شیری دایک بەرگری لەشی منداڵ زیاد دەکات

شیری دایک یەکێکە لەو دروستکراوانەی ڕاستەوخۆ دایک دەتوانێت بە منداڵەکەی ببەخشێت سەرەڕای دروستکردنی هەست و سۆز لە نێوانیاندا، چەندین سودی جیاواز بە منداڵەکە دەگەیەنێت و دووری دەخاتەوە لە نەخۆشی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پزیشک سروە جەمال، پسپۆڕی ژنان باسی لە گرنگی شیری دایک کرد بۆ خودی دایکەکە خۆی، ڕوونیکردەوە، شیری دایک لە هەفتەی شازدەهەمی سکپڕییەوە دەست دەکات بە دروستبوون لەوکاتەدا شلەیەکی سپییە، بەڵام شیر نییە، دواتر کە منداڵەکە لەدایکدەبێت دەبێتە ژەک، ئەویش شلەیەکی ڕەنگ زەردە کە گرنگە بدرێت بە منداڵەکە چونکە دەوڵەمەندە بە چەندین جۆر لە دژە تەن، پڕۆتین و چەوری، وادەکات لە داهاتوودا منداڵەکە بەرگری لەشی زیادبکات.

 

دوای پێدانی ژەک بە منداڵ، دەگۆڕێت بۆ شیر و زۆرترین جۆری ماددە کانزای و دژەتەن و پڕۆتینی تێدایە، کە منداڵ دەپارێزێت لە توشبوون بە نەخۆشییەکان، پێکهاتەی شیر دەگۆڕدرێت بە پێی تەمەنی منداڵەکە واتە سەرەتا جۆرێکە و دواتر دەگۆڕدرێت.

 

دایکان چ سودێک وەردەگرن لە شیرپێدان بە منداڵەکانیان؟

ئەو پزیشکە باس لەو سودانە دەکات کە دەگات بە دایک و دەڵێت: شیری دایک سەرەڕای سودەکانی بۆ منداڵ سودی زۆری هەیە بۆ دایکەکە، کاتێک دایک ژەک دەدات بە منداڵەکەی ڕاستەوخۆ هۆڕمۆنێک لە مێشکەوە دەردەچێت کە هاوکاری دەکات تووشی خوێنبەربوون نەبێت و بە زووترین کات منداڵدان بچێتەوە شوێنی خۆی، هاوکاری دابەزاندنی کێشی لەشی دایکەکە دەدات، چونکە وەک وایە ڕۆژانە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕابکات، زۆر نەخۆشی هەن وەک جۆری دووەمی شەکرە، ئێسکەنەرمە و شێرپەنجە کەمدەکاتەوە لە دایکدا.

 

وەک ئەو پزیشکە باسی دەکات، جگە لەم سودانە چەندین سودی دیکەی هەیە وەک، تێکەڵبوونی هەستی دایک و منداڵەکە و زیادبوونی هەست و سۆز لە نێوانیاندا چونکە لەگەڵ هەموو شیرپێدانێکدا دایکەکە ڕاستەوخۆ تەماشای منداڵاکەی دەکات، هەروەها ئەم شیرە ڕاستەوخۆ ئامادەیە و دایک گرنگ نییە مەمە پاک بکاتەوە و ترسی نییە میکۆرب و نەخۆشی بگوازرێتەوە، ئەگەر دایکەکە شیری هەبێت و بۆ ماوەی شەش مانگی سەرەتای دوای منداڵ بوون نەکەوێتە سوڕی مانگانەوە، دەتوانێت وەک جۆرێک لە ڕێگریکردن لە دووگیانی سود لە شیرەکەی خۆی وەربگرێت.

 

پێنەدانی شیری دایک بە منداڵ کاریگەری خراپ بۆسەر دایکەکە دروست دەکات؟

سروە جەمال لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک کات دایک شیری خۆی نادات بە منداڵەکەی تووشی هەڵئاوسانی مەمک و ئازاری دەکات بەهۆی مانەوەی شیرەکە لەناو مەمکیدا، ئەگەر شیرەکە بۆ ماوەیەک نەدرێت بە منداڵ، ئەو هۆڕمۆنەی لە ژێرمێشکەوە دەردەدرێت بۆ دروستبوونی شیر بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و دەبێتە هۆی وەستاندنەوەی شیر، هەندێک کات ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار و گرێ، بەڵام ئەم حاڵەتە دەگمەنە.

 

هەندێک کات نەزانین لە پێدانی شیری دایک بە منداڵ ئازار و قڵیشانی گۆی مەمکی لێدەکەوێتەوە، بۆ چارەسەری ئەمەش داشۆرینی مەمکە بە ئاوی شلەتێن.

 

"گرنگە دایکان شیر بدەنە منداڵەکانیان"

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو پزیشکە وتی: کاتێک ژنێک لە کاتی شیرداندا دووگیان دەبێت پێویستە شیرەکەی بوەستێنێت، چونکە لەکاتی شیرپێداندا ڤیتامینات و کانزاکان دەدات بە منداڵەکەی لە لایەکی دیکەشەوە منداڵەکەی ناو سکی خۆراک و ڤیتامیناتی لێدەبات، بۆیە دایکەکە توشی لاوازی دەبێت، گرنگە دایکان لە کاتی شیرپێدان، خواردنەکانیان تەندروست بێت و دوور بکەونەوە لەو خواردنانەی ڕێژەیەکی زۆر کاربۆهیدراتی تێدایە چونکە ڕاستە شیر زیاد دەکات، بەڵام دەبێتە هۆی دروستبوونی قەڵەوی، هەروەها ڤیتامینات بە گشتی و ڤیتامین دی بخوات.

