"سووریا پێویستی بە شۆڕشێک هەیە کە بەدەستی گەل بکرێت"

کەژاڵ حەمە ڕەشید، چالاکوان باس لە گرنگی دۆخی ئێستای سووریا و ڕۆژئاوای کورستان دەکات و دەڵێت: '' گەلانی نەتەوە جیاوازەکان لە سووریا لە ئێستادا پێویستیان بە شۆڕشێکی دیکە هەیە بۆ ڕاماڵینی گروپە تونڕەوەکان".

سلێمانی

 

لە ئەنجامی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و هاتنە سەر کاری چەتەکانی تەحریر شام، قۆناغێکی نوێ بۆ ئایندەی سووریا، کە خاوەن پێکهاتە و کولتووری جیاوازە پێشبینی دەکرێت و ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، کە ئایا لە نێوان سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، کە لە ژێر چەتری خۆیدا هەموو توێژ و پێکهاتەکان کۆدەکاتەوە و دەسەڵاتی چەتەکانی تەحریر شام، کە پێشینەیان گروپێکی توندڕەوی ئیسلامییە، گەل سووریایەکی چۆنی دەوێت؟.

 

بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسە و بارودۆخی ناوچەکە، هەروەها گرنگی یەکڕێزی و چالاکییەکانی پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوا، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ کەژاڵ حەمە ڕەشید، چالاکوان ئەنجام دا.

 

''سەرەتای گۆڕانکارییەکان لە شەڕی غەززەوە دەستی پێکرد''

کەژاڵ حەمە ڕەشید باس لە ڕووخانی ڕژێمی ٥٣ ساڵە لە سووریا و ئاڵۆگۆڕە بەرچاوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دەڵێت: ماوەیەکە دەبیستین کە گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت و ئەم هەڵوێستەمان بە ڕوونی لە کەسایەتی نەتانیاهۆ و بەرپرسانی ئەمریکا بینی و سەرەتای ئەم گۆڕانکارییە لە شەڕی غەززەوە دەستی پێکرد و ئەنجامەکەیشی کۆتایی ڕژێمی بەشار ئەسەد بوو، بەڵام دەبێت کە لە ئایندەدا ئاڵۆگۆڕی زیاتریش ببینین؛ چونکە ئەم ڕوداوانە پەیوەندییان بە وڵاتانی عێراق، ئێران، ئەردەن، تورکیا، ئیسرائیل و هەموو وڵاتە نێونەتەوییەکانی تر هەیە، کە کارییگەرییان لە ناوچەکەدا هەیە.

 

"گەلی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەی هێرشەکان پشت بە هێزی خۆی دەبەستێت"

ئەم چالاکوانە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە خۆزگە کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە ڕاپەڕین ببوایە و وتی: بە هۆی بوونی سەرکوتێکی زۆر لە سووریا، گروپە توندڕەوەکان نوێنەرایتی خەڵکیان کردووە، کە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە نەبووە و لەوانەش، ئەلقاعدە، جەبهەت نوسرە و لە ئێستاشدا چەتەکانی تەحریر شامن. گۆڕینی دیکتاتۆر دڵخۆشکەرە، بەڵام بەم شێوازەی سووریا، نیگەرانی لە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئێمە دەزانین کە چەتەکانی تەحریر شام، بەو پاشخانەی کە هەیەتی، گروپێکی توندڕەوی ئیسلامیە. ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا لە سووریا ئەوان و کورد دوو هێزی سەرەکین و لێکدانەکانیان زۆر جیاوازە لە یەکتر، چونکە کورد لە سووریا لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوون و ژیانی هەرەوەزی بەڕێوە دەچێت، هەر بۆیە مامەڵە کردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا هەستیار و زەحمەت دەبێت، لە لایەکی ترەوە هێرشەکانی تورکیا بابەتێکی  گرنگ و مەترسیدارە. ئێمە بەردەوام دەزانین کە گەلی  کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەری، پشت بە گەل و هێزی خۆی دەبەستێت، بەڵام لەم بارودۆخەدا دیپلۆماسی گرنگە. تا ئێستا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەلایەن کوردەوە باش بەڕێوەچووە و بەگوێرەی ڕاستی ڕوداوەکان و ژیرانە مامەڵەیان کردووە.

