"سەنتەرەکانی جوانکاری بازرگانی بە جوانکارییەوە دەکەن"

نیگار محەمەد دەڵێت: بەهۆی بازرگانیکردنی سەنتەرەکانەوە ژنان لە چوارچێوەی جوانکاری دەبینن، هەر کەسێک کە سەردانی دەکات بێ ئەوەی پێویستی بە جوانکاری هەبێت، جوانکاری بۆ دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە و کەسەکەش تووشی سووتاوی و کێشەی تەنددروستی دەکەن.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- لە نەشتەرگەری جوانکاریدا تەنها گرنگی بە شێوازی دەرکەوتنی بەشەکانی جەستە دەدرێت، بەڵام چەندە سوودی هەیە هێندەش زیانی تەندروستی و دەروونی هەیە، ئەوانیش نەگەیشتن بە ئەنجامی مەبەست، درەنگ چاکبوونەوەی نەخۆشەکە، هەروەها نەشتەرگەری جوانکاری وات لێدەکات کە ئالودە بیت و ئەو کەسە زیاد لە پێویست لە بەشەکانی جەستەی ناڕازی دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی هەموو بەشەکانی جەستەی بگۆڕێت و جوانکاری بۆ بکات، ئەم نەشتەرگەرییە بەهۆی سیستمی سەرمایەدارییەوە بە تایبەت لەسەر ژن خۆی بەڕێوەدەبات، قازانجێکی ئابووری بێشووماری هەیە و یاری بە جەستە و ڕۆحی ژنان دەکات.

 

 جوانکاری لە چوارچێوەی ڕێککاری سووتاوویدا

نیگار محەمەد مەعروف، بەڕێوەبەری پەرستیاران لە نەخۆشخانەی سووتای سلێمانی، باسی لەوەکرد، ئەگەر باسی جوانکاری بکرێت، دەبێت باسی سووتاویش بکرێت، چونکە مەرج نییە هەموو نەشتەرگەرییەکی جوانکاری بە مەبەستی جوانکاری بکرێت، زۆرجار پێویستە ڕێککاری بۆ کەسانی سووتاو بکرێت لە ڕێگای جوانکارییە، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانە پێویستە کە بەشێک لە جەستەیان سووتاوە یاخود دەسووتێنرین، بۆ ئەوەی شێوەیەکی جوانیان پێبدرێت و بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بەشێوەیەکی گشتی جوانکاری چەند جۆرێکی هەیە، لەو جۆرە جوانکارییە کە لە نەخۆشاخانەی سووتاوی ئەنجام دەدریت وەک ڕێککاری، خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە جارێکی تر ئەو پێستەی دوای ئەوەی کە سووتاوە بە یەکەوە ئەنووسێت سەرلەنوێ چاک بکرێتەوە، ئەمەش بۆ جەستەی نەخۆشی سووتاو ئەنجام دەدرێت.

 

سەنتەرەکان وەک ناوەندێکی بازرگانی دوور لە پێویستی پزیشکی جوانکاری دەکەن و ڕیکلام و بانگەشەی بۆ دەکەن، نیگار محەمەد مەعروف، لەو بوارەوە وتی: لە ئێستادا جوانکاری لە دەرەوەی نەخۆشخانەکاندا دەکرێت بۆ ڕێککاری جەستە، کە پێشتر سەردانی هەندێک سەنتەری جوانکاری دەکات نەشتەرگەری و جوانکاری بۆ دەکرێت بێ ئەوەی پێوست بکات، بەڵام بۆ ئەوەی شێوەیان لە کچانی مۆدێل بچێت لاشە و ڕوخساری خۆی دەگۆرێت، ئەمە لە خۆیدا زۆرجار کێشەی تەندروستی دروست دەکات کە کەسەکە پێویستی پێ نییە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێککاری نەخۆشی سووتاوی پێویستییە و دەبێت بکرێت، چونکە لەم حاڵەتەیاندا، لایەنی دەروونی بەهۆی لەدەستدانی جوانیەکەیەوە تێکدەچێت و باوەڕی بۆ خۆی نامێنیت، لەو کاتەدا ئێمە بە ڕێنمایی پزیشیکییەوە ڕێگە بە جوانکارییەکە دەدەین، بەڵام وەکو دیکە گونجاو نییە بە مەبەستی جوانکاری سروشتی ژن تێکبچێت بە جوانکاری.

 

بەشێک لە سەنتەرەکانی جوانکاری بۆ بەدەستهێنانی پارە مامەڵەی بازرگانی بە جوانکارییەوە دەکەن

نیگار محەمەد مەعرووف باسی لەوەشکرد، بەهۆی بازرگانیکردنی سەنتەرەکانەوە ژنان لە چوارچێوەی جوانکاری دەبینن، هەر کەسێک کە سەردانی دەکات بێ ئەوەی پێویستی بە جوانکاری هەبێت، جوانکاری بۆ دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە و دواتر کەسەکە سەردانی نەخۆشخانە دەکەنەوە چونکە ڕووبەڕووی سووتاوی پێست دەبنەوە، بەهۆی لێزەر و ئەو ئامێر و پێکهاتانەی بەکاردی دە‌هێنن، کە دەبێتە هۆی هەوکردن، یاخود لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن و یان لەکارکەوتنی بەشێک لە دەموچاو و جەستە یان لێدانی دڵی نائاسایی دەبێت و دەبێتە هۆی گیرانی بۆری هەوا یان دەبێتە هۆی جەڵدەی خوێن یاخود زیان بە مێشک دەگەیەنێت، ئەمەش بە پارەیەکی زۆر ئەنجام دراوە.

 

نیگار محەمەد مەعروف وەک پەرستارێک لە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی، پەیامی بۆ ژنان ئەوەیە، کە تا دەتوانن جوانکاری ئەنجام نەدەن و بڕوایان بە بوونی سروشتی خۆیان هەبێت، بەڵام هەر کاتێك بڕیاری جوانکاری دەدەن لای پزیشکانی پسپۆڕی جوانکاریی ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی بە ڕێککارییەکی زۆر باش جوانکارییەکەی بۆ بکرێت و ڕێنمایی و ڕاوێژ تایبەت بە ڕێککاری و جوانکاری وەربگرن.