ژنانی گەنج بە ئەسپسواری بەربەستەکان دەشکێنن

لە کۆمەڵگەیەکدا کە بە شێوەیەکی نەریتی ئازایەتی لەگەڵ پیاوسالاری یەکسان کردووە، شوڕشگێڕانی باشووری لیبیا سەریان هەڵداوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە هێز بە جەستەی ناپێورێت، ژنانی گەنج بە ئەسپسواری بەربەستەکان دەشکێنن.

مونا تۆکا

 

لیبیا- لە باشووری لیبیا کە نەریتەکان لەگەڵ ئاڵەنگاریەکاندا تێکەڵ دەبن، چیرۆکی ژنانی ئەسپسواری یانەی ئەسپسواری فەزان ئۆئاس وەک چیرۆکێکی ناوازەی کۆڵنەدان و شکاندنی بەربەستەکان و پێناسەکردنەوەی بوێری سەرهەڵدەدات.

 

ئەسپسواری هەرگیز تەنها وەرزشێک نەبووە لە باشووری لیبیا، بەڵکو هێمای پیاوسالاری و گۆڕەپانێکی داخراو بوو بۆ ژنانی گەنج، بەڵام یانەی ئەسپسواری فەزان ئۆئاس بڕیاریدا دەرگاکانی بەڕوویاندا بکاتەوە، کە ئەمەش لاپەڕەیەکی نوێی لە چیرۆکەکەدا دەستپێکرد، لە شەهد حەمیدەوە کە لە منداڵییەوە خەونی دەستپێکردووە، تا ئەبرار عومەر کە بەسەر ترسەکەیدا زاڵ بووە، تا دەگاتە جەیدا و ئیلاف کە سەرپێچیان لە نەریت کرد، چیرۆکی ژنانانی ئەسپسواری باشوور لە شێوەی ئاوێنەیەکدا ڕەنگدانەوەی ئازایەتی ژنانێکی گەنجە کە بڕیاریان داوە ڕاستیەکی نوێ بە هەنگاوی ئەسپەکان لەسەر خاکی سەبها بنووسن.

 

چیرۆکەکە لە خۆرئاوابوون دەست پێدەکات

کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەیە لە حەوشەی یانەی ئەسپسواری فەزان ئۆئاس لە شاری سەبها، ئاسمان وردە وردە دەست دەکات بە خۆرئاوابوون، تیشکی زێڕینی خۆر لە نێوان قاچی ئەسپەکاندا دەخزێت و دەنگی کۆلەکانیان کە بە متمانەوە بەر زەوی دەدەن بەرز دەبێتەوە.

 

لەم دیمەنەدا کە ڕەنگی تۆز و سەرسوڕمانە، کۆمەڵێک ژنی گەنج بە جلوبەرگی سپی ئەسپ سوارییەوە پێشدەکەون، دەربڕینەکانیان هەم جۆش و خرۆش و هەم سەرسوڕهێنەرە، ئەوان بە دەستی بچووک بەڵام پتەوە کۆنتڕۆڵەکان دەگرن، وەک ئەوەی دەست بە تاڵەکانی ئازادی خۆیانەوە بگرن، لە قوڵایی باشووری کۆنەپەرستی لیبیا دێن.

 

ئەم ژنانی گەنجانە سوارەکانی یانەی فەزان ئۆئاسن، کە یەکەم یانەیە لە باشووری لیبیا پێشوازی لە ژنانی گەنج دەکات و خولی پەروەردەی ژنانی گەنج دەکات لە بواری ئەسپسواری و بازدانی نمایشیدا، ئەم هەنگاوە بێ وێنەیە یەکێک لە قوڵترین چەشنە چەقبەستووەکانی کۆمەڵگەدەشکێنێت: کە ئسپسواری تەنها بۆ گەنجانە.

 

خەونێکی منداڵی کە لەگەڵ ئەسپدا گەشەی کرد

شەهد حەمید، یەکێکە لە ئەسپسوارە بەتەمەنەکانی یانەکە، بە زەردەخەنەیەکی شانازییەوە، وتی: ماوەی هەشت ساڵە لە یانەکەدا خولی پەروەردە وەر دەگرم، یەکەم ئەزموونی بازدانی نمایشیشم لە ساڵی ٢٠٢٠ بوو، هەروەها خۆشەویستیم بۆ ئەسپسواری لە منداڵییەوە دەستیپێکردووە، ئێمە ئەسپمان خۆشدەوێت و زۆرپێمان خۆشە لەنێویاندا بین.

 

بەردەوام دەبێت و دەستی بە ملی ئەسپەکەیدا دەهێنێت، وتی: لەکاتێکدا هێشتا لە قوتابخانە بووم بەشداری یەکەم پێشبڕکێی خۆمم کرد، کە تەمەنم تەنها دە ساڵ بوو، دوای ئەوە بەشداریم لە دوو پێشبڕکێی ئەسپدا کرد، توانیمان ئەو چەشنە چەقبەستووە بشکێنین کە ژنانی گەنجی ئەسپسواری نابن، ئێمە ناوەستین، بەردەوام دەبین لە گەشتەکەمان لە بازدانی نمایش و سەرکەوتوو دەبین لەو کارەدا، بۆ ئەوەی بتوانم ببمە ئەسپ سوارێکی بە ئەزموون لەو وەرزشەی کە بە هەموو دڵمەوە خۆشم دەوێت.

