"لە ژێر ئەستێرەیەکی دڕندەدا"... سێ ئەزموونی مێژوویی سەرەکی لە ژیانی ژنێکدا

بیرەوەرییەکانی هدا کووالی "لە ژێر ئەستێرەیەکی دڕندەدا" تەنها بیرهێنانەوەی ئازارەکانی جەنگی جیهانی دووەم نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە پرسیارێکی بنەڕەتی: چۆن ترس لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکانی بانگەشەی ڕزگاریخوازیشدا، دەبێت بە ئامرازێک بۆ دووبارەبوونەوەی ستەم.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرتوکی”Under a Cruel Star” ”لەژێر ئەستێرەیەکی دڕندەدا” لە نووسینی هدا کووالی، بەڵگەیەکی بەڵگەدارە لەسەر ژیانی ژنێک کە بە سێ ئەزموونی مێژوویی سەرەکیدا ژیاوە: داگیرکاری نازییەکان، جەنگی جیهانی دووەم و دامەزراندنی ڕژێمی کۆمۆنیستی لە چیکۆسلۆڤاکیا، ئەم بەرهەمە تەنها گێڕانەوەی ئازاری تاکەکەسی نییە، بەڵکو هەوڵێکی هۆشیارانەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەبیرچوونەوە و وەرگرتنەوەی ڕاستییەکان لە چنگی گێڕانەوەی فەرمی کە دەسەڵاتدا سەپاندویەتی.

 

هدا کووالی ”١٩١٩-٢٠١٠” نووسەر و وەرگێڕێکی تشیک بوو بە ڕەچەڵەک جوولەکەیە، لە جەنگی جیهانی دووەمدا، دیپۆرتکرایەوە بۆ کامپەکانی مردنی نازییەکان، لەنێویاندا ئاوشڤیتز، لەوێ زۆربەی خێزانەکەی لەدەستدا، دوای جەنگ گەڕایەوە بۆ جیهانێک کە وا دیار بوو شکاوە، نەک تەنها لە ڕاستی دەرەکیدا بەڵکو لە پێکهاتەی دەروونی ناوەوەیدا.

 

ئەم ئەزموونە کوالیتییەکی دەگمەن بە گێڕانەوەی ئەو دەبەخشێت، خۆی لە زیادەڕەوی سۆزداری و هەم لە ساردی دەپارێزێت، لەبری ئەوە خۆی لە توندییەکی ڕەوشتیدا لە تۆمارکردنی ڕووداوەکاندا زەمینەسازی دەکات.

 

لەم پەرتوکەدا ژنان نەک هەر وەک زیانبەرکەوتوو بەڵکو وەک گێڕەرەوە و چاودێریش دەردەکەون، ئەو تاکانەی کە لە نێوان توندوتیژی و برسێتی و لەدەستدان، خۆیان بە ناچاری دەبیننەوە کە ڕۆژانە خۆیان بونیاد بنێنەوە، هدا کووالی دەربارەی ئەو ژنانە دەنووسێت کە لە لێواری داڕماندان، بەڵام لە دڵی ئەم داڕمانە، شێوازێک لە خۆڕاگریی بێدەنگ و بەردەوام دروست دەکەن، خۆڕاگرییەک کە نەک لەسەر دروشمەکان، بەڵکو لەسەر خودی کردەوەی بەردەوامبوون لە ژیان بونیاد نراوە.

 

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە جیاوازەکانی پەرتوکەکە، جیابوونەوەیە لە ڕوانگە تەنها ئایدۆلۆژییەکانەوە، بە پێچەوانەی زۆرێک لە هاوچەرخەکانی کە لە چوارچێوەی تیۆری و بەڵێنە سیاسییەکانی دوای جەنگدا بیریان دەکردەوە، هەروەها لە ڕێگەی گرنگیدان بە ئەزموونی ڕۆژانە و چاودێریکردنی وردی مرۆڤەکان، دەگاتە تێگەیشتنێکی جیاواز، کە گەندەڵی تەنها دەرئەنجامی چڕبوونەوەی دەسەڵات نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەو ترسەیە کە شانبەشانی دەسەڵاتدا کاردەکات، ڕەگ داکوتێت لە پەیوەندییە مرۆییەکان، لە بێدەنگی و لە شێوازەکانی وردە وردە گونجاندن.

 

لەم ڕوانگەیەوە پەرتوکەکە لەگەڵ هەندێک بیرۆکەی ناوەندیدا لە نەریتە هزری جیاوازەکاندا، ئەگەرچی جیاوازتر، هاوتەریب دەبێت، هەموو ئەم نەریتانە دووپاتی دەکەنەوە، کە ڕزگاری تەنها بە گواستنەوەی دەسەڵات لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر بەدەست نایەت، بەڵکو پێویستی بە شکاندنی ئەو خولە هەیە کە ترس و دەسەڵات تێیدا یەکتر بەرهەم دەهێننەوە، ئەزموونی ئەوە نیشان دەدات کە پڕۆژەکانی ڕزگاریخوازی خۆیان دەتوانن لە کۆتاییدا خودی میکانیزمەکانی ستەم بەرهەمبهێننەوە، مەگەر بە ڕاستگۆیی ڕووبەڕووی ترس نەبنەوە.

 

لە کۆتاییدا، پەرتوکی ”Under a Cruel Star” "لەژێر ئەستێرەیەکی دڕندەدا" سنووری بیرەوەرییەکی کەسی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە دەقێک بۆ بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ترس و بەرپرسیارێتی تاکەکەسی، نووسەر لە ڕێگەی پێداگرییەکەیەوە لەسەر بیرهێنانەوە، ڕووبەڕووی ئەو تێڕوانینە دەبێتەوە کە لەبیرکردن مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان، ئەو دەنووسێت کەباوەڕی نەکرد بەو وتانەی کە دەیانوت تاکە ڕێگە بۆ گەڕانەوە بۆ ژیان لەبیرکردنە، من ویستم هەموو شتێک لەبیر نەکەم، هیچ شتێک پەردەپۆش نەکەم، هیچ شتێک ساختە نەکەم و ڕووداوەکان بە تەواوی وەک ئەوەی ڕوویانداوە بپارێزم، ویستم لەبەر ئەوەی لە ژیاندا بووم بژیم، نەک لەبەر ئەوەی بە ڕێکەوت ڕزگارم بوو.

 

بەم واتایە، ڕۆمان لای هدا کووالی، نەک تەنها بیرەوەری ڕابردوو، بەڵکو دەبێتە کردەوەیەکی ڕەوشتی و سیاسی، هەوڵێکە بۆ پاراستنی ڕاستی لە بەرامبەر داڕمانی کات و لە دژی ئەو سیستەمەی کە داوای مانەوە دەکەن لە بەرامبەر لەبیرچوونەوە، پەرتوکەکە ئاشکرای دەکات کە چۆن مرۆڤ لە ئەزموونی ئازارەوە دەست پێدەکات نە دەتوانێت ئەفسانەیەک دروست بکات و نە خۆی ڕادەست بکات، بەڵکو ڕێگایەک بۆ بینین و قسەکردن و خۆڕاگری دروست دەکات.