بەشداری ژنانی گەنجی کۆبانی لە بواری وەرزشدا دیارترین دەستکەوتی شۆڕشی ژنانە

کۆمسیۆنی وەرزش و لاوان لە ناوچەی کۆبانێی هەرێمی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵدەدات ئاستی وەرزش بەرز بکاتەوە و تیپی ژنان پێکبهێنێت، کە بتوانێت هەموو یاری و چالاکییە وەرزشییەکان ئەنجام بدات.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشەوە، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و بەهێزکردنی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، وەک وەرزش، بەرەنگاری هەموو بارودۆخ و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتەوە کە دژی بەشداری ژنان بوون لەم بوارەدا.

 

تیمەکانی ژنان لە هەرێمی فورات بەشداری لە زۆربەی وەرزشەکاندا دەکەن، لەوانە تۆپی پێ، بالە، تێنسی سەر مێز و پاسکیل سواری، ئێستا ئەم تیپانە دەتوانن لەسەر ئاستی کۆبانێ و ناوچەکە و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها لەسەر ئاستی سوریا یاری بکەن.

 

"بە خەبات ، ژنان چەمکی شەرمەزاری و حەرامیان شکاند"

لە چوارچێوەی پەرەسەندنی وەرزشی ژنان لە هەرێمی فورات بەتایبەتی لە کۆبانێ، حوسێن شەمسی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی وەرزشی هەرێمی فورات سەبارەت بە پەرەسەندنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و ژیاندا وتی: دەتوانین بڵێین ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پەراوێزخراون، لەوانە سیاسی، سەربازی، ئابووری و تەنانەت وەرزشیش، ڕۆڵی ئەوان سنووردار بووە لە کارکردن لە ماڵەوە و بەخێوکردنی منداڵان، کە شتێکی نوێ نییە، چونکە ژنان هەزاران ساڵە لەژێر چەوساندنەوەی هزری پیاوسالاری و دەسەڵاتداریدا دەژین، ژنان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون و ڕۆڵیان لەژێر چەمکە کۆمەڵایەتییەکاندا پەراوێزخراوە، لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ژنان هەمیشە ئەو کەسانەن کە دەناڵێنن بەهۆی کۆسپی نەریت و چەمکە کۆنەکانەوە، کە کۆمەڵگە لە ڕووی فیکرییەوە بێئاگا دەکات، ژنان زۆر ئازار دەچێژن بەهۆی چەمکی شەرمەزاری و حەرامەوە، چونکە کۆمەڵگە باوەڕی وایە کە کاری ژنان لە دەرەوەی ماڵەکانیان یان ڕاهێنانی وەرزشییان کەموکوڕییە، ئەم چەمکانە ژنانیان سنووردار کردووە و کۆت و زنجیرەکانیان توندتر کردووە.

 

وتیشی: دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان ساڵی ٢٠١٢، ناوچەکە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، دوای ١٠ ساڵ لە خەبات و بەرخۆدانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چەندین دەستکەوت لە هەموو لایەنە سیاسی و سەربازی و ئابووری و خزمەتگوزارییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە بەشداریکردنیان لە بواری وەرزشدا، خەبات و بەرخۆدانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و شکاندنی سنوورەکانی کۆمەڵگە بووە نمونەیەک بۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا کە شوێنیان بکەون، ژنان توانیان ئەو زنجیرانە بشکێنن کە ڕێگرییان لێدەکردن و ئەو چەمکانەیان تێکشکاند کە لە بەکارهێنانی سەرەتاییترین ماف و بەهرەکانیان بێبەشیان دەکرد، ئێمەش داوا لە دەسەڵاتی وەرزش و لاوان دەکەین، تیمی تایبەت بۆ ژنان لە هەموو یارییەکان و وەرزشەکاندا پێکبهێنن، بەتایبەتی لە تایکۆواندۆ و تۆپی پێدا، بۆ ئەوەی یاریزانە ژنەکان بتوانن بەشداری لە هەموو پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا بکەن.

 

"بە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان، بەرەنگاری کۆمەڵگە بوومەوە"

ڕۆهان ئاوسو، یاریزانی تێنسی مێز، کە تەمەنی ٢٠ ساڵە، وتی: کاتێک لە قوتابخانە بووم، حەزم لە هەموو جۆرە وەرزشێک بوو، هەروەها بەشداریم لە یارییەکانی تۆپی باسکەی قوتابخانە و تۆپی پێدا دەکرد، خۆشەویستی و حەزی من بۆ وەرزش پاڵنەر بوو بۆ ئەوەی خۆم و بەهرەکانم لە بواری وەرزشدا گەشە پێبدەم و تەنانەت بۆ هەمووان بسەلمێنم کە وەرزش تەنها بۆ پیاوان نییە، بەڵکو وەرزش مافی ژنانە، چونکە کۆمەڵگە و نەریتەکان هەمیشە ڕێگرییان دەکرد لە جێبەجێکردنی مافەکانمان کاتێک ئێمەی کچان لەگەڵ منداڵانی دیکەی گەڕەکەکە یاریمان دەکرد، لە یاری تێنسی مێزدا هەوڵم دا گەشە بکەم و خۆم بەهێز بکەم، بەهۆی خۆشەویستی و حەزی خۆم، لە ماوەی چوار ساڵی دەستپێکردنی یارییەکەدا توانیومە پێشکەوتنێکی زۆر لەم یارییەدا بەدەستبهێنم و سەلماندم کە ژنان دەتوانن ئەو سنوورانە بشکێنن کە بەسەریاندا سەپێنراون.

 

"پێویستە ژنان سنورەکانی کۆمەڵگە بشکێنن"

ڕۆهان ئاماژەی بەوەشکرد زیاتر لە دوو مانگ بەشداری لە ڕاهێنانی چڕدا کردووە بۆ ئەوەی شارەزاییەکانی لە یاری تێنسی مێز باشتر بکات، لە چەندین پاڵەوانێتیدا بەشداری کردووە لەسەر ئاستی جیاواز، لەوانە پاڵەوانێتییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە یاری تێنسی مێزدا، بەشداریکردنم لەو پاڵەوانێتییانە ئەزموونێکی باش بوو بۆ من، بەڵام سەلماندم کە خواستی ژنان بەهێزترە لە چاوەڕوانییە نەرێنییەکانیان و من لەم ئەزموونەدا بەشدار بووم و سەرکەوتوو بووم.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، پەیامێکی هاندانی بۆ ژنانی گەنجی کۆبانی بە تایبەتی و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە گشتی نارد و وتی: پێویستە هەموو ژنان و ژنانی گەنج سنوورەکانی کۆمەڵگە بشکێنن و بەبێ ترس و دوودڵی بەهرەکانیان بەهێز بکەن، بۆ ئەوەی شۆڕشەکەمان بەردەوام بێت.