١١١ نەمام بۆ هەر منداڵێکی کچ کە لەدایک بێت
لە ناوچەی ڕاجستانی هیندستان و گوندی پیپلانتری، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی چاندنی ١١١ نەمام بۆ هەر منداڵێکی کچ کە لەدایک بووە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ هەزار نەمام بۆ منداڵانی کچ چێنراوە.
ناوەندی هەواڵ
گوندی پیپلانتری لە پارێزگای ڕاجستانی هیندستان، بە چاندنی ١١١ دار بۆ هەر منداڵێکی کچ کە لەدایک دەبێت، بەناوبانگە، ئەم دەپێشخەرییەی کە پاراستنی ژینگە لەگەڵ هاوسۆزیی کۆمەڵایەتیدا تێکەڵ دەکات، بە خەمۆکیی باوکێک دەستی پێکرد و گۆڕا بۆ هەوڵێکی پێشخەری.
تەواوی دانیشتووانی گوندی پیپلانتری بە ژیری و هۆشیاریی "منداڵانی کچ بوژانەوەی ژیانە"، بە هاوسۆزییەکی کۆمەڵایەتییەوە دڵسۆزیی ژنان و سروشت بە شێوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش و بەواتا دەخەنە ڕوو، ئەو بەڵگەفیلمەی کە لە گوندی پیپلانتری وێنەی گرتراوە بەم وتە باڵایانە دەست پێدەکات: کاتێک دارەکان دەبڕدرێن، ئەوا هێزی سروشت تووڕە دەکەن، کاتێک کۆمەڵگە کۆتایی بە ژیانی منداڵە کچەکانیان دەهێنن، ئەوا کۆمەڵگە بەرەو تاریکییەکی قوول دەچێت، ڕووبار، دارستان و کچ، ئەوان بەخشندەی ژیانن، پاراستنیان تەنها ڕەفتارێکی سروشتی نییە، ئەوا بەرپرسیاریەتییەکە کە هەموومان هەڵیگرینە سەر شانمان.

بۆ هەر منداڵێکی کچ کە لەدایک دەبێت ١١١ دار
ئەم دەستپێشخەرییەی کە لەلایەن شیام سۆندار پالیوال، بەڕێوەبەری پێشووی گوند دەستی پێکرد، لە دوای ئەوەی کیران، منداڵە کچەکەی کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆچی دوایی کرد، پاشان وردە وردە لە سەرانسەری گونددا بوو بە کردارێکی پەسەندکراو، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر باوکی هەبوو، کیران لە ناو گوندییەکاندا زۆر خۆشەویست بوو و ئەم ڕووداوە بووە هۆی خەمۆکییەکی گەورە، لەبەر ئەوە باوکی لەگەڵ دانیشتووانی گونددا بڕیارێکی مێژووییان دا، تەواوی دانیشتووانی گوند کۆبوونەوە بۆ ئەوەی ئیتر هیچ منداڵێکی کچی تر پشتگوێ نەخرێت و هاتنی هەر منداڵێکی کچ ببێتە هۆی بوژانەوەی ژیان، ئەم دەستپێشخەریەیان دەستپێکرد.
دانیشتووانی گوند خەمۆکیی خۆیان گۆڕی بۆ بڕیارێکی مێژوویی، بۆ هەر منداڵێکی کچ کە لەدایک دەبێت، ئەوان بە دەستەکانی خۆیان ١١١ دار میوە و جۆرەها دار لە خاکی گونددا دەچێنن، بەپێی باوەڕیان ژمارەی ١١١ ژمارەیەکی پیرۆزە کە نیشانەی بەرەکەت و سەرکەوتنە، ژنان بەم ڕێبازە پیشانیان دا کە لەدایکبوونی منداڵێکی کچ بارگرانی نییە، بەڵکو بوژانەوەیەکی نوێیە.
لە پیپلانتریدا، لەدایکبوونی منداڵێکی کچ بە چاندنی دار دەگێڕدرێت و یادی دەکرێتەوە، نەریتێکە کە هەم پاراستنی سروشت و هەم بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە منداڵانی کچ ئامانج دەکات.
هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووکدا ڕاگیرا
ئەو تێکۆشانەی بە پێشەنگایەتیی ژنان دەستپێکرد، نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی دژ بە منداڵانی کچ گۆڕی، بەڵێنیان دا کە تا تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیری منداڵە کچەکانیان ئەنجام نەدەن و پەروەردەیان کەم نەکەنەوە، لەم بارودۆخەدا خێزانەکان ناچار کران کە بۆ داهاتووی منداڵە کچەکانیان سەرمایەی ئابووری کۆبکەنەوە و بۆ ئەمەش پڕۆژەیەکیان پەرە پێدا، بۆ ئەوەی دارستانەکە لە وشکبوون و مێرووەکان بپارێزن، لە دەوروبەریدا ڕوەکی ئالۆڤێرایان چاند، هاوکات بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند ببن، ژنان لەم ڕوەکانە دەرمانی سروشتی و کرێمیان دروستکرد و بۆ خۆیان سەرچاوەیەکی ئابووریی سەربەخۆیان پێکهێنا.

ئەو گوندەی کە وشک بوو بوو بە دارستانێک
بەم دەستپێشخەرییەی ژنان، ئەو گوندەی کە سەردەمانێک وشک و چۆڵ بوو، ئێستا گۆڕاوە بۆ دارستانێکی سەوز، تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ هەزار نەمام چێنراون.
ژنانی پیپلانتری ئەمڕۆ نیشانی دەدەن کە پاراستنی سروشت و ئازادی ژن بە جیا مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، ئەو منداڵە کچانەی پێشتر پشتگوێ دەخران، ئێستا بوونەتە سیمبولی هیوا و ژیانێکی نوێ بە دارێکەوە کە بەناوی ئەوانەوە گەشە دەکات.
نەریتی چاندنی ١١١ نەمام کە لە گوندی پیپلانتری هیندستان دەستی پێکردووە، ڕەنگە لە خەم و پەژارەی باوکێکەوە سەرچاوەی گرتبێت بەهۆی لەدەستدانی منداڵەکەیەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەڵگری واتایەکی زۆر قووڵترە، ئەم چیرۆکە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە لەدەستدان دەتوانێت هیوا بێت، هەوڵی تاکەکەسی دەتوانێت ببێتە هاوپشتی کۆمەڵایەتی و هەنگاوێکی بچووک بەرەو گۆڕانی ژینگەیی.
ئەو ١١١ نەمامەی کە بۆ هەر منداڵێکی کچی تازە لەدایک بووە، دەربڕینی باوەڕە بە داهاتوو، لەگەڵ گەشەکردنی دارەکان، منداڵەکانیش بە هەمان شێوە و لەگەڵ گەشەکردنی سروشتی گوندەکەدا، تێگەیشتنێکی نوێ لە شوێن و بەهای منداڵانی کچی ناو کۆمەڵگەش پەرەدەستێنێت.