ژنان لە ڕێگەی وەرزشی بالە کەسایەتی و هێزی خۆیان دەناسن

تیپی سەردەمی بالەی ژنان لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە، ڕەنگین حاجی ئەحمەد، ڕاهێنەری تیپی سەردەم و هەلما مجوەل، یاریزانی تیپەکە ئاماژەیان بەوەکرد، لە ڕێگەی تۆپی بالە کەسایەتی و هێزی خۆیان دەناسن.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- تیپی سەردەمی بالەی ژنان لە ساڵی ٢٠١٨ بە فەرمی دامەزراوە، چەندین جار لەسەر ئاستی کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاستی یەکەمیان بەدەستهێناوە و چەندین جاریش لە شارەکانی سووریا وەک شام و لازقیە ئاستی یەکەمیان بەدەستهێناوە.

 

ڕەنگین حاجی ئەحمەد، ڕاهێنەری تیپی سەردەم و هەلما مجوەل، یاریزانی تیپەکە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"قاڵبەکە دەشکێنن"

ڕەنگین حاجی ئەحمەد باسی لە دەستپێکی پێکهێنانی تیپی سەردەم کرد و وتی: لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ئێمە وەک ژنانی تیپی سەردەم تەنها لەسەر ئاستی عامودا یاریمان کردووە، بەڵام لە ٢٠١٨ەوە بە فەرمی و لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یاریمان کردو تیمی سەردەم دامەزرا، ئامانجمان شکاندنی ئەو چەشنە کۆنەپەرستانەیە لە کۆمەڵگادا وەک ژنانی گەنج سەلماندمان کە نەک تەنها پیاوان دەتوانن ئەم وەرزشە بکەن بەڵکو ژنانیش دەتوانن، تیمەکە تیپێکی زۆر بەهێز بوو، ئەو ژنانەی لەم تیپەدا یاری بالە دەکەن زیرەک و بەهێزن.

 

"بە هێز و تێکۆشانمان نیشانمان دا کە دەتوانین وەرزش بکەین"

باسی لە سەختییەکانی دەستپێکردنی تیپەکە کرد و کە چەند ژنێکی کەم لە تیپەکەدا هەبوون لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: لەسەرەتادا بەھۆی ئەو قسانەی کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر بووینەوە کە دەیانوت شەرمەزارییە ژنان چۆن وەرزشێکی لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن، بەڵام بە هێز و تێکۆشانمان پێمان وتوون دەتوانین ئەم وەرزشە بکەین، ١٣ ژن لە یارییەکەدا پێویستە، لەهەموو تیپێکدا پێویستی بە ٦ ژنە لە یارییەکەدا، پەروەردەی یاریزانان لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژە، بەڵام کاتێک خوێندنگەکان دەکرێنەوە، بەپێی بارودۆخی یاریزانەکە پەروەردە دەکەین، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ تا ئەمڕۆ لە ئاستی کانتۆنی جزیرە لە ئاستی یەکەمدان، یاریزانشمان هەیە لە ئاستی یەکەم لە شارەکانی سووریا، وەک شام و لازقیە.

 

"ژنانی تیپی سەردەم هەمیشە زیرەک و بەهرەمەندن"

ڕەنگین حاجی ئەحمەد هیوای سەرکەوتنی بۆ ژنانی تیپی سەردم لە تۆپی بالە خواست و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ژنانی تیپی سەردم هەمیشە ژنانی زیرەک و بەتوانا بوون، لە زۆرێک لە یارییەکاندا پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێنا، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم،  پێویستە ببینە یاریزانی بالەی ئاستی جیهانی ئێمە دەزانین کە پێش شۆڕش ڕێگە بە ژنانی گەنج نەدەدرا بەشداری یارییەکە بکەن بەڵام دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا گۆڕانکاری زۆر کرا ژنان بوونە خاوەن ئیرادە.

 

"لە هەموو یارییەکدا ئاستی یەکەم بەدەستدەهێنم"

هەلما مجوەل، یاریزانی تیپی بالەی باڵا، باسی خۆشەویستی خۆی بۆ تۆپی بالە کرد و وتی: ماوەی ساڵێکە ئەندامی تیپی بالەی باڵا بووم، لە منداڵییەوە وەرزشی بالەم زۆر خۆشدەویست، کاتێک بیستمان تیپی بالەی سەردەم دامەزراوە، خێزانەکەم پشتگیریان کردم بۆ ئەوەی پەیوەندی بە تیپەکەوە بکەم، لە هەموو یارییەکدا کە بەشداریم تێدا کردبوو پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، ئەمەش بۆ من بە واتای سەرکەوتن دێت، دەمەوێت لە داهاتوودا زیاتر خۆم پەرە پێبدەم و ببمە یاریزانێکی ئاست بەرزی جیهانی، هەر ژنێک وەرزشی بالەی خۆشدەوێت پێویستە پەیوەندی بە تیپی باڵا بێت، با قسەکانی کۆمەڵگە ببێتە ئیرادە و بەردەوام بوون.