فرمێسک جاف: هەندێک جار خووی مرۆڤ دەبێتە دڵەڕاوکێ

خوو یەکێکە لەو ڕەفتارانەی دەکرێت لە چوارچێوەی ویستی کەسەکاندا نەبێت، هەندێک خوو هەن تاک هەستی پێدەکات، بۆیە پێویستی بە چارەسەری هەیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- خوو یەکێکە لەو کردەوانەی ئەگەر تاک هەستی پێبکات بەڵام لە ژێر ویستی خۆیدا نەبێت دەچێتە چوارچێوەی نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێوە، ئەوەی بەشی زۆری خەڵک لە ڕۆژانەدا ئەنجامی دەدات دەچێتە چوارچێوەی خووەوە، بەڵام هەستی پێناکەن یاخوود هەستی پێدەکەن و بۆیان گرنگ نییە کەسانی دەوروبەر بێزار بن، چارەسەرکارێکیش دەڵێت: پەروەردە ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ تاک.

 

"هەندێک خوو هەن دەچنە چوارچێوەی نەخۆشی دڵەڕاوکێوە"

فرمێسک جاف، چارەسەرکاری دەروونی، دەربارەی خووی خراپ و شێوازەکانی خووی خراپ وتی: بە بابەتێک دەوترێت خوو کە کەسەکە لە دەرەوەی ویستی خۆی بێت، خوودی خۆی هەست بکات کە ئەو ڕەفتارە دووبارە دەکاتەوە، هەندێک کات کەسەکە هەست بەوە دەکات ڕەفتارێکی بێزارکەر دووبارە دەکاتەوە وەک 'تفکردن، بەڵغەم فڕێدان، جگەرە کێشان و خووراندنی کۆمەڵێک شوێن' بەڵام ئەنجامی دەدات و گوێی پێنادات، چونکە گرنگی نادات بە هەستی کەسانی بەرامبەر.

 

فرمێسک جاف، ئاماژەی بەوەکرد هەندێک خوو هەن دەچنە چوارچێوەی نەخۆشی دڵەڕاوکێوە، پێیان دەوترێت 'تیک' ئەمانە لە دەرەوەی ویستی خۆیانە و ناتوانن زاڵبن بەسەریدا، وتیشی: ئەم شێوازە بەهۆی دروستبوونی ناهاوسەنگیی لە سیستمی دەماریدا دروست دەبێت، وەک چاو تروکاندن، نینۆک خواردن و دووبارەکردنەوەی دەنگێکی جیاواز لە کاتی قسەکردندا یاخود قژ دەرهێنان، ئەم کەسانە بە ویستی خۆیان نییە و هەوڵی چارەسەریش دەدەن.

 

"خوویەکی کەسانی دەوروبەر بێزار بکات پێویستە چارەسەر بکرێت"

فرمێسک جاف وەک چارەسەرکارێک باسی لەوەکرد، ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەکرێت لە کۆمەڵگەدا، خەڵکی هەست دەکەن خوویەکی خراپیان هەیە، بەڵام دانی پیادانانێن، لە کاتێکدا پێویستە ئەو جۆرە کەسانە خۆیان هەست بکەن کەسانی بەرامبەر بێزار دەکەن بۆ ئەوەی هەوڵی وازهێنانی بدەن، بەڵام لەبەر وشەی عەیبە دانی پیادا نانێن، دەشڵێت: هەندێک خوو هەن هەرچەنە خۆمان پێی بێزار نابین، بەڵام دەبێت کاری لەسەر بکەین چونکە کەسانی دەوروبەرمان پێی بێزار دەبن.

 

دەربارەی تەمەنی ئەو کەسانەی خووی خراپیان هەیە فرمێسک جاف ئاماژەی بەوەکرد، بۆ حاڵەتی تیک بە شێوەیەکی گشتی لە منداڵییەوە دەست پێدەکات، واتە لە تەمەنی پێنج ساڵ تا تەمەنی گەنجی، هەندێکیان بێ ئەوەی چارەسەر وەربگرن خووەکانیان نامێنێت، بە پێچەوانەشەوە هەندێکی دیکەیان لەگەڵیاندایە، لە بەشێک لە حاڵەتەکان چارەسەری نییە و بەردەوام لەگەڵیدا دەبێت وەک نینۆک خواردن، مژینی پەنجە و چەند خوویەکی دیکە.

 

"مرۆڤی ئێستا کەمترین کات گوێ بە کەسانی دەوروبەری دەدات"

فرمێسک جاف باسی لەوەکرد، پێویستە مرۆڤەکان تێبگەن لەوەی مەرج نییە ئەو خووەی بەلای خۆیانەوە ئاساییە بەلای کەسانی تریشەوە ئاسایی بێت، بۆیە دەبێت هەمیشە هەوڵ بدات بە شێوازێک مامەڵە بکات کەسانی دەوروبەری بێزار نەکات و ئاگاداری ڕەفتارەکانی بێت، چونکە گرنگترین شت هەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێزە بۆ مرۆڤەکان، دەڵێت: ئەگەر خووەکان لە حاڵەتی تیک بێت و لە دەرەوەی ویستی خۆی بێت، دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی بدات لە ڕێگەی دەرمان و تەکنیکی تر بۆ چارەسەری، ئەگەرنا پەلدەکێشێت بۆ عینادی و کۆمەڵێک نەخۆشی تر.

 

"پەروەردە ڕۆڵی هەیە لەوەی تاک ڕەفتاری گونجاوی هەبێت"

لە درێژەی قسەکانیدا فرمێسک جاف ئاماژەی بەوەکرد، پەروەردە ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت لەم حاڵەتەدا، چونکە دایک و باوک کاتێک پەروەردەی منداڵ دەکەن ئەگەر بە شێوازێکی دروست بێت و بە شێوازێک بێت ئەو منداڵە لە داهاتوودا گوێ بدات بە ڕەفتارەکانی کە بەرامبەر بە خەڵکی دەیکات، بێگومان لە گەورەبوونیدا ڕەفتاری باش دەبێت بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، کولتوور و کات بەهەمان شێوە ڕۆڵیان هەیە، لە کۆتایدا وتی: بە شێوەیەکی گشتی مرۆڤ حەز دەکات خۆی بڕیار لەسەر کردەوەکانی بدات، بەڵام لە هەندێک خێزاندا ئەوەندە توندن لەم بابەتەدا، وا لە منداڵەکە دەکەن لە گەورەبوونیدا بۆ کەسانی دەوروبەر بژی، بۆیە پێویستە هاوسەنگی هەبێت لە کردارەکانی خۆت و کەسانی دەوروبەریش.