''عەبدوڵا ئۆجالان بیرمەندێکی خاوەن دیدگایەکی ستراتیژییە''
لە مێژووی فێمینیستدا چەندین کەس هەبوون کە باوەڕیان بە پێگەی ژن و زەروورەتی بەدەستهێنانی مافەکانیان هەبووە، لەوانە قاسم ئەمین لە میسر، تاهر حەداد لە تونس و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە کوردستان.
نەزیهە بوسعیدی
تونس- لە کاتێکدا ژنان لە هەموو وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست عەقڵیەت و دەسەڵاتێکی پیاوسالارییەوە دەناڵێنن، بەڵام بە درێژایی مێژوو پیاوانێکیش هەبوون کە لە دۆخێکی بەردەوامی شەڕدا بوون لەگەڵ ئەم عەقڵیەتانە و لەگەڵ ئەو بیرە کۆمەڵایەتییەدا کە ڕێز لە عەقڵ و تواناکانی ژنان ناگرێت و تەنها وەک ملکەچی پیاوان دەیانبینێت.
لە تونسدا لە نێو ئەو ناوە دیارانەی کە لە مێشکی تونسییەکاندا ماونەتەوە، تاهر حەداد هەیە، کە کۆنەپەرستان ئیدانەییان کرد کاتێک داوای ئازادی ژنانی دەکرد، بەڵام ئەو بە توندی وەستا و ڕووبەڕووی عەقڵی پیاوسالاری بووەوە، هەموو ئەو کاردانەوەشی کە هەبوو پشتگوێ خست، هەروەها لەسەر هەمان ڕێگا، حەبیب بۆرقیبە، سەرۆکی پێشووی تونس، بەردەوام بوو و پاڵپشتی ئازادی ژنانی کرد بە خوێندن و چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر، پلاندانانی خێزان و هێنانەکایەی یاسای شۆڕشگێڕانە لە یاسای باری کەسی لەو سەردەمەدا، وەک قەدەغەکردنی فرەژنی.
جەلیلە تەریتەر، مامۆستای خوێندنی باڵا لە ئەدەبیات و شارستانیەتی عەرەبی، باسی لەوەکرد، باسکردنی ئەو پیاوانەی کە پاڵپشتی ژنانیان دەکرد "دەمانباتە سەر مێژووی عەرەبی - ئیسلامی بەگشتی، کە لە میسردا باسی تەهتاوی و محەمەد عەبۆ و قاسم ئەمین دەکەین، لە تونسیش دوای سی ساڵ، باسی تاهر حەداد دەکەین".
ڕوونیشیکردەوە، "ئەو بەڵگەنامانەی ئەمڕۆ لەبەردەستدان پێویستیان بە خوێندنەوەی مێژووییە، چونکە خوێندنەوەی مێژوویی بناغەیە، دواتر وردە وردە دەچینە سەر چینەکانی دیکەی شیکاری"، وەک ڕەخنەگرێکیش وتی: "ناتوانم نووسینەکانم لە دەستنووسەکانەوە دەستپێبکەم، بۆ نموونە پێویستم بە بناغەیەکی مێژوویی هەیە کە پەیوەندییە مێژووییەکانی تێدابێت بۆ ئەوەی شیکارییەکانم لەسەر بونیات بنێم، کە بە میتۆدۆلۆژیای مۆدێرن ئاگادار دەکرێنەوە".
''کۆنتێکستە گشتیەکان''
دەرە مەحفوز، مامۆستای زانکۆ و توێژەر و چالاکوانی فێمینیست، پێی وایە کە تاهر حەداد بەستەرێکە لە زنجیرەی مۆدێرنیزاسیۆندا و بیرۆکەکانی ڕێگای پێشکەوتنی بۆ ژنان و کۆمەڵگە هێڵکاری کرد و زەمینەی ئایدیۆلۆژی بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژنان و ئەنجامدانی چاکسازیی ڕزگاریخوازانە دامەزراند، کە لە پێشەنگترینیان یاسای باری کەسێتی بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چرایە بۆ ژنانی تونس، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە بزووتنەوەی فێمینیستن، لەنێویاندا چالاکوانانی سەر بە "یانەی ڕۆشنبیری تەهر حەداد"، هەروەها زۆر پیاو هەن کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دەرهێنانی ژنان لەو دۆخەی تێیدا بوون، ئەو پیاوانەش لە چەندین بواردا دەبینرێن، وەک سیاسەت، پەروەردە، سینەما، ئەدەب و وەرزش.
جەختیشی کردەوە، هەندێک لەو پیاوانە لەناو خۆیاندا شتگەلێکیان هەبووە کە وایان لێدەکرد حەز بکەن پاڵپشتی ژنان بکەن، بەڵام زەمینەیەکی گشتیش هەبووە کە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە، بۆ نمونە بوونی شۆڕش و کۆکردنەوەی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ وڵات، چاکسازییەکی دیاریکراو لە لایەن پیاوانەوە هەبوو کە بەناوی ژنانەوە قسەیان دەکرد و ڕوونیان دەکردەوە کە چی لە دەوروبەریاندا ڕوودەدات.
