هۆڵێکی وەرزشی تەندروستی ژنانی یەمەن دەپارێزێت
دینا ئەمین لە ڕێگەی پڕۆژەی "کاردیۆ جیم"ەوە شوێنی بۆ پاراستنی تەندروستیان و پاڵپشتی بەشداریکردنیان لە وەرزشدا بۆ ژنان ڕەخساندووە.
ڕەحمە شەنزوور
یەمەن – لە ناو ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ململانێ و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە قووڵە چەسپاوەکان دەیخەنە ڕوو، چیرۆکی کۆڵنەدان و داهێنان وەک چرای هیوا سەرهەڵدەدەن، بە تایبەت کاتێک باس لە بەهێزکردنی ژنان دەکرێت لە کەرتە گرنگەکاندا، هۆڵی وەرزشی ژنان "کاردیۆ جیم" نوێنەرایەتی دەستپێشخەرییەکی پێشەنگ دەکات لە یەمەن.
لە شاری تەعز لە یەمەن کە بەهۆی چەندین ساڵ ململانێیەوە وێران بووە، چیرۆکێکی سەرکەوتنی ناوازە دیارە، دینا ئەمین تەمەن ٣٥ ساڵ پڕۆژەی "کاردیۆ جیم"ی دەستپێکرد، کە یەکەم هۆڵی وەرزشی شارەکەیە و تایبەتە بە ژنان، بۆ پشتگیریکردن لە مافی وەرزشکردنیان.
پڕۆژەکە شوێنی پارێزراو پێشکەش بە ژنان دەکات بۆ وەرزشکردن و بەدەستهێنانی لەشجوانییەکی باش، لە هەمان کاتدا وزە و زیندووییان بەرز دەکاتەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە نەریت و تێڕوانینە کۆنەپەرستانەکان زاڵە سەبارەت بە ژنان و بەشداریکردنیان لە وەرزشدا.
"دەرچەیەکی تەندروست بۆ ژنان"
دینا ئەمین کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە کارگێڕی بازرگانیدا، ەتی: چیرۆکەکە بە پێویستییەکی کەسی و کۆمەڵایەتی دەستیپێکردووە، هەستم دەکرد ژنان لە تەعز، لە کاتی ململانێکاندا، پێویستیان بە شوێنێکی پارێزراو هەیە کە ڕێز لە تایبەتمەندییەکانیان بگرێت و ڕێگەیان پێبدات خۆیان و تەندروستی خۆیان دەرببڕن بەبێ ئەوەی لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵایەتی یان بەهاکانی کۆمەڵگەدا بەریەککەوتنیان هەبێت.
بیرۆکەکە تەنها دووبارەکردنەوەی نموونەیەکی هەبوو نەبوو، بەڵکو وەک خۆی، وتی: ئەوە "بیرکردنەوە لە دەرەوەی سندوقەکە بوو"، وتی: پڕۆژەکە بە دوو ئامانج دەستیپێکردووە، یەکەم دابینکردنی دەرچەیەکی تەندروست و پارێزراو بۆ ژنان، لە هەمان کاتدا بڵاوکردنەوەی کولتووری تەندروستی نوێ و کردنەوەی دەرگا بەڕووی ئەو پراکتیزە تەندروستانەی کە پێشتر نامۆ بوون.
ڕوونیکردەوە، کە ئامانجەکە تەنها لەشجوانی نییە، کە بریتییە لە شکاندنی چەشنە کۆنەپەرستییە باوەکانی کۆمەڵگە و پێشخستنی کولتووری وەرزش و تەندروستی لەنێو ژناندا، هاوسەنگبوون لەگەڵ پێکهاتە سەردەمیەکان.
"ئاڵەنگاری نەریت و چەشنە کۆنەپەرستانەکان"
ڕێگاکە ئاسان نەبوو، بەو پێیەی گەورەترین ئا ئەوەندە دارایی نەبوو، بەڵکو کولتووری بوو، ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک دەستمان کرد بە کارکردن لەسەر دامەزراندنی یانەکە، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووینەوە، بەو پێیەی کۆمەڵگە دژی هەموو بیرۆکەیەکی نوێیە، ئێمە بە ئارامی و ڕوونییەکی زۆرەوە ڕووبەڕووی ئەمە بووینەوە، بە ڕوونکردنەوەی بیرۆکەی یانەکە، بەها و ئامانجەکانی، هاوڵاتیان دەستیان کرد بە تێگەیشتن لەوەی کە ئێمە کاردەکەین بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و ژنان بەتایبەتی، گرەو لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەکەم کە بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی تەندروستییەوە بەهێزکردنی هەموو خێزانەکەیە، ئەم لۆژیکەش سەلماندویەتی کە کاریگەرە گۆڕینی باوەڕەکان.
ڕوونیشیکردەوە، کە "کاردیۆ جیم" هەنگاوێکی بێ وێنەیە لە یەمەن، خاڵی وەرچەرخانەکە کاتێک هات کە پیاوان سەرنجیان دا کاریگەری ئەرێنی وەرزشکردن لەسەر ژن و خوشکەکانیان و دەنگە گوماناوییەکانی سەرەتا گۆڕا بۆ دەنگە پشتیوان و هاندەر.
هۆڵی وەرزشەکە بەرنامە و چالاکی جیاواز پێشکەش دەکات کە پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان دابین دەکات، لەوانە ئەوانەی کێشەی تەندروستی یان فشاری دەروونییان هەیە، ئامێری وەرزشی پێشکەوتووی تێدایە و تیمێکی تایبەتمەند لە ژناندا کارمەندیان هەیە، کە ئەمەش ستایشی بەرفراوانی و بەشدارییەکی بەرچاوی لەنێو ژنانی شارەکەدا بەدەستهێناوە.
دینا ئەمین پێی وایە پڕۆژەکە باس لە پرسی سەرەکی بەهێزکردن دەکات، پێشهاتەکانی ئەم دواییە سەلماندوویانە کە ژنان توانای بەڕێوەبردنیان هەیە بە کارایی و کاریگەرییەکی بەرز، بەڵام پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە: ئایا کولتوور و نەریتەکانمان ڕێگەیان پێدەدەن بوترێت 'دەتوانم ئەوە بکەم'؟
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا کار لەسەر دەستپێکردنی بەرنامەی نوێی مەشق دەکەین کە لەگەڵ پێداویستییە جیاوازەکانی ژنان بگونجێت و فراوانکردنی مەشقی ئۆنلاین بۆ دابینکردنی دەرفەت بۆ ئەوانەی ناتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری بکەن، پێشبینی دەکەین ئەم پلانە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو جێبەجێ بکرێت.
وتی: هۆڵی وەرزشی بووەتە نموونەیەکی ڕاستەقینە بۆ وەرزشی ژنان لە تەعز، بووەتە چیرۆکێکی ئیلهامبەخش کە هاندەری دەستپێشخەری هاوشێوە بووە، ئێمە دەرگامان بۆ ئەوانی تر کردەوە، ئەمەش بەشێکی گرنگە لە سەرکەوتنەکانمان لە سەلماندنی ئەوەی کە وەرزشی ژنان نامۆ نییە بۆ کۆمەڵگە، بەڵکو پێویستییەکە لە ژیانی ژناندا، ئێمە دەمانەوێت مەشقکردنی وەرزش ببێتە خوویەکی سروشتی و تەندروست، چونکە وەرزش شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، وەک هەندێک پێیان وایە، بەڵکو پێویستییەکی سەرەتاییە بۆ ژنان.