لە توندترین شێوە توندوتیژی و زۆرەملێکردنە لە دژی منداڵان دادەنرێت، ئەمەش جگە لەوەی ڕێگە دەدات بە دەستدرێژی جەستەیی بە بیانووی "دیسپلینکردنی ژنەکە"، ئەم کەیسانە لە بەغدا بۆ زیاتر لە ١٧٪ی دانیشتووان بەرزبوونەتەوە، کە نیشاندەرێکی مەترسیدارە بۆ دابەزینی مافەکانی ژنان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەم بیرۆکە بەسەرچووانە ڕەتدەکەینەوە کە لەگەڵ بەها سەردەمیەکاندا ناگونجێن، ئێمە داوای یاسا دەکەین کە ژنان لەم کارانە بپارێزن، ژنان لە سەدەی ٢١دا دەبێت وەک هاوبەشی بناغەی لە ژیان و گەشەپێدان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها دەبێت ڕێز لە پێگەی ئەوان بگیرێت، چونکە ژنان نزیکەی ٦٠٪ی کۆمەڵگە پێکدەهێنن.

 

"توندوتیژی بە شێوە جیاوازەکانیەوە مەترسی لەسەر ژیانی ژنان دروست دەکات"

ئینتیسار مەیالی، چالاکوانی مەدەنی جەختی لە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ کردەوە و ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان ئەم خەباتە لەگەڵ جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەمووشێوازە جیاکارییەک دژی ژنان "سیداو" کرد کە ئامانجی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی و هەڵاواردنە دژی ژنان، عێراق لە ساڵی ١٩٨٦ بە هەندێک مسۆگەریەوە سیداوی پەسەند کرد کە گفتوگۆی بەرچاوی لێکەوتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی ٢٥ی تشرینی دووەم تا ١٠ی کانوونی یەکەم تەرخانکراوە بۆ دەستپێکردنی بۆنە و چالاکییە مەیدانی و گشتییەکان، جگە لە دەستپێشخەری هاوبەشی نێوان کەرتە حکومییەکان، دامەزراوەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، هەموویان ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بوو لە مەترسیەکانی توندوتیژی و شێوازە جیاوازەکانی.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە توندوتیژی مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی ژنان و کچان، جا چ سێکسی، جەستەیی، ناوماڵ، دەروونی، ئابووری، دیجیتاڵی، یان لە ڕێگەی قسەی ڕقاوییەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دووەمیان لە توندترین شێوازەکانی توندوتیژییە کە بەرگریکارانی مافی ژنان و داکۆکیکارانی پرسی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

"گرنگی ئامرازەکانی پاراستن بۆ ژنان لە عێراق"

ئینتیسار مەیالی جەختی لە گرنگی دابینکردنی ئامرازی پاراستنی کاریگەر بۆ ژنان و منداڵانی کچ کردەوە و وتی: لە کاتێکدا ڕێکارەکان و هێڵی گەرم و پلاتفۆرمەکان بۆ وەڵامدانەوەی خێرا بوونیان هەیە، بەڵام ئەم ئامرازانە لە عێراقدا زۆر سستن.

 

ڕوونیشیکردەوە، نەبوونی ئیرادەی سیاسی و پەناگە بەربەستی گەورەن، کاتێک ڕزگاربوویەک لە توندوتیژی سکاڵا تۆمار دەکات و پەنا دەباتە لای دەزگا ئاسائشییەکان، ڕووبەڕووی کێشەیەکی بنەڕەتی دەبێتەوە، وتی: لە کوێ دەتوانم پەناگە بدۆزمەوە؟ زۆرجار لە بنکەی پۆلیس بەجێدەهێڵرێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەری دەبێت و ئازارەکانی زیاتر دەکات، لە کۆتاییدا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی و بارگرانی زیاتر لە ئەستۆ بگرێت، لە هەمان کاتدا بەهۆی داب و نەریتەوە ڕووبەڕووی مەترسی کوشتن دەبێتەوە، تا ئێستا عێراق یاسایەکی دیاریکراوی نییە بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خێزانە کە بڕیارە پەناگەی پارێزراوی و پاراستنی ژنان بێت، لە زۆر حاڵەتدا دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی توندوتیژی، لەگەڵ کوشتنی ژنان بە بیانووی جیاواز، وەک سووتاندن یان فڕێدانیان لە بەرزاییەکانەوە، پاشان ئەم تاوانانە لە پزیشکی دادوەری و دۆسیەکانی نەخۆشخانەکاندا وەک خۆکوژی تۆمار دەکرێن، هەروەها پێی دەوترێت "کوشتنی شەرەف"، بوونی گۆڕی بەکۆمەڵ لە شاری سەسنا کە پێی دەوترێت "گۆڕی ژنانی گوناحبار" و پێشێلکارییەکانی دیکە کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێن.

 

"پێویستی پێداچوونەوە بە یاساکان"

جەختیشی لەوە کردەوە، کە عێراق ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی بەرچاوی لە ئەستۆدایە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامە و ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ ڕێوشوێنی ڕاستی بۆ پاراستن و ڕێگریکردن لە توندوتیژی، جەختی لە گرنگی خێرا دەرکردنی یاسایەک کردەوە کە بە تایبەتی باس لە توندوتیژی خێزانی بکات، لەگەڵ لێپرسینەوەی ڕاستەقینەی تاوانبارانی ئەم تاوانانە، تێپەڕاندنی ڕێبازە ڕووکەشەکان کە زۆرجار لە ئەنجامدا بێتاوان بە کەفالەت یان دواخستنی کەیسەکان، لەکاتێکدا زیانبەرکەوتووکە بە تەنها دوو بارگرانی لە ئەستۆ دەگرێت.

 

ئینتیسار مەیالی زیاتر جەختی لەسەر پێویستی پێداچوونەوە بە یاساکانی عێراق و نەهێشتنی ئەو بڕگانە کردەوە کە نادادپەروەری بەردەوام دەکەن، وەک مادەی ٣٩٨ کە ڕێگە بە دەستدرێژیکار دەدات لە سزا ڕزگاری بێت ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ زیانبەرکەوتووەکە بکات، ئەمەش تاوانێکی ئاڵۆزترە دژی ژنەکە، وتی: یاسای عێراقی پێویستە بۆ دەرکردنی یاسای ڕوون و هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی، لەوانەش توندوتیژی دیجیتاڵی، هەروەها دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بۆ پاراستن و پارێزراوی و ئاشتی، ئەمەش وایان لێدەکات بتوانن بەشێوەیەکی یەکسان بەشداری لە ژیاندا بکەن.