 

ڕازیکردن لە ماڵەوە دەست پێدەکات

سەبارەت بە جەیدا ئەحمەد، ئەسپسوار کە ئەمساڵ دەستی بە کاری مەشق و خولە پەروەردەیەکان کردووە، پێدەکەنێت کاتێک یەکەم هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی باوکی بەبیر دێنێتەوە، وتی: کاتێک بۆ یەکەمجار هاتمە یانەکە، کارێکی ئاسان نەبوو، باوکم ڕازی نەبوو بەو بیرۆکەیە نەبوو، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوام بووم لە ڕازیکردنی، تا دواجار ڕازی بوو دوای ئەوەی خولیای ڕاستەقینەی منی بینی، دواتر دایکم هات، بۆ ئەوەی پشتگیریم بکات بە هەمان شێوە.

 

بە زەردەخەنەوە بەردەوام دەبێت، وتی: تەنانەت هاوڕێکانی قوتابخانەکەم سەرەتا سەریان سوڕما لە هەڵبژاردنەکەم، بەڵام زۆری نەخایاند دەستیان کرد بە پرسیارکردنم، بۆچی نا؟ بۆچی ئێمەش سواری ئەسپ نابین؟.

جەیدا ئەحمەد بە جۆش و خرۆشەوە باس لە یەکەم ئەزموونی خۆی دەکات لە جیهانی ئەسپسواریدا، وتی: من لێرە لە سەبها بەشداریم لە پێشبڕکێیەکدا کرد، و ئەزموونێکی لەبیرنەکراو بوو، ئەسپسواری تەنها وەرزش نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بوێری و پابەندبوون و متمانە بەخۆبوونەوە هەیە، ئامۆژگاری هەموو ژنانی گەنج دەکەم کە ئەم ئەزموونەیان هەبێت، چونکە ناوازە و لەبیرنەکراوە.

 

لە نێوان تەماح و شکاندنی خولەکە

ئیلاف عومەر پێی وایە هاتنی بۆ ناو جیهانی سوارچاکی تەنها خولیایەکی تێپەڕ نەبووە، بەڵکو پچڕانێک بووە لە ڕۆتینی ژیان، بە متمانەوە وتی: پەیوەندیم بە یانەکەوە کردووە، چونکە ئەزموونی نوێم خۆشدەوێت، حەزم لە ڕۆتین نییە، هەمیشە بەدوای ئالەنگاری دەگەڕێم و تواناکانم دەدۆزمەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشداریم لە پێشبڕکێیەکدا کردووە لەسەر ئاستی مەغریب کە لە میسراتە بەڕێوەچوو، هەرچەندە سەرکەوتوو نەبووم، بەڵام ئەوە یەکەمجار بوو بەشداریم کرد، زۆر شت لێ فێربووم.

 

ئیلاف عومەر وەک هاوکارەکانی پێی وایە کە ئەسپسواری لەوە زیاترە کە تەنها وەرزشێکی جەستەیی بێت،بەڵکو ئەزموونێکی قوڵی مرۆییە بە هەموو واتاکانیەوە، وتی: شێوازی مامەڵەکردنت لەگەڵ ئەسپەکاندا فێری ئارامی و بەرپرسیارێتیت دەکات، هەست دەکەم ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵیان گەشە دەکەم، خەونم بەوەیە بەردەوام بم لە پێشکەوتن، بۆ ئەوەی ببمە ئەسپسوارێکی ناسراو و ڕەنگە تەنانەت لە داهاتوودا ڕاهێنەرێک بم.

 

ترسی یەکەم... و سەرەتای کە هەرگیز نەوستا

سەبارەت بە ئەبرار عومەر، کە بچووکترینی ئەسپسوارەکانە، ا٤ ساڵانە، وتی: لە پۆلی چوارەمەوە ئەسپم خۆشدەوێت، یەکەم ئەزموونی ئەسپسواربوونم پڕ بوو لە ترس، بەڵام دایکم و خوشکەکەم هانیان دەدام، هەروەها باوکم هەمیشە پاڵپشت و هاندەر بووم.

 

زەردەخەنە دەکات کاتێک سەیری ئەسپەکەی دەکات، وتی: بۆ ماوەی چوار ساڵ لە یانەی فەزان ئۆئاس مەشقم کردووە، لەو ماوەیەدا فێربووم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەسپەکان بکەم و چۆن متمانە لە خۆمدا بچێنم، ئەسپەکان هەست دەکەن کاتێک دەترسیت، بۆیە گرنگە نەک تەنها لە جەستەتدا بەهێز بیت، بەڵکو لە دڵتدا بەهێز بیت.

 

شکاندنی بێدەنگی

یانەی فەزان ئۆئاس تەنها گۆڕەپانی مەشق و خولی پەروەردە نەبوو، بەڵکو شوێنێکی ئازادی بوو بۆ ژن و ژنانی گەنجی باشوور، کە توانیان ئەو بێدەنگییە کۆمەڵایەتییەی دەوروبەریان بشکێنن و بیسەلمێنن کە ئەسپسواری دۆمەینی تایبەتی پیاوان نییە.

 

یانەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بیرۆکەی بەهێزکردنی ژنانی گەنجی وەرگرتووە، سەرەڕای ڕەخنە و ناڕەزایەتی سەرەتای، کۆمەڵگە بیرۆکەی ئەسپسواری ژنانی گەنجی قبوڵ نەکرد، ئەمڕۆ ژنانی ئەسپسواری خۆیان بوونەتە نموونە لە سەبها و باشوور،

ئەسپسواری بۆ ژنانی گەنج لێرە زیاتر بووە لە تەنها خولیایەک، بەڵکو ناسنامەیەکی نوێیە کە ئاڵەنگاری نەریتەکان دەکات و پەنجەرە بەڕووی خەونەکاندا دەکاتەوە لە نێوان ڕاستیەکی پڕ لە سنووردارکردندا.