پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا یەکدەگرن
ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختیان لە گرنگی گفتوگۆی سووریا - سووریاو ڕەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی کردەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە نێوان پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنانی ئەوێ ڕەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی و پابەندبوونیان بە گفتوگۆی نیشتمانی و چارەسەری ئاشتیانە دووپات دەکەنەوە، کە ئەمەش بۆ بەرگریکردن لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریایە.
پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتی هەڵبژاردەیەکی نمونەییە بۆ هەموو پێکهاتەکان، بەو پێیەی بنەماکانی فرەی و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی لەخۆدەگرێت، هەوڵی بەدیهێنانی پێکەوەژیان و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو هاوڵاتیان دەدات بەبێ جیاوازی.
"دەنگی ژنان لە بەرگریکردن لە ئازادی و کەرامەت"
لە ڕۆشنای ئەو پێشهاتانەی لە سووریا ڕوودەدەن، فاتمە جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە قامیشلۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتدا دەگوزەرێت، کارێکی ناوخۆییە و تەنها پەیوەندی بە سوورییەکانەوە هەیە، هەروەها ڕەتکردنەوەی ڕەهای خۆی لە هەموو دەستوەردانێکی دەرەکی کرد، کە مەترسی لەسەر یەکێتی و سەقامگیری وڵات دروست بکات.
داوای بەهێزکردنی کۆدەنگی نیشتمانی و چڕکردنەوەی هەنگاوی هاوبەشی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سووریای کرد، ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد لە چەسپاندنی ئاسایش و گەیشتن بە ئاشتی، جەختیشی لەوە کردەوە، کە چارەسەری ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە دەتوانرێت بەنیاد بنرێت کە لەسەر بنەماکانی پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنی یەکتر بێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەموو شتێک ڕوودەدات کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر گەلی سووریا و بەرژەوەندییەکانیان و دەبێت بەرژەوەندییەکانی سووریا لە پێش هەموو شتێکەوە بمێنێتەوە، هیوای خواست کە ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار جێبەجێ بکرێت و ئاشتی بەدی بهێنرێت و دۆخی ئێستای گرژی کۆتای پێبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی دەوڵەت باخچەلی و هاوکارەکانی دەیکەن بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە و هەوڵێکە بۆ تێکدانی بەهاکانی پێکەوەژیان نێوان گەلان، هەروەها خۆبەڕێوەبەری قوربانی گەورەی داوە، لەگەڵ هەڵکشانی هەزاران شەهید لە بەرگریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە نەهێشتنی داعش، کە دڕندەی ترسناکی بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدا، لەنێویاندا ژن و منداڵ و بێتاوان.
لە ڕۆشنایی ئاڵەنگاری ئێستا، فاتمە جاسم پابەندبوونی خۆی بە بژاردەی ئاشتی دووپاتکردەوە و هیوای دەربڕی کە خوێنڕشتن و کوشتنی خوێن ساردی سوورییەکان دوور بخرێتەوە، وتی: خوێنی گەلی سووریا بەنرخە و سەقامگیری ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانی و داننان بە مافی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی بەدەست دێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنانی ناوچەکە بەردەوام خەبات دەکەن بۆ گەیشتن بە ئازادی خۆیان، پاراستنی ئایندەی منداڵەکانیان، و پاراستنی کەرامەتی کۆمەڵگە بە گشتی، ئێمە لە بەرامبەر ئەو ئالەنگاریانە بێکارانە لە تەنیشتەوە ناوەستین، بەڵکو بەردەوام دەبین لە خەباتکردن لەگەڵ هێزە سەربازییەکانمان، بەو پێیەی ئەوان کچ و کوڕی ئەم گەلەن، بەرگری لە خاک و زێدی خۆیان دەکەن، ئەمە مافێکی ڕەوای ئەوانە و ئەرکێکە کە دەکەوێتە سەر هەموو ژن و پیاوێک کە چەک هەڵبگرێن بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و کەرامەت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە وڵاتانی دراوسێ هاوبەش و دۆستی ڕاستەقینەن، خۆبەڕێوەبەریش حەز دەکات پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵیان دروست بکات لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوکاری یەکتر، هەندێک وڵاتی ئەوروپی لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە تەسکەکانیانەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی سووریا دەکەن، بەبێ ئەوەی مافەکانی هاوڵاتیان یان ڕادەی ئازارەکانی هاوڵاتیانی بێتاوان لەبەرچاو بگرن، ئەم وڵاتانە زۆرجار دۆخی ئێستا دەقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری، بەبێ ئەوەی پشتیوانی ڕاستەقینە یان چارەسەری ڕاستی پێشکەش بکەن کە خزمەت بە خواستەکانی هاوڵاتیان بۆ ئازادی و سەقامگیری بکات.