 

"باشترین و گرنگترین خۆراک بۆ منداڵ شیری دایکە"

پزیشک تارا عەلی بابان، پسپۆڕی گەشە و خۆراکی مندڵان، ڕوونیکردەوە شیری دایک گرنگترین خۆراکی منداڵە، پێویستە لە سەرەتای تەمەنی منداڵەکەوە تا تەمەنی شەش مانگی تەنها شیری دایک بدرێت بە منداڵ، وە تا تەمەنی دوو ساڵی شیری دایکی بخوات، بەڵام لە دوای شەش مانگییەوە لەگەڵ خۆراکی دیکەدا پێیبدرێت، باسی لەوەشکرد، ژەک هاوکاری کۆئەندامی هەرسی منداڵ دەکات و گەشەی پێدەدات، وای لێدەکات منداڵەکە دوورکەوێتەوە لە نەخۆشی و سکچوون لە داهاتوودا، هەروەها ئەو دژە تەنانەی تێیدایە کۆرپە دەپارێزێت لە حەساسێت و نەخۆشی، بۆیە دەتوانین بڵێین "ژەک یەکەم کوتانی منداڵە"، هەروەها هاوکاری ڕیخۆڵە دەدات بۆ کردنی یەکەم پیسایی بە بێ کێشە.

 

"پێویستە دایکان بزانن کەی و چۆن شیر دەدەن بە منداڵەکانیان"

ئەو پزیشکە دەڵێت: دایک هەموو کاتێک شیری هەیە بە شێوەیەک لە کاتێکدا دەتوانێت شیری دوو منداڵ بدات، بۆیە مەرجە دایک شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی تەنها لە هەندێک حاڵەتدا نەبێت وەک، ماڵاشووی منداڵەکە کون بێت یاخود شەقبوونی لێوی هەبێت و توشی بەکتریا بێت لێیەوە، لەم کاتەدا دایکەکە دەتوانێت شیر نەدات بە منداڵەکەی.

 

بۆیە پێویستە ڕاستەوخۆ کە منداڵ لەدایک دەبێت بە ڕێگای نەشتەرگەری بێت یاخود سروشتی دەبێت منداڵەکە بخرێتە باوەشی دایکەکە بۆ ئەوەی ژەک دروست ببێت، چونکە بەریەککەوتنی دایک و منداڵ شیر دروستدەکات، پێویستە دایکان سەرەتا کاتژمێری جارێک شیر بدات بە منداڵەکەی بەڵام لە دوای تەمەنی یەک ساڵ ئەم مەودایە کەمبکاتەوە و تەنها لە ٢٤ کاتژمێردا سێ بۆ چوار جار شیری پێبدات، ئەگەر لەوکاتە زیاتر شیر بدات بە منداڵەکەی ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە خواردن نەخوات و ببێتە هۆی لاوازی گەشەکردنی.

 

"مەرج نییە شیری دایک منداڵ قەڵەو بکات بەڵکو چالاکی دەکات"

ئەو پزیشکە جەختی لەوەکردەوە کە شیری دایک بە هیچ شێوەیەک زەرەری بۆ منداڵ نییە لە هەندێک حاڵەتی زۆر دەگمەن نەبێت، وەک نەخۆشییەکی میتابۆلیزی، گالاکتۆسیمیا منداڵەکە تووشی دەبێت، لەحاڵەتەدا دایک نابێت شیری بدات بە کۆرپەکەی چونکە پەیوەندی بە جۆری ئەو شەکرەوە هەیە کەلە شیری دایکدا هەیە، ئەگەر دایکێک شیری خۆی نەدات بە منداڵەکەی بێگوومان ناتوانێت بە هیچ جۆرە شیرێک جێگرەوەی شیری خۆی بدات، چونکە لەسەر هەموو شیرێک نوسراوە کە پێکهاتەکەی نزیکە لە شیری دایک واتە وەک هی دایکەکە نییە، دەکرێت پێنەدانی شیر بە منداڵ ببێتە هۆی نەبوونی بەرگری جەستە لە لەشی منداڵەکەدا، وای لێبکات زووتر توشی نەخۆشی بکات و زیاتر هەستیاری هەبێت و زوتر توشی سکچوون و ڕشانەوە ببێت.

 

"ئەگەر بە زۆریش بووە، دایک شەش مانگی یەکەم شیر بدات بە کۆرپەکەی"

تارا عەلی، باسی لەوەکرد ئەگەر دایکێک حەز نەکات شیر بدات بە منداڵەکەی دەبێت هەر شەش مانگی سەرەتا بیداتێ و دواتر لێی کەمبکاتەوە، وە ئەگەر دایکێک نەخۆش نەبێت پێویست ناکات مەمکی پاکبکاتەوە بۆ شیرپێدان، چونکە لە ڕێی مەمکی دایکەکەوە هەندێک بەکتریا وەردەگرێت کە بەرگری جەستەی منداڵەکە زیاد دەکات.

 

تەنها ڤیتامین لە شیری دایکدا کەم بێت ڤیاتمین Dیە، وە ئەگەر دایکێک تەنها شیری خۆی بدات بە منداڵ دەبێت لەگەڵیدا ڤیتامین D پێبدات و لە دوای تەمەنی چوار مانگییەوە کانزاکانی پێبدات لە ژێر چاودێری پزیشکدا بۆ ئەوەی بیپارێزێت لە کەم خوێنی، هەروەها گرنگە دایکان بزانن، خووپێوەگرتنی منداڵ بە شیری دایکەوە زیان بە منداڵەکە دەگەیەنێت، بۆ نمونە منداڵ کەوتبێتە سەر پێی خۆی و ناو بە ناو داوای قومێک شیر بکات، دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی گەشەی و لاوازکردنی چونکە بەو تۆزە تەواو تێر دەبێت و خواردنی پێناخورێت.