تەندروستی جیهانی کەمبوونەوەی ڤاکسینی کۆلێرای ڕاگەیاند

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆلێرا لە ئاستی پێویست نییە و خواست لەسەری زۆر زیادیکردووە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

نەخۆشیی کۆلێرا نەخۆشییەکی درمە کە لەمێش و ئاوی پیسەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، زۆر بە خێرایی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤٧٣ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆلێرا بوون، ئەو ژمارەیەش دوو هێندەی ساڵی ٢٠٢١ بوو، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی "WHO" ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٧٠٠ هەزار  تووشبووی کۆلێرا هەبوون، هەروەها لە جیهاندا زیاتر لە دوو ملیار کەس ئاوی پیس دەخۆنەوە و منداڵ و بەساڵاچووان گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون.

 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ملیۆنان خەڵک مەترسیی تووشبوونیان بە کۆلێرا هەیە، چونکە کۆمپانیای دابینکاری ڤاکسین ناتوانێت بڕی پێویستی ڤاکسین دابینبکات.

 

گرووپی هاوئاهەنگیکاری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە دابینکردن و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆلێرا لە جیهان بەڕێوەدەبات ئاماژەی بەوەکردووە، دەبێت هەنگاوی دەستبەجێ بندرێت، چونکە ژمارەی ئەوانەی تووشی بەکتریاکە دەبن لەسەرانسەری جیهان لە زیادبووندان.

 

تائێستا هیچ کۆمپانیایەکی دابینکار ئامادەیی خۆی نیشان نەداوە بۆ ئەوەی لە پاڵ کۆمپانیا کۆرییەکە ڤاکسین بەرهەم بهێنێت بۆیە ڤاکسینەکە روو لە کەمبوونەوەیە.

 

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە بە تێکڕا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بەو بەکتریایە گیان لەدەستدەدەن.

 

ئەو وڵاتانەی زۆرترین کەسی تووشبووی نەخۆشییەکەی هەیە بریتییە لە: هایتی، کۆنگۆ، ئەسیوپیا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، سۆماڵ، سوودان، سووریا، زامبیا و زیمبابوێ.