پەیامێکی ئاراستەی هەموو پێکهاتەکان کرد: ئێمە یەک گەلین، لە چەتری خۆبەڕێوەبەریدا دەژین، ئێمە بە پەیوەندی خوشک س برایەتی نێوان عەرەب و کورد و سریانی و ئاشوری یەکگرتوین، پێمان وایە پێکەوەژیانی ئاشتیانە تاکە ڕێگایە بۆ داهاتوویەکی خۆشگوزەران و دڵنیا، ئێمە ئاواتەخوازین ڕژانی خوێنی بێتاوانەکان بوەستێنن، ڕزگاربوون لە سووڕی شەڕ و ململانێ، و گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی هەمەلایەنە لە نێوان خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی سووریا، مسۆگەری ئەوە دەکات کە هەموومان لە یەک نیشتمانی ئاشتی و هاوسەنگیدا بژین، کە مافی هەموو پێکهاتەیەکی گەلەکەمان بەبێ جیاوازی و پێشوەختە پارێزراو بێت.
فاتمە جاسم، لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە: کە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک چەمکی پێکەوەژیان بەرجەستە دەکات و لەسەر بنەماکانی لامەرکەزییەت و فرەی دامەزراوە، دڵنیای دەدات لە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان و گروپەکان و ئایینەکان بەبێ جیاوازی، هەروەها پڕۆژەی برایەتی گەلان هەڵبژاردەیەکی نمونەیە بۆ هەمووان، بەو پێیەی ئامانجی خزمەتکردنی هاوڵاتیانە و بەرزکردنەوەی کەرامەتیان و دابینکردنی ژیانێکی سەقامگیر و دادپەروەرانە بەبێ پێشێلکردنی مافەکانی هیچ لایەنێک لەناو میللەتدا یان هەڕەشەکردن لە هاوسەنگییەکەی.
"پێکهاتەکانی هەرێم هەڕەشەکان ڕەتدەکەنەوە و پابەندەن بە چارەسەری سیاسی"
عەزیزە خەلیل ئەندامی دامەزراوەی ئایینی لە پارێزگای ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو هەڕەشانەی ئەم دواییە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست لە تورکیا، دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردوویەتی، هەڵوێستی خۆی دەربڕی، ئێمە هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕەتدەکەینەوە، پشت بە چارەسەری ئاشتیانە و سیاسی دەبەستین کە خوێنڕشتنی سوورییەکان ڕابگرێت و مافەکانیان دەستەبەر بکات، لە ڕێگەی گفتوگۆی سیاسی تەواو دیموکراتی.
دەوڵەت باخچەلی بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە پشتبەستن بەو تۆمەتانەی کە هێزەکانی سوەریای دیموکرات پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنی ١٠ی ئادارەوە، و عەزیزە خەلیل ڕوونیشیکردەوە، کە پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پاڵپشتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە دەکەن و ناڕەزایەتیان نییە بەرامبەر بە یەکخستنی هێزەکانی (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا، بەمەرجێک ئەوە ڕووبدات دوای ئەوەی مافەکانیان لەڕووی یاساییەوە مسۆگەر بکرێن و لە دەستووری سووریادا بەڵگەیان لەسەر تۆمار بکرێت، نەک لە ڕێگەی بەڵێنی زارەکییەوە، جەختی لەوە کردەوە کە پەسەندکردنی بنەماکانی لامەرکەزییەت و دیموکراتی ڕێگایەکە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەبێ جیاوازی.