دەرە مەحفوز ئەزموونی خۆی وەبیرهێنایەوە کاتێک بەرپرسیارێتی سەندیکای لە ئەستۆ گرت، هەروەها یەکەم ژن بوو لە یەکێتی خوێندنی باڵا، بەڵام تا چوار مانگ تێپەڕی نەیدەوێرا وتارێک پێشکەش بکات، سەرەڕای ئەوەی پڕۆفیسۆربووە و ڕاهاتووە بە وانەوتنەوە و قسەکردن لەبەردەم خوێندکاراندا، هەروەها ئەو پیاوانەی بە ئەزموونی زیندانیبووندا تێپەڕیون، حەزیان لە نووسینی ژیاننامەی خۆیان بووە، لە کاتێکدا ئەو ژنانەی کە بە هەمان ئەزمووندا تێپەڕیون ، لەسەریان نەنووسراوە، ئەمەش زاڵبوونی پیاوان لە نووسینی مێژوو و نەبوونی ژن لێی ڕوون دەکاتەوە.
سەبارەت بە هەندێک لەو ناوانەی کە لە وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی ژنانیان دەکرد، ئاماژەی بەوەشکرد، "ناوی زۆر هەیە، لەوانە سەعدە دین ئیبراهیم لە لوبنان، کە گۆڤاری ''الوەحدە العربیە''ی هەبووە، بیرمەندێکی گەورە بووە و هانی نووسینی ژنانی داوە، لە میسریش قاسم ئەمین و تەهتاوی و سەعد زەغلول دەبینین، بۆ ئەوەی پیاوان زیاتر پاڵپشتی ژنان بن، ئەو وتی: ''بۆ ژنان پێویستە ئامادەکاری زیاتر بکرێت، پێویستە گرنگی بە پەروەردە بدرێت، چونکە تا ئەمڕۆش کتێبی خوێندنی خوێندنگەکان نووسینی ژنان لەخۆناگرێت، سەرەڕای ئەوەی لە هەموو بوارەکاندا بەردەستن''.
''پیاوسالاری ئەرێنی''
سەلوا قیقە، چالاکوانی فێمینیستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕایگەیاند: "دامەزراندنی چەمکی پیاوسالاری ئەرێنی دەتوانێت یەکسانی ڕاستەقینە بەدەستبهێنێت، چونکە مافەکانی مرۆڤ دابەش ناکرێت"، هەروەها نموونەی زۆر لەم بوارەدا هەیە، لە تاهر حەدادەوە لە تونسەوە تا دەگاتە نووسەری جەزائیری سەعید جەنیت، کە بۆچوونەکانی لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەسیوبیا سەهلورق زەودی، ستایشی کران لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی بەناونیشانی ''بیرەوەرییەکانی ماپۆتۆ یان نامە سۆزدارەکەم بۆ ژنانی ئەفریقا" ، کە لەو کتێبەدا جەختی لەسەر پێویستی دامەزراندنی چەمکەکانی یەکسانی و کردەوەی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی بونیاتنانی ئاسایش و ئاشتی لە ژیانی تایبەت و گشتیدا.
لەنێو ئەو وتە بەناوبانگانەدا، وەک خۆی ڕوونیکردەوە، ئەو قسەیە هەیە کە بول کاغاما، سەرۆکی ڕواندا لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا ڕایگەیاندووە: ''کاتێک ژنان سەردەکەون، هەمووان سەردەکەون و کەس نادۆڕێت''، ئەو لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە لەبەرچاوگرتنی باڵادەستی عەقڵیەتی پیاوانی کۆنەپەرستانە و ستەمی عەرەبییەت کە دان بە جیاوازی و فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووریدا نانێت، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە، کە بە ماندێلای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناویبردووە، هەروەها ئەو فەلەستینیانەی کە بەشداری کۆبوونەوەیەکیان کردووە لە ساڵی ٢٠١٦، کە لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو بە برای ڕێبەر یاسر عەرفات ناویان برد، چونکە قوربانیی هەواڵگری ئیسرائیلە''.
ڕوونیشیکردەوە، عەبدوڵا ئۆجالان بیرمەندە، فەیلەسوفێکی کۆمەڵایەتی - سیاسییە، خاوەنی دیدگایەکی ستراتیژییە بۆ ناوچەکە، ئەو پێی وایە ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەندە بە دامەزراندنی دیموکراتیکی ڕاستەقینە و ڕزگارکردنی ژنان، بۆیە دیدگای ڕێبەر ئۆجالان لە لایەک بە هەڕەشە بۆ سەر عەقڵیەتی پیاوسالاری کۆنەپەرستانە دادەنرێت، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا کە بەدوای کۆنترۆڵکردندا دەگەڕێن لە ڕێگەی سەرکوتی کۆمەڵایەتییەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دیدگای ستراتیژی ڕوون لەسەر هەموو ئاستە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بنەمای بونیاتنانی ئاسایش و ئارامی و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگایە.
سەلوا قیقە لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر "گرنگی کارکردن بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەکان لە ڕێگەی هەڵمەتی هۆشیاری و ڕاگەیاندنەکان و بەرنامەکانی پەروەردەوە کردەوە".