پێنجەمین هەفتەی خولی نایابی تۆپی پێی ژنان لە شاری سنە بەڕێوەچوو
یەکێک لە یاریزانانی پێشووی تیپی ژنانی ئێستا ڕایگەیاندووە، کە یانەکەیان ڕووبەڕووی کەمی یاریزان دەبێتەوە و یاریزانە بە ئەزموونەکانی لەدەستداوە، ئەمەش لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی یانەکە بووە.
سنە
هەفتەی پێنجەمی خولی نایابی تۆپی پێی ژنان ڕۆژی هەینی ١٥ی تشرینی دووەم کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ لە یاریگای ئیستیقلال لە شاری سنە بەڕێوەچوو. لە یارییەکەدا، تیپی ژنانی ئێستا کوردستان و خاتوون بام ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
ئەم یارییە بە ئامادەبوونی یاریزانانی وەک کەوسەر کەمالی، فاتمە شەبان، فاتمە مەختومی، فەهیمە ئەرزانی، سەحەر نەسیری، سەمانە قاشیە، سەمیرا محەمەدی، غەزال بەنیتالیبی، زوهرە جەلالی و بە ڕاهێنەرایەتی فاتمە سادقی ئەنجامدرا. لە کۆتاییدا خاتوون بام بە ئەنجامی 4-0 یاریەکەى بردەوە. ئەم تیپە تەمەنی لە سەرووی بیست ساڵەوەیە. یەکێک لە یاریزانانی پێشووی تیپی ئێستا ڕایگەیاند کە تیپی سنە نزیکە لە یاریزانە ناوخۆییەکان خاڵی بێت و سەرجەم ئەندامەکانیش لە شارەکانی دیکەوە وەرگیراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، یاریزانانی پێشووی تیپەکە زۆر سەرکەوتوو بوون، بەڵام سیاسەتی هەڵە وایکرد لە تیپەکە دەربکەون. بە وتەی ناوبراو تەنانەت ڕاهێنەر و کاپتنی ئێستاش خەڵکی سنە نین و ئەم کێشەیە زیانێکی زۆری بە تیپی تۆپی پێی ئەم شارە گەیاندووە.
هەروەها وتیشی: پشتگیری نەکردنی کەسانی بەهرەمەند لەناو شاری سنە وایکردووە تیپەکە لاواز بێت. لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ئەنجامێکی باشترمان بەدەستدەهێنا، ئێستا دۆخەکە جیاوازە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە یاریزانە ناوخۆییەکان نەک تەنها پشتگوێ خران، بەڵکو هیچ بودجەیەکیان بۆ تەرخان نەکراوە، لە لایەکی ترەوە خەرجییەکی زۆر بۆ ئەو یاریزایانەی کە لە دەرەوە دێن، دەکرێت، ئەگەر هەمان سەرچاوە بۆ یاریزانە ناوخۆییەکان تەرخان بکرایە، ئەمڕۆ تیپی ئێستا لە دۆخێکی باشتردا دەبوو و یارییزانە ناوخۆییەکان لەدەست نەدەچوون.