هاوکات لەبارەی داواکارییەکانی دەوڵەت باخچەلی بۆ داماڵینی چەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی: هەسەدە ناتوانێ چەکەکانی خۆی ڕادەست بکات، چونکە ئەوان پارێزگاری لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، ئێمەش قبوڵی ناکەین ڕووبەڕووی چارەنووسی کەنارەکانی سووریا و شاری سوەیدا ببینەوە لەڕووی کوشتن و کۆمەڵکوژییەوە، هەروەها چارەسەرە سیاسییەکان وەک باشترین بژاردە دەمێننەوە، بە مەرجێک مافەکان مسۆگەری بکەن نەک کەمیان بکەنەوە، کە ئەمەش بە یەکگرتنی هێزەکان لەگەڵ سوپای سووریا دەبێت دوای ئەوەی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بە شێوەیەکی یاسایی لە دەستووردا چەسپێنراون، نەک لە ڕێگەی بەڵێنی زارەکی یان ڕێوشوێنی بە ئامانجی داماڵینی چەک.
عەزیزە خەلیل دەستێوەردانەکانی ئێستای تورکیا لە سووریا بە دەستێوەردانەکانی ڕووسیا لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەراوردکرد و جەختی لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و کێشەکانی لە لایەن گەلەکەی خۆیەوە کردەوە، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی کە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەو دەستوەردانی تورکیای لە وسوریا بە ئامانجی تێکدانی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و تێکدانی دۆزی کورد زانی.
"دەستوەردانی تورکیا لە چارەنووسی گەلی سووریا ڕەتدەکەینەوە"
نەجمە ئیبراهیم، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە کۆبانێ، تاوانباری و شەرمەزارکردنی لێدوانەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیا دەربڕی کە بریتی بوو لە هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بە هاوکاری لەگەڵ جیهادییەکانی هەتەشە بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دووپاتی کردەوە، کە ئەم هەڕەشانەی ساڵانێکە بەردەوامن، ئامانجیان ناسەقامگیری ئاسایش و بڵاوکردنەوەی ترسە لەنێو دانیشتوانی هەرێمدا، بەڵام هاوڵاتیانی ئەوێ خاوەنی ڕێکخراوێکی بەهێز و ڕۆحێکی خۆڕاگری چەسپاون و ڕێگە نادەن ئەم پلانانە بەردەوام بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی هیوای ڕاستەقینەی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخشی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەنگاونان بەرەو داهاتویەکی ئاشتی و دیموکراتی، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی تورکیا بە ڕوونی نیازی دوژمنکارانەی ئاشکرا دەکەن و پشتڕاستی دەکەنەوە کە بە دوای ئاشتیدا ناگەڕێت، بەڵکو بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ناوچەکە.
سەبارەت بە کاریگەری هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا لەسەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستیپێکردوە، نەجمە ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم هەڵکشانانە ڕاستەوخۆ ئامانجیان تێکدانی ئەو پرۆسەیە کە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراتی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، هەروەها تورکیا هیچ شەرعیەتێکی نییە بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر خاکی سووریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەستێوەردانەکانی سەربازی و سیاسی بە سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە دەستیپێکردوە و ئەمڕۆش بە بیانووی جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنی ١٠ی ئاداری نێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوەریای دیموکرات بەردەوامە، کە ئەم ڕێکەوتنە تەنها پەیوەندی بە گەلی سووریاوە هەیە، هەروەها هیچ لایەنێکی دەرەکی بە تورکیاشەوە مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە وردەکارییەکانیدا بکات یان دیدگای خۆی بەسەر سوورییەکاندا بسەپێنێت، بەو پێیەی چارەنووس دەبێت لە دەستی گەلی سووریادا بێت لە چوارچێوەی زێدی خۆیاندا.
نەجمە ئیبراهیم، لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لە دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی تورکیای داگیرکەر و کۆتاییهێنان بە دەستوەردانەکانی لە کاروباری سووریا و چارەنووسی سووریا کردەوە، دەربڕینی متمانەی خۆی کە یەکخستنی ڕیزەکانی سووریا و بەشداریکردن لە گفتوگۆی ئاشتیانە و دیموکراتیانە، سوورییەکان بتوانن نیشتمانێکی ئازاد و دیموکراتی و لامەرکەزی بونیاد بنێن کە مافی هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر بکات، دوور لە هەموو دەستوەردانێکی دەرەکی.