 

"تورکیا لە مێژووەوە دوژمنێکی فاشیستی نەتەوەی کورد بووە"

کەژاڵ حەمە ڕەشید تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا لە دەستوەردانەکان لە سووریا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە و دەڵێت: تورکیا لە مێژووەوە دوژمنێکی فاشیست و ڕەگەزپەرستی نەتەوەی کورد بووە، دەبینین کە زیندانەکانی تورکیا پڕن لەو کوردانەی ناڕەزایەتییان بەرامبەر دەوڵەت نیشانداوە و گرتنی ئەندامانی دەم پارتی نموونەیەکن لەم دوژمنایەتییە. دەوڵەتی تورکیا فۆبیای کوردی هەیە، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تری دەوڵەتی تورکیا بۆ بەردەوامی بە هێرشەکانی، بەڕێوەچوونی سیستمێکی دیموکراتیانەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە بەردەوام ویستوویەتی لە ناوی ببات. بە هۆی ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆدا، دەتوانێت تا چەند کیلۆمەتر بڕواتە ناو خاکی وڵاتی ترەوە، هەر بۆیە تورکیا لە ئێستادا داوا دەکات کە تا قووڵایی ٣٠ کم بڕواتە ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستانیش، کە ئەمە بە واتای داگیرکردنی خاکی ڕۆژئاوای کوردستانە.

 

هەروەها دەشڵێت: بابەتێکی تر ئەوەیە دەوڵەتی تورکیا نایەوێت کورد بگاتە سنوورەکانی دەریای سپی و هێڵی بازرگانی ئاوریشم، کە دەکرێت بەناو کوردستاندا بڕوات و بگاتە دەریای سپی ناوەڕاست، بە کرداری جێبەجێ ببێت؛ چونکە بەم شێوازە کورد دەبێتە خاوەن بازرگانییەکی باش و تورکیا بێبەش دەمێنێت.

 

داهاتووی سووریا نوێ و مەترسییەکانی بۆسەر ژنان

کەژاڵ حەمە ڕەشید ئاماژە بە دۆخی ژن لە سووریای نوێ دەکات و دەڵێت: ئێمە دەزانین کە تورکیا دەوڵەتێکی دژە ژنە و تەحریر شامیش لە ڕەواڵەتەوە دەبێت کە گۆڕانکاری لە خۆیدا دروست کردبێت و لە ڕاگەیاندراوەکانیدا باس لە مافی کورد و ژن بکات، بەڵام بۆ کەسێک وەک من جێگای متمانە نییە، چونکە هیچ کاتێک ئەم گروپە لەگەڵ ڕەوتێکی دیموکراتیانەدا کاری نەکردووە. هەربۆیە ئەم بابەتە بۆ گەلی کورد، دیموکراتیک بوونی کۆمەڵگە و ڕۆڵی ژن مەترسیدارە، هەروەها دەوڵەتی تورکیا زۆرێک لە هێرشەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو ژنە پێشەنگانەی کە ڕۆڵ لە ئازادی و یەکسانی کردنی کۆمەڵگە دەگێڕن، بەڕێوەدەبات.

