بۆیەکەمجار پاڵەوانێتی فڕین لەسەر ئاستی عێراق لە کۆیە بەڕێوەدەچوو ژنان رۆڵی گرنگیان هەبوو
پێشبڕکێی نێودەوڵەتی کۆیە بۆ پێکانی پۆینت لە یاری فڕینی ئاسمانی لە شاخی هەیبەتسوڵتان بەڕێوەچوو و لەهەمو پارێزگاكانەوە وەرزشوانانی بواری پەرەگرایدەر بەشداربوون، چەند ژنێكیش بەشداربوون.
شیا كۆیی
كۆیە_ پێشبڕکێی نێودەوڵەتی کۆیە بۆ پێکانی پۆینت لە یاری فڕینی ئاسمانی "پەراگلایدەر" لە شاخی هەیبەت سوڵتان لە کۆیە بەڕێوەچوو كە هەریەك لە یانەی ئاسمانی هەیبەت سوڵتان، و ناوەندی هەڵۆكانی كۆیەو یانەی كۆیە ڕێکیان خستبوو، بە بەشداری ٥٦ یاریزان و نزیکەی ١٥ تیم بەڕێوەدەچوو سێ رۆژی خایاند.
پیشتریش لە كۆیە چەندین پاڵەوانێتی فڕینی پەراگلایدەر لەسەر چیای هەیبەتسوڵتان بەڕێوەچووە لەسەر ئاستی هەرێم و ناوخۆی عێراق بەلام بۆ ئەمجارە یەکەمجارە کۆیە و هەیبەت سوڵتان پاڵەوانێتی فڕین لەسەر ئاستی عێراق لەخۆدەگرێت، هەرچەندە کەش و هەوا کاریگەری لەسەری هەبوو، و بۆ رۆژی سێیەم گواستیانەوە ناوچەی سماقوڵی و لەوێ كۆتایی بە پاڵەوانیەتە هێندرار و مەدالیاو خەڵات بەسەر یاریزانەكانی یانەكان وتیمەكان دابەشكرا.
كاپتن زەینەب هاشم، ناوبژیوان لە فیدراسیۆنی وەرزشی ئاسمانی بەغدا سەبارەت بە بەشداری ژنان لەم پاڵەوانیتیە، بۆ ئاژانسەكەمان وتی ئێمەش خولیای ئەم وەرزشە نایاب و ناوازەیەن و ستافی ژن ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە یانەکاندا، پێویستە فیدراسیۆنی وەرزشی ئاسمانی دەستبکات بە پشتگیریکردن و هاندانی ئەم ستافەی ژنان لەم پاڵەوانیەتیەكاندا.
داوادەکات گروپی ژنان گەورەتر ببێت
زەینەب هاشم وتیشی ئەمرۆ ئێمە چوار ژنمان هەیە کە بەشداری لە ڕاهێنانی سەرەتاییدا دەکەن، و دەمانەوێت ئەم گروپە فراوانتر بکەین و من زۆر دڵخۆشم بەم بەشدارییە؛ چونكە لەڕادەبەدەر گرنگە بەشداری ژنان من لە دەرەوەی وڵات بینیومە، كاتێك چومە كاغستان و زۆر وڵاتی تر، بەشداریم لە خولی ڕاهێنانەکانیان کردووە، بینیم ستافی ژن زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بۆ ئەم وەرزشە ئامادەن ، بۆیە کاتێک گەیشتمەوە عێراق لەگەڵ کاپتنەکان قسەم کرد تا بتوانین پشتگیری ستافی ژن بکەین لە پاراگلایدەردا، گروپی ژنان بازنەی خۆیان لەم بابەتەدا گەورەتر بکەن، مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە دەبێت یاساکان جێبەجێ بکەین و ستافی ژن مافی ئەم بابەتەیان هەیە و ئێمەش.
"هیچ جیاوازی نییە لەنێوان ڕەگەزەکاندا"
سەبارەت بە جیاوازی لەنێوان ڕەگەزەکاندا لە بەشداریکردن لەم وەرزەشەدا كاپتن زەینەب وتی: ڕاستگۆیانە قسەبكەین هیچ جیاوازی نییە لەنێوان رەگەزەكان هەمووی وەک یەکن ئەوەی ئازایەتی و بوێری هەبێت دەتوانێت وەرزشی فرین بكات، و ئێمە لە عێراق خۆمان پاڵەوانی زۆرمان هەیە، فیدراسیۆنی وەرزشی ئاسمانیش بەشداری بەژنان دەكات هاوكارە بە پێدانی دەرفەت بەوان لەم بابەتەدا.
"ئەم وەرزشەش هیچ جیاوازی و قورسی تیدانیە جا بۆ ژن بێت یان پیاو"
سۆز حەسەن، یاریزانی پەرەگلایدەر لە یانەی فرۆكەوانی سلێمانیەوە بەشداری كردبوو وتی: ماوەی ساڵێكە دەستم بەو باریەكردووە و لەمانگی پێنجی ئەمسال فرینم كردووە، هیوادارم ئەو پاڵەوانیەتیانە زیاتر بكرێنەوە بۆ ئیمە كە نوێین چونكە سودی زۆری لێدەبینین و ئەم وەرزشەش هیچ جیاوازی و قورسی تیدانیە جا بۆ ژن بێت یان پیاو بوێری خۆت رۆڵ دەبینێت.
سۆز وتیشی: بۆ ئەمجارە هیچ پێكانم نەبوو لە پۆینت بەڵام بۆداهاتوو زۆر سودم لێبینی، بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان گرنگی بەم یاریەنادرێت لەكاتێكدا كوردستان زۆر شوێنی گونجاوی هەیە بۆ فرین، بەنموونە چیای گوێژە كە ئەویش خەریكە نامێنێت، ئێمە بەداخین بۆ ئەوە دەمانەوێت گرنگی پێبدرێت وبەم هۆیەوە گەشتوگوزاریش پێش دەكەوێت وەك وڵاتانی دیكە، من كاتێك چومە ئێرام بینیم ژنان زۆر لەپێشن و یاریزانی بایان تێدایە، كوردستانیش زۆرلەبارە بۆ ئەم یاریانە پەرەی پیبدرێت.
هودا دلێمی، ئەندام لە فیدراسیۆنی ئاسمانی ناوەندی عێراق و ئەندامی یانەی ئاسمانی باڵەکانی بیابان سەبارەت بەم پاڵەوانێتییە وتی: پاڵەوانێتییەکی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە، سوپاسی ڕێکخەران دەکەین، بەشداریکردنەکەش زۆر سەرنجڕاکێش بوو, بەشداری ژنانیش باش بوو و سروشتی جوگرافیای شوێنەکە زۆر جوانە و گونجاوە بۆ ئەم وەرزشە، تەنانەت کەش و هەوا، مەبەستم هەوایە، هەمووی بۆ ئەم وەرزشە گونجاوە و شاری کۆیە هەمیشە لە پێشەنگی میوانداریکردنی ئەو پاڵەوانێتیانەدایە, سوپاسیان دەکەین، سوپاسی یانەكانی كۆیە دەكەین هەریەك لە یانەی ئاسمانی هەیبەتسوڵتان و یانەی هەلۆكانی كۆیە و قایمقامو بەڕێوەبەری گەشتوگوزرای كۆیە دەكەین بۆ هەموو ئەو شتانەی پیشكەش بە ئێمەیان كردووە.