نەجیبە خانی جەلیزادە: ئەو ژنەی دەرگای قوتابخانەی کردەوە و مێژووی گەلەکەی نووسی
هەندێک لە ژنان دەرگای نوێ دەکەنەوە، هەندێک لە ژنان هەوڵ دەدەن چیرۆکی گەلەکەیان لەبیر نەکرێن، نەجیبە خانی جەلیزادە یەکێک بوو لەو ژنانەی کە ژیانی خۆی لە پێناو زانست و کاری ژنان و پاراستنی مێژووی کورد بەخت کرد.
ناوەندی هەواڵ
نەجیبە خانی جەلیزادە لە ٨ی ئەیلوولی ١٩١٧ لە شاری کۆیە لەدایک بووە، کە شارێکە بە کولتوورە دەوڵەمەندەکەی ناسراوە، باوکی، مەلا مەزن، مەلا محەمەد حاجی عەبدوڵا، زانا و شاعیری کۆمەڵایەتی بوو، نەجیبە لە خێزانێکدا گەورە بووە کە زانست و پەروەردە گرنگ بووە، لە ساڵی ١٩٢٤ کە تەمەنی تەنها ٧ ساڵ بوو، باوکی ناردویەتی بۆ قوتابخانەیەک کە کوڕانی تێدا دەخوێند، لەو کاتەدا شتێکی نامۆ نەبوو نەک تەنها منداڵانی کچ بخوێنن، بەڵکو بۆ زۆرێک لە منداڵانی کوڕیش، بەم بڕیارە باوکی هەنگاوێکی دژی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە نا، نەجیبە لە قوتابخانەدا سەرکەوتوو بوو و گەیشتە پۆلی پێنجەم، خوێندنەکەی بووە هۆی ئەوەی خێزانەکانی دیکە گرنگی پەروەردە زیاتر ببینن و منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە.
لە پەروەردەوە بۆ کاری ژنان
نەجیبە تەنها لە خوێندن نەوەستا. لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوودا پاڵپشتی پارتی ھێوا دەکات و کار بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنانی کۆیە و هاندانیان بۆ خەباتکردن بۆ مافەکانیان کردووە، دواتریش بەشداری لە تەڤگەری دیموکراتی کوردستانیشدا کرد، لە ساڵی ١٩٥٣ کە یەکێتی ژنانی کورد دامەزرا، نەجیبە ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێکخستنی ژناندا هەبوو، لە کۆیە بە نهێنی وەک سەرۆکی یەکێتی ژنانی کورد هەڵبژێردرا، لە ساڵانی دواتردا لە کۆبوونەوە و بۆنە گشتییەکاندا قسەی دەکرد و جەختی لەسەر ڕۆڵی ژنان لە خەباتی ئازادیدا دەکردەوە.
شۆڕش و دەربەدەری و گەڕانەوە بۆ کۆیە
نەجیبە بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١دا کردووە، دوای هەرەسهێنانی شۆڕش، لە ساڵی ١٩٧٥ ناچار بووە بچێتە ئێران، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٧ لە دەربەدەریدا ژیاوە و ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووەتەوە، دوای گەڕانەوەی دیسانەوە لە کۆیە، لە کاری کۆمەڵایەتی چالاک بووەوە، لە دوا ساڵانی ژیانیدا چووەتە هەولێر، نەجیبە شەوی ١١ی حوزەیرانی ١٩٩٩ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەو ژنەی مێژووی نووسی
چیرۆکی نەجیبە خانی جەلیزادە پرسیاری گرنگمان بۆ دەوروژێنێت: کێ مێژووی ژن دەنووسێت؟ چۆن ئەزمونی ژنان لەبیر نەکرێت؟ بۆچی ژنان نەک هەر لە مێژوودا جێگەی خۆیان بگرن، بەڵکو دەنگیان هەبێت لە نووسینیدا؟ میراسی نەجیبە تەنها لە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پێک نایەت، نووسەر و لێکۆڵەر بووە و دەیویست مێژووی کۆمەڵگەکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت، سێ بەرگی تەفسیری قورئانی بڵاوکردۆتەوە کە باوکی نووسیویەتی، لە گۆڤارە دیارەکانی ئەو سەردەمەدا، وەک گەلاوێژ، بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنانی کورد، بابەتی نووسیوە.
جگە لەوەش نەجیبە چەندین دەستنووس و بەرهەمی گرنگی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە:
*مێژووی کۆیە: لەسەر ڕابردوو و یادی شاری کۆی.
مێژووی بنەماڵەی جەلیزادە: لەسەر مێژوو و میراسی بنەماڵەکەی.
نوسینەکان لەسەر ڕووداوەکانی کوردستان لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١: تۆمارکردنی ڕووداوە مێژووییەکان و تێڕوانینی ئەو لەسەریان.
فۆلکلۆری کوردی: کۆکردنەوەی میراسی کولتووری و فۆلکلۆر و یادەوەرییەکانی کۆمەڵگەی کورد.
توێژینەوەیەکی زانستی ساڵی ٢٠٢٣ی زانکۆی سلێمانی سەرنجی بۆ گرنگی نووسینەکانی نەجیبە ڕادەکێشێت،
لەم نووسینانەدا لە ڕوانگەی خۆیەوە ڕووداوە مێژووییەکان باس دەکات و گرنگی خوێندنەوە و نووسین بەرەوپێش دەبات و داوا لە ژنان دەکات سنووری ماڵ بەجێبهێڵن و ڕۆڵیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بگێڕن.