 

"هێرشەکان بە ئامانجی لەناوبردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستانە"

کەژاڵ حەمە ڕەشید باس لە ئامانجی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات کە بۆ لەناوبردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە و تەنها لەلایەن گروپە توندڕەو و ئیسلامییەکانی کە لە سووریادان پێک نایەت، ئەمە لە کاتێکدایە کە سیستەمی نێودەوڵەتی جیهانیش پشتگیری لەم سیستمە ناکات. کردەوەکانی ئەمریکاش بۆ پاراستنی کورد و ئەم سیستمە نییە، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەمریکا چاوی لەسەر بیرە نەوتەکانە لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە مانەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیەوێت هاوسەنگی هێز ڕابگرێت لەنێوان نەیارەکانی. بۆیە ئەگەر ئەمریکا پشتگیری لە رۆژئاوی کوردستان نەکات، هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر چین، ڕوسیا، تورکیا و ئێران لەدەست دەدات، بۆیە سەرەڕای بانگەشەکانی ترامپ سەبارەت بە بەجێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەجێهێشتنی ڕۆژئاوا شتێکی دوورە لە ڕاستی.

 

"پەدەکە پەیوەندییەکانی بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد نییە"

ئەم چالاکوانە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بە گرنکی پشتیوانی و چالاکییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات کرد و وتی: ئێمە لە ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢١ سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سەرێکانی و گرێسپی چالاکی نارەزایەتیمان ڕێکخست، کە سەرکەوتوو بوو و یەکێکە لەو کارانەی لە ژیانی سیاسی و چالاکوانیمدا شانازی پێوە دەکەم، کە لەئەنجامدا دەوڵەتی کەنەدا پەیوەندی بازرگانی و سەربازی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕاگرت. دەکرێت بەم ئەزموونانە درێژە بە پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان بدەین و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەم بوارەدا گرنگن. لەڕاستیدا پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ بەشێک لە ئەندام پەرلەمانانی کەنەدا، بەڵام ئەوان لۆبی بۆ سیاسەتی خۆیان دەبەنە پێشەوە و لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نین. بەڵام ئێمە وەک تەڤگەرێکی سەربەخۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆمان لەگەڵ دەزگا و ڕێکخراوەکاندا بەردەوام دەکەین، بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانج بۆ گەلی کورد. هەروەها هەڵمەتەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام هەمووی شتی باشن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی زۆر پێویستە پشتیوانی لە ناوخۆی کوردستانەوەیە.

 

کەژاڵ حەمە ڕەشید باس لە گرنگی یەکڕێزی گەلی کورد دەکات و دەڵێت:  لە ئێستادا کە ڕۆژئاوای کوردستان لەناو قەیرانێکدایە، ئەگەر پشتیوانی باشووری کوردستانی هەبووایە، ئەم کێشەیە زۆر بچووک دەبووەوە. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەگەر بە تەواوی لەگەڵ ستاتوی ڕۆژئاوای کوردستان بێت، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بنوێنێت. هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە باشووری کوردستان بەرژەوەندییەکانیان گرێدراوی وڵاتانی ئێران و تورکیایە، هەربۆیە وەک کوردێکی بەشەرەف و ئازادیخواز پشتیوانی بشەکانی تری کوردستان ناکەن. هەرێمی کوردستان بەم سیاسەتە ڕێگەی ئازادی لەخۆیشی گرتووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو کەم و کورتییەش، دیسان ستاتۆی باشووری کوردستان دەتوانێت پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان بێت. خەڵکی باشووری کوردستان لە باری رۆحی، مەعنەوی و ئەوەی لە دەستیان بێت لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان هاوسۆز بوون، لە ئێستاشدا ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت گەل ئامادەن کە لەوێ بجەنگن.

 

کەژاڵ حەمە ڕەشید لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر پشتگیری کردن لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک فەکتەرێکی سەرەکی کرد و وتی: گەلانی نەتەوە جیاوازەکان لە سووریا لە ئێستادا پێویستیان بە شۆڕشێکی دیکە هەیە بۆ ڕاماڵینی گروپە توندڕەوەکان، شۆڕشێک کە بە دەستی گەل خۆی بکرێت. پێویستە ڕاپەڕینێک لە بەرامبەر هەموو ئەو دەستوەردانانە بکەن کە لە وڵاتەکەیاندا دەکرێت.